خەبات: هەولێر- فۆتۆ: سۆما نیازی عەزیز:- ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 13ـی تەمموزی 2023 یەكێتی نووسەرانی كوردستان لقی هەولێر، لە هۆڵی شەهید مەهدی خۆشناو، كۆڕێكی بۆ سەلام عەبدوڵڵا نووسەری كۆڕۆمانی (بووژانەوەی ژیلەمۆ) ساز كرد، كە ژمارەیەكی بەرچاو لە ئەدیب و نووسەر و رۆژنامەنووس و كەسانی ئەكادیمی لە بوارە جیاجیاكانی ئەدەب و وێژەی كوردی ئامادەبوون.

(كۆڕۆمانی بووژانەوەی ژیلەمۆ) هەر چوار رۆمانی (هەیئە، زیندانی گەڤەر، سێگۆشەی سنوور، كاروانی چەك)ـی لەخۆگرتووە، چاپی یەكەمی بە تیراژی 1000 دانە و لە ساڵی 2022 لەلایەن دەزگای رۆشنبیری جەمال عیرفان كراوەو لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كتێبخانەكان ژمارەی سپاردنی 2776ـی ساڵی 2021ـی پێدراوە و لە زۆرینەی شار و شارۆچكەكانی كوردستان رێوڕەسمی بڵاوكردنەوە و خوێندنەوەی بۆ كراوە و خوێنەران پێشوازییەكی گەرمیان لێ كردووە و نووسەر و ئەدیب و رۆژنامەنووسان چەندین لێكۆڵینەوەی ئەدەبیی و وتاریان لەسەر نووسیووە.

سەلام عەبدوڵڵا نووسەری كۆڕۆمانی بووژانەوەی ژیلەمۆ لە سەرەتای كۆڕەكەدا، نزیكەی نیو كاتژمێر قسەی بۆ ئامادەبووان كرد و گوتی: نازانم لە كوێوە دەست پێبكەم؟ بەڵام باشترە باس لە یەكەمین شەوی زیندان و چۆنیەتی دەستگیركردنی خۆم بكەم، كە ئەو دەستپێكە دواجار ئەم كۆڕۆمانەی لێ بەرهەم هاتووە و سەرەتای زیندان و ئەشكەنجەی قورس و ژیانی سەختی ناو ژوورە ئینفیرادییەكان و دڵڕەقیی جەللادەكانی بەعس و دڕندەیی دوژمنمان بۆ وێنا دەكات، ئەگەرچی وێناكردنی ئەو مەرگەساتەی ناو زیدانەكانی بەعس بەگشتی و زیندانی هەیئە بە تایبەتی، ئاسان نییە بە نووسین گوزارشتی لێ بكرێت، بەڵكو باشتربوو كە بكرێتە فیلم یان درامایەكی نەتەوەیی، تا نەوەی ئێستا و داهاتوومان بزانن، ئەوەی لە ئێستادا هەمانە، هەروا بە ئاسانی نەهاتۆتەدی و زادەی ئەو خوێن و خەباتەیە، كە قارەمانانی سەدەی رابردوو، لە پێناوی ئازادیدا بەخشیوویانە.

سەلام عەبدوڵڵا لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، وێنای دیمەنێكی ناو زیندان و چۆنیەتی ئەشكەنجەدانی بۆ ئامادەبووان گێڕایەوە و گوتی: هەموو زیندانیكراوێك لە ئەشكەنجەدان دەترسێت، بەڵام من خۆڕاگریی و قارمانیەتی وەهام لە زیندانیكراوانی هەیئە بینیووە، ئەسڵەن شەرم بوو لە كاتی ئەشكەنجەداندا هاوار بكەیت، پێمانوابوو هاواركردن لە گەورەیی ئەو ئامانجە كەم دەكاتەوە، كە بەهۆیەوە كەوتووینەتە زیندانەوە، بەڵام جەللادەكانی زیندان ناچاریان دەكردین هاوار بكەین، ئەگەرنا جۆر و شێوازی ئەشكەنجەدانەكەیان دەگۆڕی و لە ئازاردانی قورس و سەختەوە، سەختتریان دەكرد، بۆیە باشتر بوو ئەشكەنجەدراو هاوار بكات.

نووسەری كۆڕۆمانی بووژانەوەی ژیلەمۆ گوتیشی: هەموو ئومێدی و ئاواتێكمان ئەوەبوو، یەكێك لە زیندانیكراوەكان رزگار ببێت و بتوانێت ئەو مەرگەسانەی ناو زیندان بباتە دەرەوە، لە راستیشدا من بە ئامانجی نووسینی رۆمان، هەیئەم نەنووسیووە، بەڵكو مەبەستم بوو بە هەمووان بڵێم، ئەوەبووە زەحمەتی و ئازارەكانی زیندان و دڕەندەیی جەللادەكانی بەعس، بەڵام كۆڕۆمانی بووژانەوەی ژیلەمۆ هەر گێڕانەوەی ڕۆژە سەختەكانی ناو زیندان نییە، بەڵكو لە “كاروانی چەك” و “سێگۆشەی سنوور”ـدا ڕۆژە سەختەكانی پێشمەرگایەتی و ڕەقبوونەوە لەناو بەفر، وێناكردنی ئەو تراژیادیایانەیە كە پێشمەرگە لە شاخدا ڕووبەڕووی بۆتەوە و لە “زیندانی گەڤەر”ـیشدا خوێنەر دەگاتە ئەو ڕاستییەی كە كوردستان یەك پارچەیە و بەڕاستی ئەو سنوورەی هەیە، نەیتوانیووە كوردێكی باشوور و باكوور لەیەكتر دوور بخاتەوە.

دوای تەواوبوونی قسەكانی سەلام عەبدوڵڵای نووسەری كۆڕۆمانی بووژانەوەی ژیلەمۆ، هەریەك لە ( ئازاد جوندیانی سیاسەتمەدار و نووسەر، دكتۆر عارف حیتۆ، باهۆز مستەفا چیرۆكنووس، د. شوكریە ڕەسووڵ و د. عەلی جوكل و د. محەمەد خدر مەولود و نووسەر و هونەرمەند نازم دڵبەند)ـو ژمارەیەكی دیكەی ئامادەبووان، قسەیان لەسەر كۆڕۆمانی بووژانەوەی ژیلەمۆ كرد و باسیان لەوە كرد، كە خوێندنەوەی كۆڕۆمانی بووژانەوەی ژیلەمۆ ماندووت ناكات، بێزار نابیت، تووشی گومان و دوودڵیش نابیت، چونكە ڕۆمانێك ناخوێنیتەوە كە زادەی خەیاڵ و بیركردنەوەی نووسەرەكەی بێت، بەڵكو واقیعێك دەخوێنتەوە، كە هیچ كەس خۆزگەی پێ ناخوازێت و ئەگەریش بتەوێت لەوە تێبگەی كورد لە كوێوە بەرەو ئێرە هاتووە، دیسان باشترە ئەو كتێبە بخوێنیتەوە، كە نموونەیەكی زیندووی خەبات و بەرخودانی یەك سەدەی كوردە و رەنگە نموونەی دیكەیشمان هەبێت.

جێگەی ئاماژەیە، سەلام عەبدوڵڵا لە یەكەمین لاپەڕەی كۆڕۆمانی بووژانەوەی ژیلەمۆدا دەنووسێت: “ئەزموون فێری كردم، بێ هیوا نەبیت، دەگەیتە ئامانج”.
كامە ئەزموون؟! ئەزموون لەبارەی چی و چۆن؟! ئەوانە ئەو پرسیارانەن كە پێویستە خوێنەر ئاراستەی سەلام عەبدوڵڵای بكات و ئەو لە وەڵامدا دەڵێت: ئەو وتەیە دوای ئەو چەندین ساڵ و بەسەرهاتانە دێت، كە بوونە ئەزموون بۆم، بۆیە دەڵێم: “ئەزموون فێری كردم، بێ هیوا نەبیت، دەگەیتە ئامانج”. بەڵام بە خوێندنەوەی كۆڕۆمانی بووژانەوەی ژیلەمۆ، تێدەگەین نووسەر مەبەستی چ ئەزموونێكە و ئەو ئەزموونەیشی بەچی و چۆن تێپەڕاندووە، تا بگاتە ئامانج.
ئێستا دەبێ دیسان بپرسین كامە ئامانج؟! بێگومان لە خوێندنەوەی كۆڕۆمانی بووژانەوەی ژیلەمۆ لەوەیش تێدەگەین ئامانجەكە چییە، ئەگەرچیش هێشتا بەدی نەهاتووەو نووسەریش هێشتا بەو ئومێدە دەژی ئامانجەكەی بێتەدی، كە ئەویش ئامانجی هەموو كوردە لە هەركوێیەكی دنیا هەن.