كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) میكانیزمەكانی خەرجكردنی نەوتی خاوی بەرهەمهاتوو لە هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە تاوتوێ دەكات.
بە گوێرەی راگەیاندراوێكی كۆمپانیای سۆمۆ كە رۆژنامەی (الصباح)ی سەر بە حكوومەتی عێراق بڵاوی كردۆتەوە، بەپێی ماددە 12 دووەم لە بڕگەكانی (ا، ب، ج، د، ه) لە یاسای بودجەی گشتیی سێ ساڵەی عێراق، كۆمپانیای سۆمۆ میكانیزمەكانی خەرجكردنی نەوتی خاوی بەرهەمهاتووی هەرێمی كوردستان تاوتوێ دەكات.
هاوكات ئەوەش ئاشكرا كراوە كە لەپێناو وەدیهێنانی بەرژەوەندیی گشتی، هەنگاوی پێویست بۆ جێبەجێكردنی بڕگەكان دادەنرێت.
هەر بەپێی راگەیاندراوەكەی سۆمۆ، ڕێككەوتنی سیاسیی نێوان هەولێر و بەغدا، خۆی لە رادەستكردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بە بەغدا دەبینێتەوە، تاوەكوو كۆمپانیای سۆمۆ هەناردەی بكات و داهاتەكەی لە ژمارەحیسابێكی بانكی لای بانكی ناوەندیی عێراق دابنێت، دواتریش پشكی هەرێمی كوردستان بە شێوەی مانگانە بۆ ژمارە حیسابی تایبەت بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بنێرێت.
ئەمە لە كاتێكدایە كە وێڕای ئەوەی یاسای بودجەی فیدراڵی كەوتۆتە باری جێبەجێكردنەوە، كەچی هێشتا حكوومەتی فیدرالی هیچ بڕە پارەیەكی لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی یاسای بودجە ڕەوانەی هەرێمی كوردستان نەكردووە.