سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامی پیرۆزبایی بۆ قوتابییە یەکەمەکانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەنێرێت و وەزیری پەروەردەش پێی راگەیاندوون کە لەگەڵ یەکەمەکانی هەرێمی کوردستان خەڵات دەکرێن.

رۆژی هەینی (11ـی ئابی 2023)، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە نوێنەرایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە پیرۆزبایی جەنابیانمان گەیاندە قوتابییە یەکەمەکانی (یەکەم و دووەم و سێیەمی بەشەکانی زانستی و وێژەیی) خوێندنی کوردی لە کەرکووک.

ئالان حەمە سەعید ئاماژەی بەوەشکردووە، پیرۆزبایی لە هەموو دەرچووان دەکەین، بە هیوای ئەنجامی باشتر بۆ ئەو قوتابی و خوێندکارانەی لە خولی دووەم تاقیکردنەوە دەدەنەوە.