ن: هاشم ساڵح
و: ڕەمزی میرەكانی
ئەم هاوینە زۆر چێژم لە خوێندنەوەی ژیاننامەی ڕامبۆ وەرگرت، كە لەلایەن توێژەر، ژان جاك لۆڤێرەوە نووسراوە. ئەمەش گەورەترین ژیاننامەی ئەم شاعیرەیە كە تاكو ئێستا دەركەوتووە، بەو پێیەی لە هەزار و دوو سەد لاپەڕەی گەورە زیاترە! هەر لەسەرەتاوە مرۆڤ مافی هەیە بپرسێت: ئایا شتێك لە ڕامبۆدا ماوە كە تاكو ئێستا نەمانزانیبێت؟ ئایا ئەو سەدان كتێبەی كە بە چەندین زمان، بەتایبەتی فەرەنسی و ئینگلیزی لەسەری نووسراون، بەس نییە؟ پاشان شاعیرێك كە (لە نێوان شانزە بۆ بیست ساڵ)دا، زیاتر لە چوار پێنج ساڵ زیاتر شیعری نەنووسیبێت، چۆن دەتوانێت تاكو ئەو ڕادەیە هەموو جیهان سەرقاڵ بكات؟ شاعیرێك كە دەتوانرێت شیعرەكانی لە كۆمەڵە شیعرێكی بچووكدا قەتیس بكرێت، چۆن تاكو ئەمڕۆكەش بەو بەهێزەییەوە ئامادەبوونی هەیە؟ نهێنی ئەم مەتەڵە سەرسوڕهێنەرە چییە؟ نووسەر لە سەر بەرگی دواوەی كتێبەكەدا دەڵێت: ئارسەر ڕامبۆ لە ساڵی 1854دا، لە شاری شارلڤیل لە باكووری فەرەنسا لەدایك بووە، لە ساڵی 1891یشدا، لە مارسیلیا مردووە، واتە تەمەنی سی و حەوت ساڵ زیاتر نەبووە. هەموو بەرهەمە شیعرییەكانی لە سەد لاپەڕە دایە. بەڵام هەرچەندە زیاتر لە سەدەیەك بەسەر مردنیدا تێپەڕیوە، بەڵام شیعرەكانی هێشتا هێزێكی هەڵچوونی گەورەیان بەسەر خوێنەراندا هەیە، هێشتا تازەگەرییەكی ڕاستەقینەیان هەیە، وەكو ئەوەی دوێنێ نووسرابن. بەرهەمە شیعرییەكانی دەكەونە دەرەوەی هەموو ئەدەبیاتێكی ناسراو، ڕەنگە لە سەرووی هەموو ئەدەبیاتێكی دەكرێشدا بن. شیعرەكانی دەكەونە دەرەوەی هەموو شیعرێك، شیعرێكی پوختە لە سەرووی هەموو شیعرێكەوە.

ئەو خۆشییەی كە لەم ژیاننامە نوێیەدا دەیدۆزینەوە ئەوەیە، نامە بەناوبانگەكەی ڕامبۆ كە بە (نامەكەی- ڕ) ناسراوە و بەم دواییە بە بڕی سێ ملیۆن فرەنكی فەرەنسی بە كتێبخانەی نیشتمانی فەرەنسا فرۆشرا! لە سێ چوار لاپەڕە تێپەڕ نادات. وەكو دەزانرێت دواتر بووە دەقی دامەزرێنەر و نیمچە پیرۆز بۆ تازەگەریی شیعری فەرەنسی، ڕاستییەكەی؛ لە دوو نامەی یەك لە دوای یەك پێكهاتووە، یەكەمیان ئاراستەی مامۆستاكەی جۆرج ئیزامبار و دووەمیشیان ئاراستەی پۆڵ دۆمنی هاوڕێیی كراوە، بەڵام لە كۆتاییدا یەك نامە پێكدەهێنن. تێیدا سەركۆنەی شیعری كۆن و ڕۆمانسیزمە كاڵبووەكەی دەكات و گەورەترین كودەتاش لە دژی شیعری فەرەنسی بەرپا دەكات. هەروەها دەست بە ئەدەبیاتی نوێ دەكات و هێڵە پانەكانی شیعری داهاتوویش دەكێشێت: واتە بۆ شیعری خۆی، بەڵام ئایا دەزانین كاتێك ڕامبۆ لە ساڵی 1871دا، ئەو نامەیە بۆ هاوڕێیەكەی دەنێرێت، نرخی پولی پۆستەی پێ نەبووە بیخاتە سەری، بۆیە هاوڕێیەكەی ناچار بووە پارەكەی بدات، تاكو بتوانێت وەریبگرێت؟ وا ئێستاكەش بە سێ ملیۆن فرەنكی فەرەنسی دەفرۆشرێت! ئەمە چیرۆكی نیگاركێش ڤان كۆخمان بیردەخاتەوە، كە تابلۆكانی ئێستا بە سەدان ملیۆن دۆلار دەفرۆشرێن، كەچی ئەو دەمی خەریكی كێشانیان بوو، لەبرسان قۆڕەی زگی دەهات!، هەرچۆنێك بێت، ڕامبۆ؛ لەم نامە بەناوبانگەیدا، خۆی لەگەڵ زۆربەی شاعیرانی پێشوو یان هاوچەرخ یەكلایی دەكاتەوە و داوای دەستپێكێكی نوێیان لە نووسینی شیعر لێ دەكات، لێرەوە دەتوانین لە ڕستە بەناوبانگەكەی بگەین: دەبێت بەلێبڕاوەیی تازەگەر بین.

پێویستە لەگەڵ ڕابردووی شیعر و پەخشان بیبڕێنینەوە. پێویستە نووسینێك تاقی بكەینەوە، كە پێشتر قەت تاقی نەكرابێتەوە. مێژووی شیعر، شۆڕشێكی ڕیشەیی بەو قەبارە و ئاستەی بەخۆوە نەدیوە، ڕامبۆ ئەم شۆڕشە ڕیشەیە شێتانەیەی بەسەر خۆیدا پیادە كرد، كاتێك داوای لە هاوڕێیەكەی كرد، یەكەم دیوانە شیعری بسوتێنێت – یان بدڕێنێت- كە لەلای ئەوی دانابوو! خۆشبەختانە بە گوێی نەكرد، ئەگەر بە گوێی كردابا، كارەساتێكی ڕاستەقینە، تاوانێك ڕووی دەدا! ئەگەر ئەو كارەی كردبا، هەندێك لە باشترین شیعری فەرەنسیمان لەدەست دەدا.

شاعیری پەراوێزخراو، پۆڵ دۆمنی، ناوی چووە ناو مێژوو، تەنیا لەبەر ئەوەی یەكەم دیوانی ڕامبۆی نەدڕاند: شیعرە ناسكەكانی. هەزار جار سوپاسی دەكەین. هەر لەبەر ئەم هۆكارە خۆی لە مێژوودا جاویدان كردووە. ئەو شانازییەی بەسە كە شیعرەكانی پاراست، یان بەلایەنی كەمەوە فڕیی دایە ناو تاقە كۆنەكانی، بێ ئەوەی گرنگییەكەی بزانێت. بەڵام كاتێك دوای چەندین ساڵ هەستی بە گرنگییەكەی كرد و زانی خاوەنی گەنجینەیەكی بەنرخە لە ماڵەكەیدا، لەگەڵ دەزگاكانی چاپ و بڵاوكردنەوەدا، دەستی بە مامەڵەی دارایی كرد، بۆ ئەوەی قەرزەكانی پێ بداتەوە.

ئەو دەم ناوبانگی ڕامبۆ دەستی بە پەیداكردن و بەرە بەرە هەڵشكان كردبوو، تاكو هەموو ئاسۆی گرتەوە و بەسەر هەموو ناوبانگییەكانی تردا كەوت، هەندێك پێیان وایە كە مانیفێستی شیعری نوێ، واتە پەیامەكەی (ڕ)، تەنیا (درەوشاوەكان) دەگرێتەوە، كە ڕامبۆ تێیدا خۆی بە تەواوی لە كۆتەكانی كێش و سەروا و دوای ئەوانیشەوە ڕزگار دەكات، گەیشتە ئەو شیعرە ڕەهایەی كە هیچ شیعرێك لە دواوەی نییە، بەڵام چی لە (وەرزێك لە دۆزەخ) بكەین؟ چی لە شیعرە سەروو سروشتییەكانی وەك بۆهیمی، مەیخانەی سەوز، هەستەكان و ئەوانی تر بكەین؟ كە لە نووسینە بەراییەكانیەتی، دەتوانین وەرزێك لە دۆزەخ، بە پەخشانەشیعر لەقەڵەم بدەین، سەبارەت بە شیعرە یەكەمەكانیشی، كە ناوی هەندێكمان هێنا، هێشتا بە دوای كێش و سەروادا كەوتوون.

دڵسۆزی ستوونی شیعری فەرەنسی بوون، ڕاستییەكەی ڕامبۆ، وەكو ڕەخنەگر سوزان بێرنارد دەڵێت، لە هەموو قۆناغێكدا خۆی لە كۆتە تازەكان ڕزگار دەكرد، تاكو دواجار بە شێوازێكی شیعریی ئازاد لە هەموو كۆتەكان گەیشت. هەموو كۆت و زنجیرەكانی داكەند و شیعر لە كنی بووە هەوایەكی هەڵكردوو، گومانی تێدا نییە كە (درەوشانەوەكان) بەرجەستەی ئەم شێوازە شیعرییەن كە ڕامبۆ، هەر لە سەرەتاوە بە ئاگایی یان بێ ئاگاییەوە بەدوایدا دەگەڕا، بەڵام تەنیا لە كۆتایی كاروانە شیعرییەكەیداپێی گەیشت، ئەمەش شتێكی ئاساییە: ڕزگاربوون لە هەموو كۆتەكان كارێكی ئاسان نییە و بە یەك كەڕەت ناكرێت، بەڵكو بە چەند قۆناغێك دەكرێت.

نووسەر سەرنج دەدات، ئەو تیۆرە شیعرییە نوێیەی كە ڕامبۆ دایهێنا، كاریگەریی بەسەر شاعیرانی نەوەی خۆیدا نەبوو و تەنانەت بە هیچ شێوەیەك نەشیان بیستبوو! ئەمە بۆ ئێمەی هاوچەرخ خەریكە باوەڕپێنەكراو بێت. بەڵام ئەدی پێشەنگەكان بەردەوام پێش كاتی خۆیان نایەن؟ كێ لە كاتی خۆیدا گرنگی نیچە، یان هۆڵدەرلین، یان كافكا، یان ڤان كۆخ یان شێتەكانی دیكەی دەزانی؟ نزیكەی هیچ كەس، بەڵام شاعیرانی سەدەی بیستەم (پەیامی-ڕ)یان بە ئینجیلی تازەگەریی شیعری فەرەنسی و تەنانەت جیهانیش دەدانا. ڕێك دەستیان پێوەی دەگرت. وەكو: سریالییەكان.

ڕامبۆ؛ وەكو دەزانین پێش ئەوەی یەك پیتە شیعریش بنووسێت، بانگەشەی هەژاندنی هەموو هەستەكان و ڕۆچوونی لە هەموو ئەزموونەكانی ژیانی بۆهیمی و هەڵچوونی شێتانەی دەكرد. سریالییەكانیش، پیت بە پیت دەستیان بە پیادەكردنی تیۆرەكەی كرد و هەموو شێوەكانی لادان و شێتیان لەسەر شەقام و قاوەخانەكانی پاریس ئەنجام دەدا، بەمەش ڕای گشتی و ڕەوشتی پارێزگاری باویان لە خۆیان تووڕە كرد. زۆر جاریش لە قاوەخانەكانی پاریس لەگەڵ یەكتری یان لەگەڵ كەسانی دیكەدا بەشەڕ دەهاتن و كوپ و دەفریان دەشكاند. ئەمانەش شەڕی داڕێژراون بوون و بێجگە لە تێكدان، ئەزموونكردن و پێشێلكردنی هەموو یاسا كۆمەڵایەتییەكانی بۆرژوازی فەرەنسی كە لە ڕادەبەدەر بە ئەدەب بوون، هیچ ئامانجێكی تریان نەبوو. بەڵكو بەو ئاستە گەیشتن، كە بە مردوویی و لەناو كفنەكەیدا بچنە كن نووسەری بەناوبانگ (ئەناتۆل فرانس) و یەك دوو شەق لە هەردوولا ڕوومەتی بدەن، پاشان لە بەردەم سەرسوڕمانی ئامادەبووان بێنە دەرەوە، كە باوەڕیان بە چاوی خۆیان نەدەكرد. بێجە لە سوریالییەكان، كێ دەتوانێت ئەو كارە بكات؟ بەڵام بێگومان ئەم شۆڕشە مەزنەی سوریالییەكان، لایەنی دیكەی هەیە، كە هۆشیاریی ناخی لە هەموو كۆتەكانی ئایینی ستەمكارانە و نەریتە كۆمەڵایەتییە خنكێنەرەكان ڕزگار كرد و وای لێ كردن بتەقنەوە. پاشان دواجار بە نووسینی ئۆتۆماتیكی، واتە ئازادی بەرەڵای سەربەست گەیشتین، كە هیچ ئازادییەك لە دوای ئەودا نییە.
سەرچاوە: www.aawsat.com