بە فەرمان و راسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، سێ ئەمبوڵانس بۆ نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی لە کفری دابینکران. بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی تەندروستیش دەڵێت، لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێش و گرفتییە تەندروستییەکانی ئەو شارە.
ئەمڕۆ یەكشەممە 23ـی تەممووزی 2023، دکتۆر موعاف کەریم، بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەسەر راسپاردە و فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێ ئەمبۆڵانس رادەستی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی گەرمیان کران بۆ ئەوەی دواتر بە نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی لە کفری بدرێن.
بەگوتەی دکتۆر موعاف کەریم، سەرەڕای رادەستکردنی ئەو سێ ئەمبۆڵانسە، لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی دکتۆر سامان محەممەد خورشید، راوێژکاری وەزارەتی تەندروستی پێکهێندراوە بەمەبەستی هەڵسەنگاندن و بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتە تەندروستییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی کفری.
لای خۆیەوە دکتۆر سامان محەممەد خورشید، راوێژکاری وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوە کرد، ئەو لیژنەیەی پێکهێندراوە هەڵسەنگاندن و بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی کفری دەکات. گوتیشی، “بەدواداچوون بۆ کەموکورتی و شێوازی دەوامکردنی پزیشکانی نەخۆشخانەی کفری دەکەین، رێکی دەخەینەوە و ژمارەی پزیشکانیش زیاددەکەین.”
بەڕێوەبەرەی دیوانی وەزارەتی تەندروستی هەر لەبارەی دەوامکردنی پزیشکانی نەخۆشخانەی کفری، راشیگەیاند، “هەوڵدەدەین وایان لێ بکەین بە گروتینێکی تازەوە بێنە دەوامی خۆیان بۆ ئەوەی لەمەوبەدوا خەڵک ناچار نەبێت لە کفرییەوە بگەڕێتەوە بۆ سلێمانی، کەلار یان شوێنەکانی دیکە بۆ ئەوەی چارەسەری پزیشکی وەربگرێت.”
وەکو ئەوەی دکتۆر سامان محەممەد باسی کرد، کاردەکەن لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی ناو نەخۆشخانەکان، کەمی دەرمان و بنکە تەندروستییەکانی دەوروبەری قەزای کفری و هەمووی دەکەنە راپۆرتێک و رادەستی دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا کاری لەسەر بکرێت و کێشەکان چارەسەربکرێن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، دکتۆر سامان محەممەد ئەوەی خستەڕوو، کێشەیەکی سەرەکی لە نەخۆشخانەی گشتیی کفری نەبوونی پزیشکی بێهۆشکار بووە و توانیویانە دوو پزیکشی بێهۆشکار بۆ ئەو نەخۆشخانەیە دابین بکەن و بەمزووانە لە نەخۆشخانەکە دەستبەکاردەبن.