خەبات: عەلی بانیشاری:- بەهۆی زۆری ئەو ڕووبەرەی بە مین چێنراوە، پاش 31 ساڵ لە كاركردنی تیمەكانی هەڵگرتنەوە و پوچەڵكردنەوەی مین هێشتا 40%ی ناوچە پیسبووەكان بە مین لە هەرێمی كوردستان پاكنەكراوەتەوە. نیازی خالید، جێگری سەرۆكی دەزگای گشتیی كاروباری مین بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: تاوەكو ئێستا 258 كیلۆمەتر دووجا لە خاكی كوردستان لە مین و تەقەمەنی پاكنەكراوەتەوە. بەپێی ئامارەكان، نزیكەی 7 ملیۆن مینی چێنراو لە هەرێمی كوردستان هەیە و لە 30ی ساڵی ڕابردوویشدا 13500 هاووڵاتی بوونەتە قوربانی مین و تەقەمەنی.
لە چوار ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە 10 هەزار مینی دژە كەسی لەناوبراون
بەوتەی نیازی خالید، لە چوار ساڵی كابینەی نۆیەمدا، زیاتر لە 10 هەزار مینی دژە كەسی لەناوبراون. ئەو دەڵێت: ئەو جۆرە مینانە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی قەدەغەن بەكاربهێنرێن. باسیلەوەشكرد، لە 95%ی ئەو مینانەی لە هەرێمی كوردستان هەن (مینی دژە كەسین). بەپێی داتاكانی دەزگای مین، لە چوار ساڵی ڕابردوودا نزیكەی 40 كێڵگەی مین لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان پاككراونەتەوە و ڕادەستی خاوەنەكانیان كراونەتەوە و زیاتر لە 35 هەزار پارچە تەقەمەنیش لەناوبراون. جێگری سەرۆكی دەزگای گشتیی كاروباری مین دەشڵێت: سەرەڕای كەمی پاڵپشتی دارایی و كەمی ئۆتۆمبێل، تیمەكانی دەزگای مین لە چوار ساڵی كابینەی نۆیەمدا توانیوویانە نزیكەی 5.000.000 مەتر دووجا خاكی پیسبووی بە مین و تەقەمەنی لە هەرێمی كوردستان پاكبكەنەوە.
258 كیلۆمەتر دووجا لە خاكی كوردستان هێشتا لە مین و تەقەمەنی پاكنەكراوەتەوە
ئەو بەرپرسەی دەزگای گشتیی كاروباری مین ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ڕژێمی بەعس بەشێوەیەك خاكی كوردستانی مین ڕێژ كردووە لە توانای دەوڵەتیش نییە پاكی بكاتەوە. نیازی خالید ئاشكرای دەكات، هێشتا 258 كیلۆمەتر دووجا لە خاكی هەرێمی كوردستان لە مین و تەقەمەنی پاكنەكراوەتەوە. لە پارێزگای سلێمانی 112 كیلۆمەتر دووجا خاك ماوە لە مین و تەقەمەنی پاك بكرێتەوە. لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی دیكەش بەم شێوەیە (گەرمیان 58 كیلۆمەتر دووجا، هەولێر 49 كیلۆمەتر دووجا، دهۆك 25 كیلۆمەتر دووجا، هەڵەبجە 14 كیلۆمەتر دووجا). نیازی خالید دەڵێت: ئەو 258 كیلۆمەتر دووجا كە لە مین و تەقەمەنی پاكنەكراوەتەوە شوێنی سەختن و زیاتر كەوتوونەتە ناوچە شاخاوییەكان ((بۆ تیمەكانمان قورسە بە خێرایی ئەو شوێنانە پاك بكەنەوە و كات و خەرجی زیاتر و زۆرتری دەوێت)). بەپێی ئەو ڕووپێووییەی كە رێكخراوێكی ئەمریكی لە ساڵی 2004 تاوەكو 2006 ئەنجامیداوە، زیاتر لە 776 كیلۆمەتر دووجا لە خاكی هەرێمی كوردستان مین ڕێژكراوە. جێگری سەرۆكی دەزگای گشتیی كاروباری مین ڕاشیگەیاند، 60%ی خاكی هەرێمی كوردستان لە مین و تەقەمەنی پاككراوەتەوە.
13500 كەس بوونەتە قوربانیی مین
بەپێی ئاماری دەزگای گشتیی كاروباری مین، لە 30 ساڵی ڕابردوودا، 13500 هاووڵاتی و لە حەوت مانگی ساڵی 2023یشدا نزیكەی 15 كەس وەكو قوربانی مین و تەقەمەنی لە سەرانسەری كوردستان تۆماركراون. بەوتەی نیازی خالید، 90%ی قوربانییەكانی مین و تەقەمەنی لە ڕەگەزی نێرن و 37%یش تەمەنیان لە 18 ساڵ كەمترە. ئەو دەشڵێت: هێشتا مین و تەقەمەنی هاووڵاتیانی كوردستان دەكاتە قوربانی، بۆیە دەزگاكەیان پێویستی بە پاڵپشتییە و وەكو سەرۆكایەتی دەزگاش بەردەوامن لە بەدەستهێنانی پاڵپشتی دارایی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. حكوومەتی عێراق لە یەكەم ڕاپۆرتی شەفافیەتی خۆیدا ئاشكرایكردووە، 10 ملیۆن مین لە تەواوی عێراق هەیە و لەو ژمارەیەش نزیكەی 7 ملیۆنی لە كوردستان چێنراوە.
50%ی تیمەكانی پاكسازی دەزگای مین لە كاركردن بەردەوامن
بەهۆی گرفتی دارایی و كەمی ئۆتۆمبێل، 50%ی تیمەكانی پاكسازی مین لە كاركردن وەستاون، ئەمە قسەی جێگری سەرۆكی دەزگای گشتیی كاروباری مینی هەرێمی كوردستانە. نیازی خالید دەڵێت، دەزگای مین تەنیا 35 تیمی پاكسازی هەیە كە لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك و ئیدارەی گەرمیان و سۆران كاری هەڵگرتنەوەی مین دەكەن، ئەگەر بەراورد بكەین بە زۆری ئەو ڕووبەرەی لە هەرێمی كوردستان بە مین پیسبووە، ژمارەی تیمەكان زۆر كەمن، جگەلەوەش لە ئێستاشدا كەمتر لە نیووەی ئەو 35 تیمە بەردەوامن لە كاركردن. سەبارەت بە كاركردنی رێكخراوە بیانیەكانی بواری مین لە هەرێمی كوردستان، نیازی خالید گوتی: لە ئێستادا رێكخراوی MAGی بەریتانی لە دهۆك و سلێمانی بوونیان هەیە، بەڵام ماوەی 10 ساڵە لە هەولێر نەماون، ئەوەش كاریگەری زۆر هەبووە لەسەر خەڵك و بارگرانی بۆ ئێمە دروستكردووە.
سلێمانی زۆرترین كێڵگەی مینی لێیە
جێگری سەرۆكی دەزگای مین ئاشكرایدەكات، پارێزگای سلێمانی زۆرترین كێڵگەی مینی لێیە و چڕترین كێڵگەی مینیش لە قەزای چۆمانە، بەشێوەیەك تەنیا لە سێ گوندی سنووری ئەو قەزایە 73 كێڵگەی مین هەیە، بەڵام بەهەوڵی تیمەكانیان زۆرینەی كێڵگەكانی ئەو سێ گوندە پاككراونەتەوە. نیازی خالید زیاتر گوتی: لە یەك گوندی قەزای چۆمان بەهۆی مینەوە 30 كەس بوونەتە قوربانی، كە ئەوەش ژمارەیەكی زۆرە. لە ساڵی 1992ـەوە كە بەرنامەی كاروباری مین لە هەرێمی كوردستان دەستیپێكردووە، مین و تەقەمەنی 36 كارمەندی دەزگای مین و رێكخراوە بیانیەكانی بواری مینی شەهید كردووە و 78 كارمەندیشی برینداركردووە.










