كوردستانی نوێ.. دیسان…؟!!

610

سەردار حوسێن
لە زۆر دەزگای میدیایی، ئەگەر میدیاكار و رۆژنامەڤانەكانیشیان شارەزایی یاساییان نەبێت، ڕاوێژكاری یاساییان هەیە و ئەركی ئەو راوێژكارەش ئەوەیە ببێتە فلتەرێك كە نەهێلێت سەرپێچی یاسایی بەسەر دەزگاكەدا تێپەربێت، بەڵام كوردستانی نوێ كە زمانحاڵی یەكێتی نیشتیمانیی كوردستانە، وەك هەمیشە و بەردەوام، هەم خۆی سەرپێچی یاسایی دەكات و هەمیش ئەوانەی بۆی دەنووسن.

كوردستانی نوێ لە ژمارەی رۆژی 16ـی ئابدا، باسی كەیسی چەند حوكمدراوێكی دەڤەری بادینان دەكات، كە بە تۆمەتی ئەمنیی جیاجیا لەلایەن دادگاوە سزادراون و (بە قسەی كوردستانی نوێ حكوومەتی هەرێمی كوردستان سزای داون)، لە كاتێكدا هەموومان دەزانین حكوومەت دەسەڵاتی سزادانی هیچ كەسێكی نییە، جگە لەو رێكارە كارگێڕییانەی دەرحەق بە فەرمانبەرانی خۆی دەیگرێتەبەر و ئەوەیش كار و ئەركی هەموو حكوومەتێكە، بۆیە پێویست بوو كوردستانی نوێ و شڕەنووسەرەكانیان ئەوە بزانن، كە ئەوەی سزای یاسایی تۆمەتبار دەدات، تەنیا یاسا و دادگا و دادوەرە، ئەویش بەپێی یاسا بەركارەكان.

ئینجا وا گریمان سزادراوەكان رۆژنامەوان یان چالاكوان بن، چی تیایە؟ بۆچی رۆژنامەوانیش دواجار هاووڵاتی و تاكێكی ئەم كۆمەڵگەیە نییە و ناكرێ تاوانبار بێت؟ ئایا دەكرێ رۆژنامەوان سیخوڕی بۆ دەزگا و دامەزراوەیەكی نانیشتیمانی بكات و دەستخۆشیشی لێ بكرێت؟ ئایا دەكرێ چالاكوان دەستكێشی بۆ هێزێكی لادەر بكات و پاداشتیش بكرێت؟ دەی ئەگەر چاوپۆشیمان لەوانە كرد، كۆمەڵگە بەرەو چ ئاقارێك دەڕوات و نیشتیمان لە چ گێژاوێك دەئاڵێت..؟!!

كوردستانی نوێ هەر بەوەش ناوەستێت و هاتووە سووكایەتی بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات و بازاڕیانە قسە ریز دەكات و هەر دەڵێی لە لاتوپاتخانەكانی دونیاوە خەڵكی هاوردە كردووە بۆ جنێودان بە پاساوی (سەكۆی ئازاد و وتارنووسین)، جنێودان و تەشهیركردنیش بە كێ..؟! بەم حكوومەتەی كە جێگری سەرۆك وەزیرانەكەی بەڕێز قوباد تاڵەبانییە و تیمێكی فراوانیش لە وەزیر و وەكیل وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و..هتد، لە پێكهاتەی ئەم حكوومەتە هەن و هەموویان لە هەڤاڵانی یەكێتین و ئەگەر قەرار بێت جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگا و سەروەریی یاسا حوكمی دەوارنشین و داپلۆسێنەرانە بێت (وەك ئەوەی كوردستانی نوێ نووسیوویەتی) كەواتە نیوەی ئەم حوكمڕانییە لە ئەستۆی حزبەكەی خۆیانە..!!

كوردستانی نوێ هەر بە پەلاماردانی حكوومەت و دادگا و یاسا ناوەستێت، لە هەمان ڕۆژ و ژمارەیدا پەلاماری پارتی و دواتریش تەواوی هەرێمی كوردستان دەدات، بە ڕادەیەك كە 92.73%ـی دانیشتووانی كوردستان بە هەڵە دەناسێنێت و دەڵێت (ڕیفراندۆم هەڵەیەكی ستراتیژی پارتی بوو)، (پارتی درزی خستە ناو ماڵی شیعە)، (یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە خەونێك بووە و پارتی دوایخست)، (قەوارەی هەرێمی كوردستان لە لێواری لەناوچووندایە)، (ڕەنگە كونسوڵخانەكان نووسینەگەكانیان لە هەولێر دابخەن)، ئەوانە و چەندین قسەی دیكەش، كە هەلبەستراوی خوودی ئەو رۆژنامەیەن و جگە لەخۆیان كەس نازانێت مەبەست و ئامانجیان لەم قسانە چییە، بەڵام بەگشتی ریفراندۆم شانازی میللەتێكە نەك هەڵە، ستراتیژیەتی پارتی لەوە قوڵتر و دووربینانەترە كە چاوی كزی هەندێ كەس بیبینێت و لێی تێبگات، كونسوڵخانەكانیش لە كردنەوەی نووسینگەكانیان پرسیان بە كوردستانی نوێ نەكردووە، تا لە داخستندا ئاگاداریان بكەنەوە، یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كردارە نەك خەون، ئەگەرچی كوردستانی نوێ و حزبەكەیشیان، زۆر شتی گرنگتریان بە (خەون) ناودێر كردووە، كە ئێمە بە ئامانجی دەزانین و بەردەوامیش بۆ بەدیهێنانی دەوڵەت و سەربەخۆیی تێدەكۆشین و هەرگیز پاشگەز نابینەوە.