دەربارەی ئەو سکاڵایەی دژی وەزیری بازرگانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق تۆمار کرابوو کە داوای گەڕاندنەوەی کۆی پارەی کۆبۆنی خۆراک (بایەعی) دەکات لە 1-1-2004 بۆ 30-9-2021، دادگای ناوبراو ئەو داوایەی رەتکردەوە بە هۆکاری ئەوەی ئەو پرسە لە بودجەی ساڵی 2023-2025 بڕێنراوەتەوە و پێویستیی بە فەرمانی دادگاکە نییە.

بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی کاڵاکانی خۆراک (الشرکه‌ العامه‌ لتجاره‌ المواد الغژائیه‌)، بە ژمارە (216/فیدراڵی/2022) سکاڵایەکی لە دژی وەزیری بازرگانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانیی هەولێر تۆمار کردبوو بۆ گەڕاندنەوەی پارەی هەموو ئەو کاڵا خۆراکییانەی لە رێی کۆبۆنی خۆراکەوە بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیان دراوە لەنێوان ساڵانی (2004-2021).

رۆژی دووشه‌ممه‌ 4ی ئه‌یلولی 2023، رۆژی مورافەعە و بڕیاردان بوو لەسەر یەکلاکردنەوەی ئەو سکاڵایە بە چەسپاندن یان رەتکردنەوەی، هەر بۆیە دادگای باڵا بە دەرکردنی بڕیارێک سکاڵاکەی رەتکردەوە.