
ئەمڕۆ 12/9/2023 لە شاری هەولێر خولی یەکەمی دەرچوونی منداڵانی سەنتەری ئۆتیزم بەڕێوە چوو کە سەنتەرێکە لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دروست کراوە.
سەنتەرەکە لە ساڵی 2021 کراوەتەوە، پاشان بە هەماهەنگیی نێوان دەزگای خێرخوازیی بارزانی و مانگی سووری ئیمارات باڵەخانەی خۆی بۆ دروست کراوە.
لە ڕێوڕەسمی خولی دەرچوونەکەدا د. ڕەوشت ئاری، سەرپەرشتیاری سەنتەری ئۆتیزم، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، سەنتەرەکەیان کە بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراوە، خزمەتگوزاریی خۆڕایی پێشکەش بەو منداڵانە دەکەن و ئەمڕۆش کە خولی دەرچوونیانە، دەچنەوە ناو پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن و لە ساڵانی ڕابردووشدا 30 منداڵی تر گێڕدراونەتەوە بۆ خوێندن.
گوتیشی: لەگەڵ بوونی سەنتەرێکی وەها پێشکەوتوو کە ئێستا گرنگترین و فراوانترین سەنتەری ئۆتێزمە لە عێراقدا. بەڵام هێشتا پێویستمان بە کۆمەڵێک لایەنی هاوکاری هەیە، بەتایبەتی هەڵمەتی هۆشیاری و داڕشتنی یاسایی و گۆڕینی پڕۆگرامی پەروەردەیی بۆ ئەو منداڵانە.
زەکیە سەید ساڵح، بریکاری وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان گوتی: هەنگاوی کردنەوەی سەنتەرێکی لەم شێوەیەی ئۆتیزم دەبێتە قۆناغێکی دیکەی خزمەتگوزاری بۆ ئەو چینەی کە نابێ لە کۆمەڵگە جیا بکرێنەوه.
گوتیشی: لە ساڵی 2013 یەکەمین سەنتەری ئۆتیزم لە پارێزگای دهۆک کراوەتەوە، ئێستاش شەش سەنتەری چارەسەری ئۆتیزم سەر بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەن کە 180 منداڵیان تێدایە. لە کابینەی نۆیەمیشدا 38 سەنتەری تایبەت مۆڵەتیان پێ دراوە کە 1400 منداڵانیان تێدایە.