خەبات: هێمن ئاری:- هونەری فۆتۆ هاوشێوەی هونەرەکانی دیکە هیچی کەمتر نییە لە هونەرەکانی دیکەدا . ئەو هونەرە ئەگەرچی مێژوویەکی زۆر کۆنی نییە بەبەراورد لەگەڵ بوونی مرۆڤایەتی و هونەرەکانی دیکە، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانییەوە ڕۆڵێکی گرنگی بینیووە لەهێشتنەوە و ئەرشیفکردن و گێڕانەوەی فلیمە دێکۆمێنتارییەکان. هونەرمەندانی ئێمەی کوردیش لەگەڵ پێشکەوتنەکانی دنیا و گۆڕانکارییەکان کەم تا زۆر توانیویانە ئەو حەز و خولیایانەی لەبوارە جیاکان هەیانە دەریبخەن. لەم چەند ساڵەی دوایی لە کوردستانیش کۆمەڵێک فۆتۆگرافەری بەتوانا پەیدابوون بەشێوەی جیاجیا سروشت و جوانیەکان و ئەوەی مەبەستیانە دەیخەنە زوومی کامیراکانیانەوە و نیشانی دەدەن.
دەستپێک و کاری فۆتۆیی لەسروشت
فۆتۆگرافەری لاو نیاز قارەمان سلێمان لەدایکبووی ساڵی 1995ی شاری مەخموورە، ئەو یەکێکە لەفۆتۆگرافەرەکانی ئەو دەڤەرە لەم چەند ساڵەی دوایدا توانیویەتی بەزوومی کامیراکەی سروشت جوانییەكانی ئەم دەڤەرە نیشان بدات و بەئەرشیفیان بکات، بەهۆی خولیا و سەلیقە جوانەکەی بۆ ئەم هونەرە بۆ ڕۆژنامەی خەبات چەند پرسیارێکمان ئارستەکرد،لەوەڵامی دەستپێک و هاتنە نێو بواری فۆتۆ گوتی:دەستپێکی چرکاندنی وێنەکانم بەکامیرا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2010 کە بە فۆتۆی سروشت و نیشاندانی جوانییەكانی ئەوم دەڤەرەبوو.
زانست و ئەکادیمی لەفۆتۆ
لەوەڵامی پرسیارێکی دیکەدا سەبارەت بە هونەری فۆتۆ کە هاوشێوەی هونەرەکانی دیکە بە ئەکادیمی دەخوێندرێت، یان ئەو کەسانەی حەزیان بۆ ئەو هونەرە هەیە بەشداری خول دەکەن، تۆ تاچەند لەم ڕووەوە پەرەت بەخۆتداوە؟ لەوەڵامی ئەو پرسیارەش گوتی: بەدڵنییاییەوە هونەری فۆتۆگرافیش وەک هونەرەکانی تر بە ئەکادیمی دەخوێندرێت، بەشێکیش لە فۆتۆگرافەران بەمەبەستی ئاشنابوونیان بە زانستی وێنەگرتن بەشداری خولەکان دەکەن . هەرچەند من لەماوەی ڕابردوو بەشداری هیچ خولێکم نەکردووە، بەڵام حەز و خولیای خۆم و سۆشیال میدیا هۆکار بوون تا پەرەی زیاتر بەخۆ بدەم لەڕووی هونەری وێنەگرتن.
سروشت و جوانی
سەبارەت بەوەی زیاتر گرنگی بەچ لایەنێکی هونەری فۆتۆ دەدەیت ، جوانی سروشت ،، کەسایەتییەکان ، مێژوویی …؟ بۆ ئەوەش نیاز قارەمانی فۆتۆگرافەر گوتی: لەڕووی کاری فۆتۆدا زیاتر حەز بە چرکاندنی وێنەی سروشت دەکەم و گرنگی بەو لایەنە دەدەم، ڕەنگە ئەو حەزەشم بگەڕێتەوە بۆ هەڵکەوتە و جوانی سروشتی ئەو ناوچەیە، بەتایبەتیش لەوەرزی بەهاردا سروشتێکی جوانی هەیە، سوپاس بۆ خوا تا ئاستێکی باش تواناکانم لەپێناو پیشاندانی سروشت و لایەنە جوانەکەی دەڤەرەکە بووە.
هەست و فۆتۆ
لەوەڵامی ئەو پرسیارەی خەڵکی ئێمە تاچەند ئاشنان بەهونەری فۆتۆ و تاچەند ئەو هونەرە هەستیان دەبزوێنێ؟ بۆ ئەوەش نیاز قارەمان دەڵێت: لەدواین پێشانگام کەلەنێو سەنتەری بازاڕی مەخموور کردمەوە چەند وێنەیەکی جۆراو جۆری لەخۆگرتبوو، ئەوەی تێبینیم کرد زۆرترین ئەو کەسانەی سەردانی پێشانگەکەیان کرد خەندە لەڕووخساریان بەدیدەکرا، ئەوەش سەلمێنەری ئەوەیە هونەری فۆتۆ کاریگەری بەهەست و نەستی بینەردا هەیە و چێژێکی تایبەتی دەبەخشێت بەبینەر.
کامیرا و مەخمور و داهاتوو
سەبارەت بەوەی دەتەوێت لەڕێی کامیراکەتەوە چی بڵێیت و چی بۆ نەوەکانی داهاتوو وەک ئەرشیف بهێڵیتەوە؟ نیاز قارەمان گوتی: خوازیارم ئەو خولیایەی هەمە و ئەوەی ئەنجامی دەدەم لەڕێگای پیشەکەم ببێتە هۆی ناساندنی زیاتری دەڤەرەکە، چونکی بەداخەوە لەم ڕووەوە دەتوانم بڵێم مخمور ناوچەیەکی هەژارە لەهەبوونی وێنەی ئەرشیفی بەبەردەراود لەگەڵ زۆرێک لەناوچەکانی دیکە، ئەو وێنانەی هەشن دەگمەنن و کەسانێک گرتوویانە و تاک تاکە وەک ئەرشیف ماونەتەوە.بۆیە دەمەوێت ئەوەی لەتوانام بێت لەمەودوا بیکەم و ئەو ئەرکە بخەمە سەرشانی خۆم.
سوپاس و سەرکەوتن
لەوەڵامی پرسیارێکی دیکەی ڕۆژنامەی خەبات چی بکرێت بۆ ئەوەی چاوی خەڵک لە هونەری فۆتۆ ڕابێت؟ بۆ ئەوەش نیاز قارەمان دەڵێت: خەڵک زیاتر بەشداری پێشانگاکان بکات، وێنەی جۆراو جۆری دڵخوازی خۆی ببینێت، لەکوتایشدا گوتی: سوپاس بۆ هەموو ئەو خۆشەویستانەی لە هەنگاوەکانی ڕابردووی کارکردن یارمەتیدەر بوون تا کارەکانمان سەرکەوتنی مسۆگەر بکات.










