خەبات: هێمن ئاری:- مام عەلی قادر دۆڵە بەکرەیی خاوەنی تۆمارگەی هەولێرە، نزیک بەنیو سەدە دەبێت لەشاری هەولێر تۆمارگەی هەیە، وەک خۆی دەڵێت: تا هێز و توانای مابێت بەردەوام دەبێت هەم وەک پیشە هەم وەک بژێوی ژیان ڕۆژانە لەدوکانەکەیدا ڕۆژ ئاوا دەکات.
تۆمارگەکان لەسەدەی ڕابردوو
مام عەلی لە دەستپێکدا بۆ ڕۆژنامەی خەبات باسی لەسەرەتای دانانی تۆمارگەکەی کرد و گوتی: سەرەتای دانانی ئەم تۆمارگەیەم دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1975 ، پێشر چەند تۆمارگەیەکی دیکە هەبوو لە بازاڕی حەنان و دەڵاڵخانەی کۆن ، وەک تۆمارگەی عەبدول لەتیف ، عەبدوڵڵا برادۆست ، سابیر گەردی ، کاک پیرباڵ و کاک یاسین … هتد
هونەری جاران وەک ئێستا نەبوو
مام عەلی باس لە فرۆشی بەرهەمەکانی ئەو کات کرد و گوتی: ئەو کات باوباوی هونەرمەندە کۆنەکان بوو، وەک حەسەن زیرەک و تاهیر تۆفیق و تەحسین تەها و فواد ئەحمەد و مشکۆ و حەسەن حەیران و عوسمان حەیران و کاوێس ئاغا و .. قادر کابان و ئیبراهیم خەبات و کەریم کابان و قادر زیرەک، محەمەد جەزا… دواتر چەند گۆرانیبێژێکی دیکە پەیدابوون وەک جەلال سەعید و عارەب عوسمان و نیزام شوکر و عوسمان حوسێن.. لەعەرەبیەکانیش گۆرانییە ڕیفییەکان و سەعدون جابر و لیاس خزر و حەمید مەنسور و داخل حەسەن و فواد سالم و سەعدی حلی و .. هتد باسی لەوەش کرد ئەو کات هونەر سوقل و بەهای خۆی هەبوو ، کارەکان کاری جوان و ڕەسەن بوون، هونەرمەند کارێکی هونەری کردبا دەبووا بەچەند فلتەرێک تێپەڕبێت هەفتەک یان زیاتر لای لیژنە دەمایەوە تا بزانن چی تێدایە دژ دەسڵات بێت، وەک ئێستا نەبوو هەر کەس بۆ خۆی بەرهەم بڵاوبکاتەوە .. هونەری ئەوکات بەمانای هونەر هونەربوو ..
تەمەن و هونەر
عەلی قادر ئێستا تاکە تۆمارگەیە لە هەولێر زۆرترین بەرهەمەکانی پێشووی لا دەست کەوێت و بەشێکی زۆریشی خستۆتە سەر سیدی، وەک خۆی ئاماژەی بۆ دەکات تەمەن تاقەتی لێ سەندووە و وەک جاران توانای نەماوە، دەشڵێت: حەزەکەم وایکردووە تا ئێستا بەردەوام بم، ئەگەرنا تۆمارگەکانی سەردەمی من جگە لەکاک عەبدوڵڵا برادۆستی و کاک عەبدول لەتیفی خاوەن تۆمارگەی حیکمەت کەسیان نەماون ، ئاماژە بەوەدەکات دوای تێکچوونی بازاڕی دەڵاڵخانە تۆمارگەکان تێکچوون، بەشێک لە بەرهەمی ئەوانیش من لێیانم کڕیوونەوە.
هونەر و زیندان و سێدارە
خاوەنی تۆمارگەی هەولێر دەڵێت: جاران کە هونەرمەندێک بەرهەمێکی تۆمار دەکرد خۆی نوسخەی بەسەر تۆمارگەکان دابەش دەکرد. دەشڵێت: بەدەستکەوتنی بەرهەمی عەرەبی زۆرجاران دەچووم بۆ پارێزگاکانی باشووری عێراق نوسخەم دەهێنا، هەروەها بەقاچاغیش بەرهەمی فارسی و هونەرمەندانی ڕۆژهەڵات دەهات، باس لەوەش دەکات بەهۆی دەسەڵاتی ئەوکاتی بەعس هەندێ بەرهەم هەبوو قەدەغەبوو، زۆرجاران گەنج هەبووە لەسەر کاسیەت و بەرهەمەکان زیندانی دەکران و بگرە لە سێدارەش دەدران..
20 هەزار کاسیەت
مام عەلی ئێستا تۆمارگەی لە بازاڕی ئەربائیلۆیە بەرامبەر دەرگای قەڵا، لەتۆمارگەکەی نزیکی (20) هەزار کاسیەت هەیە بگرە زیاتریش وەک خۆی دەڵێت: بەهۆی نەبوونی شوێنەوە بەشێکی لەماڵەوە داناون، دەشڵێت: لەگەڵ پەیدابوونی ئەنتەرنێت و پێش کەوتنی تەکنەلۆژیا بازاڕی کاسیەت و سیدی کەم بووە ساڵ دوای ساڵیش کزتر دەبێت.
لەناوچوونی کلتور و میللەت
لە کۆتایشدا مام عەلی گوتی: بەداخەوە ئەوە ئەرکی حکومەت و وەزارەتی ڕۆشنبیرییە خەم لەو بەرهەمانە بخوات، تا بەدەردی بەرهەمەکانی کەناڵی تەلەفزیۆنی کەرکوک نەچێت، ئەو بەرهەمانە سەروەت و مێژووی ئەم میللەتەن ، پێویستە حکوومەت هەوڵبدات ییانپارێزێت، تا ئێستا ئەوەی لەتوانای من برادەران بووە پاراستوومن ،ڕەنگە دوای من کەسێک نەبێت بە بایەخەوە بیانپارێزێت و هەموو لەناو بچن، لەناو چوونی ئەو بەرهەمانە کەهونەرمەندان بەماندوبوون تائێرەیان هێناوە جێگەی داخە، چونکی نەمانی ئەم بەرهەمانە لەناوچوونی کولتوور و هونەر و ڕەسانەیەتی ئەم میللەتەیە!