
خەبات: رۆشنا عەلی:- لە كۆڕبەندی پەروەردەیی وەزارەتی پەروەردە كە رۆژی 25-7 ئەنجامدرا بە ئامانجی بەرباس خستنی كۆمەڵێك مژاری پەروەردەیی و تێگەشتن و پێكگەشتنی بۆچوونە جیاوازەكان لاپەڕەی پەروەردە چەند تەوەرێكی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ میوانانی پێشانگاو كۆربەندەكە ڕێكخست، د. ڕەگەز ڕەشید بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی پەروەردە دەربارەی كێشەكانی وەزارەتی پەروەردەو سودی ئەم كۆڕبەندانە بۆ چارەسەركردنی ئاماژەی بەوەدا كە ئەمە سودی دوولایەنەیە هەم ئەوان سوود لە ئێمە وەردەگرن هەم ئێمە سوود لەوان وەردەگرین لەمبارەیەوە بۆ خەبات گووتی: وەك دەزانرێت هەموو دام و دەزگایەكی حوكمی ستراتیژێكی هەیە كە بەرەو پێشی دەبات لە كارنامەكە زۆر ڕوونە كە پڕۆگرامەكان بەرەو پێش دەبرێن گەشەپێدانی مرۆیی باڵا دەست دەبێت گرنگی بە تەكنەلۆژیا دەدرێت و خۆ گونجاندنیشە لەگەڵ سەردەم ، لەم كۆڕبەندانە كار دەكرێت بۆ دروستكردنی پردێك بۆ نزیكبوونەوە راستە ئەوە یەكەمین كۆڕبەندی پەروەردەییە لە وەزارەتی پەروەردە، بەڵام بیرۆكەی وەزارەتی پەروەردە ئەوەیە كە ساڵانە ئەو كۆڕبەندە بكات لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتی بۆ ئەوەی بتوانین بەردەوام بین، هاوكات وەزارەتی پەروەردە لە زۆربەی كۆڕبەندەكان بەشدار بووە سودی لە ئەزموونی ئەوان وەرگرتووە و كارەكانی ئێمەش بۆ ئەوان بە گرنگ دەزانرێـت و ئەوانیش سوودیان لە ئەزموونی ئێمە وەرگرتووە، بۆنموونە لە ڕووی تاقیكردنەوەی پۆلی 12ی بنەڕەتی زۆر سەركەوتووین هەتا ئێستا لە حكومەتی فیدراڵی كەچەند رۆژێكە تاقیكردنەوەی پۆلی 12 تەواو بووە وەرەقە بەدەست سەح دەكرێت كە ئێمە لە رێگای سۆمۆ و تەكنەلۆژیایەكی زۆر پێشكەوتووەوە و لە كابینەی نۆیەم زۆر بەرەو پێش چووین.
*دەربارەی ئەوەشی بۆ وەزارەتی پەروەردە ئەم كۆنفڕانسە چ خاڵێكی نوێی تێدایە و بیەوێ پەرەی پێبدات و لەناو سیستەمەكەی خۆیدا جێگای بۆ بكاتەوە ؟لەم بارەیەوە بەڕێوەبەری گشتی دیوان ئاماژەی بەوەدا كە مژاری نەوەی زێت و ئەلفا یەكێكە لەباسە گەرمەكان و مامەڵەی ڕاستەوخۆی قوتابییە لەگەڵ تەكنەلۆژیا ئەو لەم بارەیەوە بۆ خەبات گووتی: ئێستا وەك ئەوەی باسكرا شەڕی نەوەكانە نەوەی زێت و ئەلفا ئێستا یەكێكە لە گەورەترین ئەو مژارانەی كەلە دنیا قسەی لەسەر دەكرێت كە مامەڵەیەكی راستەوخۆی قوتابییە لەگەڵ تەكنەلۆژیاو دنیای تەكنەلۆژیا ،قوتابی پێشوو مامەڵەی تەنها لەگەڵ كتێب و مامۆستا بوو ئێستا جیهان گۆڕاوە و تەكنەلۆژیاش بۆتە بەشێك لە مامەڵەی قوتابی، ئێمە چۆن بتوانین كار بكەین بۆ ئەوەی ئەو تەكنەلۆژیایەی كە قوتابی ئێستا بەكاری دەهێنێت سوود بەخش بێت بۆی ،بەلای ئێمەوە زۆر گرنگە ئەو دوو نەوەیە كەلەدنیای ئێستادا كاری لەسەر دەكرێت ئێمەش سوودی لێ وەربگرین قوتابی كاتێك تەكنەلۆژیا بەكار دەهێنێت نەبێتە بەرهەڵستكارێك بۆی ئەم بابەتانە خەڵكی پسپۆڕ قسەی لەسەردەكەن و دەكرێت ئێمەش سوودی لێ وەربگرین و لە ئایندە تێكەڵی پڕۆگرام و سیستەمی پەروەردەی خۆمانی بكەین.
رەگەز رەشید بەرێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی پەروەردە بۆ خەبات دەدوێ