لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئومید خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و شاندی یاوەری سەبارەت بە کێشەی ئاوی هەولێر سەردانی عەرەبستانی سعوودیەیان کرد و ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەو بارەیەوە گوتی، لەو سەردانەدا بۆ شانشینی سعوودیە گفتوگۆیان لەگەڵ ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانی ئەوان و سندووقی قەرزی سعوودی دەست پێ کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاویی هەولێر و لەلایەن ئەوانەوە وەڵامدانەوەیەکی زۆر باش هەیە.

ئەمڕۆ شەممە 15/7/2023، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە میانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا و لە وەڵامی پرسیاری (باسنیوز)دا ڕایگەیاند: ”ئێمە گفتوگۆمان لەگەڵ ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانی ئەوان و سندووقی قەرزی سعوودی دەست پێ کردووە، لەوەی کە لە لایەک پەیوەندییە لەمێژینەکانی هەرێمی کوردستان و شانشینی سعوودیە زۆر زۆر گرنگە، ئەوەی لە هەموو دیدارەکانماندا چ لەگەڵ سندووق، چ لەگەڵ کۆمپانیاکانیان و دامەزراوەکانی حکوومەت و وەزیری وەبەرهێنان هەستمان پێ کرد، ئەوەیە کە ئەوان زۆر گرنگی بە عێراق دەدەن و لەناو عێراقیشدا هەرێمی کوردستان و هەولێری پایتەختی لەلایەن ئەوان زۆر گرنگیی پێ دەدرێ.”

گوتیشی: ”ئێمە بۆ سوودوەرگرتن لە توانای کۆمپانیاکانی ئەوان و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانیان بێن و لێرە کار بکەن، هەروەها بۆ دروستکردنی پەیوەندیی نێوان هەردوولامان و لەگەڵ ئەوەشدا بابەتی کێشەی کەمئاویی هەولێر و چارەسەرکردنی ئەو گرفتە یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکان بوو، گفتوگۆیەکی جددیمان دەست پێ کردووە و بەردەوامین و هیوادارین بگەینە ئەنجامی زۆر باش، ئێمە بەفەرمی داواکاریمان پێشکەشی ئەوان کردووە، هەم بۆ سوودوەرگرتن لە توانای کۆمپانیاکانی ئەوان، هەم لە سندووقی قەرزی سعوودی، ئەوەی هەستمان پێ کرد، وەڵامدانەوەیەکی زۆر باش هەیە و بە تەئکید لە ئایندەشدا ئەو گفتوگۆیە بەردەوام دەبێت.”

باسی لەوەش کرد: ”هەولێر لە هاویندا بە بەردەوامی گرفتی کەمئاویی دەبێت، بەڵام سێ ساڵە بابەتی وشکەساڵی و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کاریگەرییەکەی زۆر زۆر زیاتر کردووە. ئەمساڵیش لە بەشێک لە گەڕەکانی هەولێر ئەو گرفتە هەیە، بەڵام بەپێی ئەو پلانانەی کە دانرابوو، دامودەزگا پەیوەندیدارەکان لە پێش ڕووداوەکانەوە بوون، تاکوو ئێستاش توانراوە کۆنترۆڵی دۆخەکە بکرێت. ئێستاش ئەو پرۆژانە بەردەوامن بە لێدانی بیری بەدیل و پرۆژەی ستراتیژیی دیکەش هەیە بۆ ئەوەی سوود لە ئاوی سەر زەوی وەربگیرێت، بە خۆشحاڵیشەوە ئەمسال پرۆژەی ئاوی ئیفراز گرفتی نەبوو، وەکوو ئەوەی کە پارەکە چەندین جار گرفتی هەبوو، ئەوە چارەسەر کراوە و کارەکانی ڕۆژانەی بەردەوامن و بەپێی ئەو بودجانەی کە بۆمان دیاری کراوە 20 ملیار دینار تەنیا بۆ ئەم وەرزە و چارەسەرکردنی ئەو گرفتانە هەیە.”

ئومید خۆشناو گوتی: ”لەگەڵ ئەوەشدا سوپاس بۆ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە بودجەیەکی لەناکاوی بۆ پارێزگای هەولێر دابین کرد بۆ ئەوەی بە ئیجرائاتی خێرا بتوانرێ لە ڕێگای ئاو و ئاوەڕۆکانی هەولێر و دەوروبەری هەولێرەوە ئەو گرفتانە چارەسەر بکرێت، ئەو بودجەیەش شەش ملیار دینارە و بە سێ قۆناغ لە مانگەکانی 7 و 8 و 9 جێبەجێ دەکرێت.”

جەختیشی کردەوە کە بابەتی ستراتیژی سوودوەرگرتنە لە ئاوی سەرزەوی و ڕاکێشانی خەتێکی دیکەی ئاو، کە ئەوەش یەکێک لە پلانە ستراتیژییەکانی حکوومەتە و چەندین هەنگاو لەو بابەتەش نراوە و لە ئایندەدا ئەوەش جێبەجێ دەبێت.