ڕوکار شێخ تەها
هەندێک کەس هیچ کاتێک مێژوو ناتوانێت ناویان ون بکات. چونکە لە دوایی خۆیان مێژووێکی جوانیان بەجێ هێشتووە، مرۆڤ هەم لە ڕووی دێت باسیان بکات، هەم جێگای شانازین بۆ نیشتمان و نەتەوەكەیان، یەکێک لەم مرۆڤانە، شەهیدی سەرکردە و فەرماندە ملازم سەید کەریم شێخ سەلام، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان. شۆڕشگێڕەکەی شاری هەڵمەتی و قوربانی، ئەو مرۆڤەی، کە هەموو خولیا و ئاواتی کوردستانێکی ئازاد و گەلێکی بەختیار بوو.
شەهید لە بنەماڵەیەکی سەربەرز و شۆڕشگێڕ و ئازا و بەجەرگی ئەم نیشتمانە گەورە بوو، لەسەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، لە ڕێزەکانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان دەبێت و لە ساڵی 1968 لە کۆلێژی ئاداب وەردەگرێت، بەڵام شەهید دوای ساڵێک، خوێندن جێ دێڵێت و پەیوەندی دەکات بە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە سەرکردایەتی باوکی ڕوحی نەتەوەیی کورد مەلا مستەفا بارزانی.
دوای ڕێککەوتننامەی 11 ئازاری ساڵی 1970 شەهید ملازم سەید کەریم شێخ سەلام، یەکێک بوو لەو قوتابیانەی کە کۆلێژی پۆلیس لە بەغداد .وەرگیران لەگەڵ کۆمەڵێ هەڤاڵی تر، دوای پاشگەزبوونەوەی حکوومەتی عێراق لە ڕێککەوتننامەی 11ی ئادار، دەبێتە جێگری ئامر بەتالیۆنی لە هێزی ئەزمەڕ، لەکاتی پلانە شوومەکەی جەزائیر بەشداری چەندین نەبەردی دەکات. لە شەڕی (گهرووی هۆمهرئاغا) بەسەختی بریندار دەبێت. لەساڵی 1975 لەگەڵ چەند هەڤاڵێکی (پاسۆک) دادەمەزرێنن و لەناو پاسۆک درێژە بە کوردایەتی ئەدات.
هەمیشە وەکو چرایەک بۆ شەوە زەنگەکان و تاریکەکان بووە، ئومێد بۆ ڕۆژگارە تاڵەکان و خۆنەدان بەدەستەوە بۆ کاتی بێ هیوا بوون. هەر وەکو دوای نسکۆی شۆڕش، شەهید خۆی و هاوبیرەکانی چرایەکی تریان داگیرساند و بەو دروشمی کورد زیندووە دووبارە دەستیان بەخەبات کردووە، (پاسۆک) یان دامەزراند، دوایی شەهید بوونی(ئازاد مستەفا) سکرتێری پاسۆک دەبێتە کارگێری مەکتەبی سیاسی پاسۆک تا یەکگرتنی هەرسێ حزبی (حسک و پاسۆک و پارتی گەل).
شەهید ملازم سەید کەریم شێخ سەلام لە کۆنگرەی یازدەی پارتی دیموکراتی کوردستان کە بە کۆنگرەی یەکگرتن ناسێندرا بوو، وەکو ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی لقی چواری هەڵبژێردرا، توانی خزمەتێکی باشی خەڵکی کوردستان لەم ڕێگەیەوە بکات، بێجگە لەوەی وەکو سەرکردەیەک و فەرماندەیی لێهاتووی جەنگ. هاوکات سیاسیەکی کارامە و لێزان و لێهاتوو بوو، ملازم سەید کەریم شێخ سەلام مرۆڤێکی لەسەرخۆ و هێمن لەکاتی کارکردن و خاوەن ڕوئیا و دەبڕینی جیاواز بوو.
هەمیشە وەکو هەڤاڵان و تێکڕای خەڵک باسی ئەکەن مرۆڤێکی نیشتمانپەروەر و دەست پاک و خاوێن بۆ نیشتمان و نەتەوەکەی، بیری نەتەوەیی و نیشتمانی لای هەڤاڵ و هاوسەنگەرەكانی هەمیشە کوردانە و جوامێرانە بووە، دژی شەڕی براکانی بووە هەرگیز باوەڕی بەوە نەبوو چەک بەرامبەری براکەی خۆی ڕابگرێت، لەسەر بیر و باوەڕی جیاواز.
بەداخەوە ئەوەی شەهید باوەڕی پێ نەبوو کە شەڕی براکان بوو، حەیف و مخابن لە ڕۆژی (1995/7/31) لە میحوەری زیارەت بریندار کرا. لە پێناو بەرگریکردن لە شەرعیەت، لە ڕێکەوتی (1995/8/1) گەیشتە کاروانی هەرگیز نەمرانەوە، هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی شەهید ملازم سەید کەریم شێخ سەلام و سەروەری شەهیدان بارزانیی نەمر و کاکە ئیدرسی جوانە مەرگ.

