وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە ناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان،بڵاوکردەوە، کە تێیدا ئاماژە بەوە دەکات، “تا ئەم ساتە هیچ بڕە پارەیەک لەلایەن حکومەتی عێراقەوە نەخراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێم و لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق”.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە (1ـی ئابی 2023)، لە راگەیاندراوێکدا، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد،” دوای ئەوەی لە چەندین میدیا و پەیجی سۆشیال میدیا هەواڵی ناردنی بودجەو مووچەو شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بڵاو کرایەوە، وەزارەتی دارایی و ئابووری روونی دەکاتەوە، کە تا ئەم ساتە هیچ بڕە پارەیەک نەخراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردتسان.”.
لە راگەیاندراوەکەدا، وەزارەتی دارایی و ئابووری باس لەوەشدەکات، لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق و هیچ دام و دەزگایەکی حکومەتی عێراقەوە هیچ شتێکی فەرمیمان بەدەست نەگەیشتووە سەبارەت بەناردنی بودجەو شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان،
هاوکات ئاماژە بەوەش دەکات، هەر کات هەر بڕە پارەیەک خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی بەڕەسمی و شەفافانە کات و بڕەکەی ڕادەگەیەنین.
هەر لە میانەی راگەیاندراوەکەدا وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردتسان ئەوەش خراوەتەڕوو “تکاتان لێ دەکەین متمانە بەو کەناڵ و سایت و پەیجانە مەکەن کە رۆژانە نابەرپرسیارانە یاری بەهەست و سۆزی فەرمانبەران و مووچە خۆران دەکەن و هەواڵی ناڕاست و چەواشەکارانە لەسەر دابەشکردنی مووچە بڵاو دەکەنەوە، بۆ دەستکەوتنی هەواڵی راست و دروست لەسەر کاتی دابەشکردنی مووچەو هەر بابەتێکی تری فەرمی پشت بە راگەیاندن و کەناڵە فەرمیەکانی حکومەت و وەزارەتی دارایی ببەستن”.