خەبات: هاوار مورتكەیی:- ڤلادیمێر مادۆرسكی یاریزانێكی لاوی یانەی كیێڤ دۆسینتۆ و هەڵبژاردەی كاراتێی ئۆكراینایە، ئەو هێشتا تەمەنی تەنها 16 ساڵە بەڵام خاوەنی چەندین دەسكەوتە لەسەر ئاستی ئۆكراینا و ئەورووپا، لاپەڕەی وەرزشی رۆژنامەی خەبات لە دەرفەتێكدا ئەم دیمانەیەی لەگەڵ ئنجامدا.

سەرەتا ڤلادیمێر مادۆرسكی لەبارەی ژیانی خۆیەوە دەڵێت: لە كانوونی دووەمی 206 لە كیێڤی پایتەختی ئۆكراینا لەدایك بووم و ئێستا قوتابی پۆڵی یازدەم. هەروەها دەڵێ: لەبەر ئەوەی كاراتێی شۆتۆكان پەیوەندی بەتەكنیكەوە هەیە نەوەك توندو تیژی بۆیە خولیای ئەو یارییە بووم، بەردەوام بووم تا ئەكاتەی چوومە یانەی كییڤ دۆسینتۆ كە ئێستا لە ریزبەندی یەكەمی یانەكانی ئۆكراینا دێت، هەروەها لەریزی هەڵبژاردەی وڵاتەكەم یاری دەكەم.

تەماحم زۆر هەیە
ڤلادیمێر لەبارەی بەشداری و دەسكەوتەكانی دەڵێت: یەکەم پێشبڕکێی ناوچەییم، کاتێک بوو کە تەمەنم 10 ساڵ بوو، یەکەم پێشبڕکێ نێودەوڵەتییەکان لە تەمەنی 14 ساڵیدا بوو بەشداریم كرد، باشترین دەستکەوتم لەسەر ئاستی هەرێم، پاڵەوانی ئۆکرانیامە هەروەها لە پلەی دووەمی نێودەوڵەتی بووین لە پاڵەوانێتی جیهانی 2021 ، كە هەڵبژاردەی رۆمانیا پلەی یەكەمی بەدەستهێنا، ئاواتم زۆرە و تەماحم زۆر هەیە كە ئەنجام و دەسكەوتی باشتر بەدەست بهێنم.

توانای دۆڕانم نییە
دواتر ڤلادیمێر لەبارەی خۆئامادەكارییەكانی ئێستاوە دەڵێت: ئێستا خۆم بۆ پاڵەوانێتی جیهانی لە هەنگاریا ئامادە دەکەم، ئەگەر لە هەڵبژاردەی نیشتمانی وەرگیرام، ئەوا هەموو چانسێکم هەیە بۆ بردنەوەی مۆندیال و بەو پێیەی هەمووان ئاستی من دەزانن، من توانای دۆڕانم نییە، هیوامان زۆرە لەو مۆندیالە بەباشترین ئەنجام بگەڕێینەوە وڵاتەكەمان و سەربەرزییەك تۆمار بكەین.

شەڕ كێشەی زۆری بۆ درووست كردووین
لەكۆتاییدا ئەو یاریزانە لاوەی ئۆكراینا لەبارەی دۆخی وڵاتەكەی كە لەشەڕدایە گوتی: ئەو شەڕە كاریگەری لەسەر هەموو كایەكانی ژیان درووست كردووە، بەتایبەتیش بۆ وەرزش، ئەوكاتەی ڕووسەکان ناوچەی کیێڤیان بەجێهێشت، ئێمە دەستمان بە مەشق و ڕاهێنانەكان كردەوە، بەهۆی شەڕەوە کێشەی زۆرمان هەیە و بەتایبەتی لە ڕکابەریکردن لە پاڵەوانێتییەكان كە بەراستی زۆر قورسە، بۆیە لێرەوە داوا لە هەموو لایەک دەکەم هاوکاری ئۆکرانیا بکەن بۆ شکستپێهێنانی “مریشکی دوو سەر”.