ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای دەکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان تانە لە بودجەی گشتی عێراق دەدات.

خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاندوه‌ ، حکومەتی هەرێمی کوردستان تانە لە ماددەکانی 2، 11، 12، 13ی بودجەی گشتی عێراق داوە.

روونیکردەوە: “ئەو بڕگانەی بودجە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان سکاڵای لە دژ تۆمارکردون، پەیوەستن بە ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان، کە ئەو بڕگانە پێچەوانەی دەستووری عێراقن”.

خەلیل غازی، ئاشکرای کرد، لە 12ی تەممووزی 2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دادگای فیدراڵی سکاڵای دژی ئەو بڕگە و ماددانەی بودجە تۆمارکردووە.

سەبارەت بە جێبەجێکردنی بودجەی گشتی عێراق، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، گوتی: “هەر کاتێک رێنماییەکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی بودجە دەرکران، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێن تا دادگای فیدراڵی بڕیار لەسەر سکاڵاکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات، ئەگەر هەر بڕگه و ماددەیەک هەڵە بوو یان لا دەدرێت یان راستی دەکرێتەوە”.

گوتیشی: “تانەدان لە بودجەی عێراق رێگری لە ناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ناکات”.