سوورە مەرگەیی
پاراستنی ئەو ئەزموونە کە بەری رەنجی دەیان ساڵ خەبات و قوربانیدان و خوێنی هەزاران شەهیدە، ئەرکی سەرشانی هەموو حزب و لایەنەکانی کوردستان و تەنانەت تاکی کوردیشە، هەر کەس و لایەنێکیش بە هەر پاساو و بیانوویەک خۆی لەو راستییە بدزێتەوە، دەکەوێتە ناو زەلکاوی خیانەت و بەر نەفرەتی مێژوو، لەگەڵ بوونی ئەو راستییەش زۆر کەس و حزب و لایەن نەک هەر پاراستنی حکومەتی هەرێم بە ئەرکی خۆیان نازانن، بەڵکو رووخانی بە ئەرکی سەرشانی خۆیان دەزانن، بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوام کێشە درووست دەکەن و ناوە ناوەش لە رێگەی راگەیاندنەکانیان و لەسەر زاری بەناو رۆشنبیر و شرۆڤەکارەکانی خۆیان، هەواڵی نزیک بوونەوەی رووخان و مەرگی حکومەتی هەرێم رادەگەیەنن، رەنگە کەسانێک سەریان لەوە بسوڕمێ و بپرسن: چۆن کەسان و حزب و لایەنی ئاست نزم و خۆفرۆشی وا هەن کار بۆ رووخانی حکومەتی هەرێم دکەن، ئەگەر هەن بەڵگەت چییە؟.
زۆر بە سادەیی وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەینەوە و دەڵێین: سێ چوار رۆژ دوور لە لایەنداری و بەڵام کوردانە گوێ لە راگەیاندن و راوبۆچوونی رۆشنبیر و شرۆڤەکاری هەموو حزب و لایەنەکان بگرن، ئەگەر رۆشنبیرێک، یان شرۆڤەکارێکی بێلایەن، تەنانەت رۆشنبیر و شرۆڤەکارەکانی خۆشیان، ئەگەر بە ڕێکەوتیش باس لە گرنگیی پاراستنی حکومەتی هەرێم بکات، وەک ئەوەی تاوانێکی گەورەی ئەنجام دابێ دەیخەنە ناو سێرەی پەلاماردان و تەخوینکردن، بۆ ئەو مەبەستەش تۆمەتی پارتی بوونی دەدەنە پاڵ و دەکەونە پەلاماردان و ناوزڕاندنی، ئەوە لە کاتێکدایە هەموومان و تەنانەت دوژمنانیش لەسەر ئەوە کۆکین، کە ئەو ئەزموونەی بە خوێن و خەبات و قوربانیدان هاتۆتە بەرهەم، بە کۆدەنگی و یەکڕیزیی ناوماڵی کورد دەپارێزرێ، ئەو سیاسەتەی ئەوانیش گرتوویانەتەبەر، کۆدەنگی لەباردەبا و یەکڕیزیی ناوماڵی کوردیش پەرشوبڵاو دەکات.
خاڵێکیتر کە پێویستە ئاماژەی بۆ بکرێ.. پاراستنی حکومەتی هەرێم لە سیاسەت و هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستاندا رەنگی داوەتەوە، ئەو حزب و لایەنانەی کەوتوونە بەر تەوژمی دەستکەوتی کەسی و حزبیش، دەستکەوتە کەسی و حزبییەکانیان لای دوژمنان و داگیرکارانی کوردستانن، ئەو ئەزموونەش بۆتە گرێی سەر دڵی دوژمنانی کورد و داگیرکارانی کوردستان، لێرەوە حزب و لایەنەکانی وێڵبوو بە دوای دەستکەوتی کەسی و حزبی و، دوژمنانی کورد و داگیرکارانی کوردستان، لە وێستگەی دژایەتیکردنی سەرۆک بارزانی و پارتی و حکومەتی هەرێم یەکدەگرنەوە.