وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، چەند  مانگێکە نەوت ناڕوات و داهاتی ناوخۆش بەشی مووچە ناکات، بۆیە پێویستە لەمەودوا پرسیاری مووچە ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی عێراق بكرێ.

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “هەموو ئەو داخوازییانەی کە لەسەر هەرێمی کوردستان هەبووە بەرامبەر بەغدا جێبەجێ کراوە و بڕیارە کۆبوونەوەیەکی دیکە لە بەغدا بکرێت و هیوادارین ئەنجامەکان بەدڵی هەموان بێت.”

وه‌زیری دارایی گوتیشی: “ئەو داواکاری و داتا و شتانەی کە بەغدا لە ئێمەی داوا دەکات، پێم وا نیە لای خۆیان جێبەجێ کرابێت، لە ساڵی 2013-وە حکوومەتی عێراق ئابڵۆقەی خستووەتە سەر هەرێمی کوردستان و ئومێدەوارین ئەو ئابڵۆقەیە هەڵبگرێت و بودجە جێبەجی بکرێت و شایستەی کوردستان بنێرن.”

لەبارەی دابەشکردنی مووچەوە، ئاوات شێخ جەناب گوتی: ”چەند مانگێکە نەوت ناڕوات و داهاتی ناوخۆش بەشی مووچە ناکات، بۆیە پێویستە لەمەودوا پرسیاری مووچە ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی عێراق بكرێ.”