وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ڕایگه‌یاند كه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی قوتابیان و مامۆستایان و له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك، رۆژانی شه‌ممه‌ كرایه‌ پشووی قوتابخانه‌ و ناوه‌نده‌كانی خوێندن.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، د.  ئالان حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری په‌روه‌رده‌، ڕایگه‌یاند: رۆژانی شه‌ممه‌ كرایه‌ پشوو، لەسەر ئەو بنەمایەی كە سوودی بۆ قوتابیان و مامۆستایان و خانەوادەكانیشیان هەبێت. مامۆستایان پێنج رۆژ دەوام دەكەن. جۆرێك لە دادپەروەری بۆ شێوازی گوتنەوەی وانە بۆ مامۆستاكان دروست دەكرێت. هاوكات ئه‌و رۆژه‌ پشووه‌، سوودی بۆ بابەتی ژینگە و هاتوچۆ هەیە و تێچووی هاتوچۆی مامۆستایانیش بەشێكی دەگەڕێتەوە.

ده‌شڵێ: ڕێكخستنەوەكە وا كراوە كە لەسەر كوالێتیی خوێندن و ڕۆژانی خوێندن كەم نەكاتەوە.

ئالان حه‌مه‌سه‌عید، ڕایگه‌یاند: رۆژی ١٣ی ٩ی ٢٠٢٣ دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنە لە هەرێمی كوردستان بۆ قوتابخانە حكوومی و ئەهلییەكان جگە لە نێودەوڵەتییەكان، ڕۆژانی ١٣ و ١٤ دەست بە خوێندنی وانە ناكرێ، لە ڕۆژی ١٧ی مانگەوە دەست بە خوێندن دەكرێت.

كۆی گشتیی رۆژانی خوێندنی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣ – ٢٠٢٤ لە ١٧٠ ڕۆژ كەمتر نابێت. ئێمە توانیومانە پارێزگاری لە ئاستی رۆژانی خوێندن بكەین و بە گوێرەی ڕێنوێنییەكان سوود لە هەندێك پشوو وەرگیراوە، كە پێشتر پشووی خۆمان بوون، بەڵام دەستكاریی ئەو پشوانەمان نەكردووە كە پەرلەمان و حكوومەت بڕیاریان لێ داوە.