کۆمپانیای DNOـی نەرویجی ئاشکرایکرد، بەشێكی بەرهەمهێنانی نەوتی لە هەرێمی کوردستان لە کێڵگەی نەوتی تاوکێیە دەستپێکردووەتەوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی ئەمڕۆی DNO، ئەو بڕە نەوتەی کە بەرهەمی دەهێنێت بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان بەکاردەهێندرێت و بە نرخێکی کەمتر بەراورد بە رابردوو لە بازاڕەکانی ناوخۆ مامەڵەی پێوە دەکرێت.
DNOـی نەرویجی رایگەیاند، بەشێكی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی تاوکێیە لە مانگی رابردوو دەستیپێکردووەتەوە و بە نرخێکی کەمتر لە بازاڕی دەرەوە، بە کۆمپانیاکانی ناوخۆ دەفرۆشرێت.
گوتیشی: کێڵگەی تاوکێیە رۆژانە نزیکەی 40 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و بەشێکی لەرێگەی تەنکەرەوە بە کۆمپانیا ناوخۆییەکان دەفرۆشرێت.
بیژەن رەحمانی، بەرێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دی ئێن ئۆ رایگەیاندووە، لەکاتێکدا هیوایەک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەڕێگەی بۆریەوە نییە، چاویان لەوەیە بەرێگەی تانکەر نەوتەکە بگوازنەوە.
کۆمپانیای دی ئێن ئۆ کۆمپانیایەکی نەرویجییە و دوای چوار مانگ لە راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی نەوتی تاوکێ دەستی بە بەرهەمهێنان کردەوە، ئێستاش رۆژانە 40 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت.
له 25ی ئاداری رابردووهوه تا ئێستا ههناردهكردنی نهوتی ههرێمی كوردستان له رێگهی بهندهری جهیهانی توركیا وهستاوه و بەهۆی ئەمەوە بەشێك لە کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان خەرجییەکانیان کەمکردووەتەوە و چاوەڕێی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکەن.