خەبات: رۆشنا عەلی:- بەپێی بۆچوونی زۆربەی پەروەردەكاران و قوتابیان تاقیكردنەوەگشتییەكانی ئەمساڵی پۆلی 12 لە كەشێكی ئارامتر بەبەراورد بەساڵانی ڕابردوو بەڕێوەچوو زۆرێكیش هۆكارەكان بۆ ڕێكارەكانی وەزارەتی پەروەردە دەگێڕنەوە لەلێدوانێكی تایبەت بە رۆژنامەی خەبات د. سەیوان عەلی بریكاری وەزارەتی پەروەردەو سەرۆكی لیژنەی باڵای تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12 ی ئامادەیی ئاماژەی بەوەدا كەبە هەموو پێوەرەكانی ئەوانیش تاقیكردنەوەكانی ئەمساڵ بێ كێشە بەڕێوەچووە لەمبارەیەوە گوتی :یەكەم هۆكار تەكنەلۆژیا زۆر بەهێزتر بووەو توانای وەزارەتی پەروەردە زۆرتر بووە، ساڵ بە ساڵیش ئەزموونی زیاتر وەردەگرین، هەروەها گرتنی كۆمەڵێك خەڵك ساڵی پار و حكومدانیان بۆ ماوەی سێ ساڵا هۆكارێكی تربوو ،هەندێك بەڕێوەبەری هۆڵ یان مامۆستا ئینزار كراون و سزای تەوبیخیان وەرگرتووە ئەوەش هۆكارێكی ترە كاریگەری هەبووە لەوەی ئەمساڵ كەمتر بێتەوە هیوادارین ساڵ بەساڵ ئێمە كارێك بكەین كە كێشەو گزی كەمتر ببێتەوە.
دەربارەی ئەوەشی كە ئایا هەمان ڕێكارەكان لە خولی دووەمیش پەیڕەو دەكرێت وەك دەزانرێت ژمارەی قوتابیان لە خولی دووەمیش زۆرە؟ لەم بارەیەوە د. سەیوان گوتی: زۆربەی قوتابی وانەیەك یان دوانی هێشتۆتەوە بۆ خولی دووەم و ماوەی 35 رۆژی لەبەردەستایە و زیاتر خۆیان ئامادە دەكەن و زەختی كەمتریان لەسەر ئەبێت كە پێشتر مادەكان زۆرتر بووە لەسەریان، بەڵام لە خولی دووەم كەمترە، بێگومان هەمان ڕێكارەكانی خولی یەكەم پەیڕەو دەكرێت.
دەربارەی جیاوازی پرسیارەكان بریكاری وەزارەتی پەروەردە گوتی: پرسیارەكان وەك یەكە وناكرێت جیاوازی بكەین لە نێوان خولی یەكەم و دووەم بەگشتی ئاستی پرسیارەكان هەمان پرسیارن، تەنها كەمی مادەكانە بۆ قوتابی ئاسانترە ڕەنگە قوتابی هەبێت بۆ یەك وانە خۆی ئامادە بكات باشترە لەوەی حەوت وانە بخوێنێت جیاوازیەكە تەنها ئەوەیە.
سەبارەت بە دزە پێكردنی پرسیارەكانی تاقیكردنەوە و دابەشكردنی بەسەر پەروەردەكان، بریكاری وەزارەتی پەروەردە د. سەیوان عەلی گووتی: دزە پێكردنی پرسیار نەبووە دڵنیابن پاریش نەبوو ئەمساڵیش نەبوو هەوڵدانیش نەبووە، چونكە پرسیارەكان هەمووی لێرە بووە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەزموونەكان شەوی تاقیكردنەوەكان بەپێی دووری شوێنەكان دەست بە دابەشكردنی دەكەین لە دوای كاتژمێر 12 ی شەو تا چوارو نیوی بەیانی هەمووش نوێنەری وەزارەتی پەروەدەو لیژنەی تاقیكردنەوەی لەگەڵ دایە لە سندوقدا و پارێزگاری دەكرێن تا دەگاتە پەروەدەكان و لەوێش هەر نوێنەری وەزارەتی لەگەڵە بە هیچ شێوەیەك دزەی پرسیار نەبووە.









