ئەندامێکی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ شاندی حکومەتی عێراق رایدەگەیەنێت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە سبەی یان دووسبەی لەگەڵ زۆرینەی پرسەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دەگەنە رێککەوتن و، هیچ بیانوویەک لە بەردەم ناردنی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستاندا نامێنێت. روونیشی دەکاتەوە، حکومەتی عێراق نیازێکی جیددی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەرێم هەیە.

ئەمڕۆ شەممە 22ـی تەممووزی 2023، جووتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و ئەندامی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵی لەبارەی سەردانەکەی سبەی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، ئەنجامی کۆبوونەوەکانی هەفتەی رابردوو و ناردنی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان؛ میوانی بووڵتەنی “ئەمڕۆ”ی کوردستان24 بوو؛ کە گوڵباخ بەهرامی پێشکەشی کرد.

لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکانی هەفتەی رابردووی هەردوو شاندی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، جووتیار عادل رایگەیاند، “لەو گفتوگۆیانەدا هەنگاوی باش نراوە و، چەند بابەتێکیش گفتوگۆکران. بابەتەکانی پەیوەست بە چۆنیەتی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق و ئەو پابەندبوون و مافانەی لەلایەن هەردوولا هەیە، گفتوگۆ کران.”

وەکو ئەوەی جووتیار عادل باسی کرد، دوو بابەتی دیکە ماون بڕیارە بەیانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا و قسەوباسی لەسەر بکات. “یەکەمیان پرسی داهاتە نانەوتییەکان؛ ئیستا هەژمارێکی بانکی لە بانکی ناوەندیی عێراقی کراوەتەوە و ئەو بڕە پارەیەی پەیوەستە بە داهاتە نانەوتییەکان، لەو هەژمارە دادەنرێت. لە هەمانکاتدا هەندێک بابەتی تر پەیوەستن بە یەک بەرمیلی بەرهەمهێندراو لەسەر ئاستی عێراق و لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش ماوە گفتوگۆی لەسەر بکرێت.”

جووتیار عادل دەڵێت، “لەو بڕاویەداین بەیانی ئەم دوو بابەتەش چارەسەربکرێن و ئەو کات دەبێت بودجەی مانگانەی هەرێمی کوردستان بنێردێت، جگە لەو شەش مانگەی پەیوەستن بە “تەسفییەی حیسابات” کە لەسەر حکومەتی عێراق پابەندە، دەبێت وەکو شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێردێت. بۆیە لەو بڕوایەدام هەندێک لەو بابەتانە بەیانی قسەیان لەسەر بکەین و بگەیەنە دەرئەنجامێکی باشیش ئینشائەڵڵا.”

بە گوتەی ئەو ئەندامەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی یاسای بودجەدا کە پەرلەمانی عێراق پەسەندی کردووە، “ئێستا رۆژانە حکومەتی عێراق نزیکەی 60 هەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت، دەپاڵێوێت یان بۆ کاری دیکە بەکاری دەهێنێت.”