خەبات: هەندرێن شێرزاد:- ئیمانوێل ماكرۆنی سەرۆكی فەرەنسا داوا لە دایك و باوكان دەكات هەرزەكاران لە ماڵەوە بهێڵنەوە ، چونكە حكومەتەكەی بیر لە هەموو بژاردەیەك دەكاتەوە بۆ گێڕانەوەی هێمنی بۆ شارەكانی وڵات ، پاش ئەوەی ژمارەیەك لە خۆپیشاندەران لە سەرتاسەری فەرەنسا چەندین ئۆتۆمۆبێل و بالەخانەیان سووتاند و كۆمەڵێك ماركێت و دوكانیشیان تاڵان كرد ، ئەمەش وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر بە كوشتنی هەرزەكارێك لەلایەن پۆلیسەوە لە گەڕەكێكی پاریس.

هێرش بۆ سەر شوێنە گشتیەكان
لە درێژەی وتەكەیدا سەرۆكی فەرەنسا رایگەیاند هەتا ڕۆژی هەینی، دەزگا ئەمنیەكان زیاتر لە 800 كەسیان لە سەرانسەری وڵات دەستگیر كردووە كە زۆربەیان توێژی گەنجانن. پۆلیس و پیاوانی ئاگركوژێنەوە هەوڵی زۆریان دا بۆ كۆنترۆڵكردنی خۆپیشاندەران و كوژاندنەوەی بەشێك لەو ئاگرانەی كە لەكاتی شەودا داگیرسێنرابوون و زیانی زۆریان بە قوتابخانە و بنكەی پۆلیس و بالەخانەی شارەوانیەكان گەیاند ، ئەمە جگە لە شكاندن و تاڵانكردنی ژمارەیەك شوێن لە سەنتەری پاریسی پایتەختیش .هاوكات بەرپرسان باس لە ئاگركەوتنەوە یان شەڕ و پێكدادان لە چەند شارێكی دیكەش دەكەن، واتە ئەو رووداوانە لە شاری تولوز لە باشوور هەتا شاری لیل لە باكووریان گرتۆتەوە. لەو بارەوە خاتو ئەلیزابێس بۆرنی سەرۆكوەزیرانی فەرەنسا ڕایگەیاند حكومەت لێكۆڵینەوە لە هەموو بژاردەكان دەكات لە پێناوی گێڕانەوەی ئاسایش و هێمنی. خاتو بۆرن لە تویتێكدا ئەو كردەوە و توندوتیژیانەی بە ناڕەوا وەسف كرد.دواتر بۆرن لە میانی سەردانێكیدا بۆ یەكێك لە گەڕەكەكانی پاریس بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند ئەولەویەتی كارەكانی حكومەتەكەی بریتیە لە زامنكردنی یەكێتی نیشتمانی ،ئەوەش لە رێگەی گێڕانەوەی هێمنی بۆ وڵات دەبێ.

رووداوەكان لەكوێوە دەستیان پێكرد؟
بەپێی وتەی لایەنە دادوەریەكان، بەرەبەیانی رۆژی سێشەممەی رابردوو گەنجێكی تەمەن 17 ساڵ بە ناوی نائیل ئۆتۆمۆبێلێكی لێخوڕیوە، بەهۆی سەرپێچیكردنی یاساكانی هاتوچۆوە فەرمانی وەستاندنی لەلایەن پۆلیسەوەپێ دراوە، ئەو هەرزەكارە تەمەنی لەوە كەمتر بووە لەوەی ببێتە خاوەنی مۆڵەتی شۆفێری تەواو. سەرەتا پۆلیس ڕایگەیاند كە لەلایەن ئەفسەرێكەوە تەقە لە هەرزەكارەكە كراوە، چونكە ئۆتۆمۆبیلەكەی بە ئاراستەی ئەوەوە لێخوڕیوە، بەڵام دواتر و پاش بڵاوبوونەوەی گرتەیەكی ڤیدیۆیی لە سۆشیال میدیا دەركەوت كە بابەتەكە بەو شێوەیە نەبووە.بەگوێرەی وتەی داواكاری گشتی ،ئەوە پشتڕاست كراوەتەوە كە دوو پۆلیس بە پاسكیلەوە سەرنجیان داوە كە ئۆتۆمبێلێكی جۆری مێرسیدس كە شۆفێرێكی گەنج و دوو سەرنشینی تێدابووە و لە كاتژمێر 7:55 خولەكی بەیانی رۆژی سێشەممەدا لەسەر هێڵی پاسێك بە خێرایی دەڕوات.پۆلیسەكان دوو جار ئاماژەیان بۆ ئۆتۆمۆبیلەكە كردووە و داوایان كردووە بوەستێ بەڵام شۆفێرەكە بەردەوام بوو لە لێخوڕینی ئۆتۆمۆبیلەكە، دواتر ئەو دوو پۆلیسە شوێنی ئۆتۆمبێلەكە كەوتوون.پاشان ئۆتۆمۆبیلەكە ناچار بووە لە ترافیك لایتێك بوەستێت، لەو كاتەدا پۆلیسەكان داوایان لە شۆفێرەكە كردووە كە بزوێنەرەكە بوەستێنێت و لە ئۆتۆمبێلەكە دابەزێت.ئینجا پۆلیسەكان میلی چەكەكانیان كێشاوە بۆ ئەوەی شۆفێركە نەتوانێت لەدەستیان رابكات، بەڵام نائیل گوێی بە قسەی پۆلیسەكان نەداوە و بە ئۆتۆمبێلەكەی ڕۆیشتووە، لەو كاتەدا هەردوو پۆلیسەكە بڕیاریان داوە تەقە بكەن.گوللەیەك بەر قۆڵ و سنگی شوفێر دەكەوێ و ئۆتۆمۆبیلەكە بەر شتێك دەكەوێ ، ئینجا یەكێك لە سەرنشینەكان ڕادەكات. كاتژمێر 8:21خولەكی بەیانی هەمان رۆژ، تیمەكانی ئاگركوژێنەوە بانگهێشتی شوێنی ڕووداوەكە دەكرێن و فریاگوزاری سەرەتایی بۆ شۆفێرەكە دەكەن، بەڵام سوودێكی ئەوتۆی نەبووە. ئەو ئەفسەرەی كە تەقەی كردووە ڕایگەیاندووە كە ویستوویەتی ئۆتۆمۆبیلەكە بوەستێنێت نەبادا خۆی بە كەسێكدا بكێشێت، لەنێویاندا خۆی یان هاوكارێكی.

كردەوە ئاژاوەگێڕییەكان چۆن دەستیان پێكرد؟
كوڕە گەنجە كوژراوەكە بە ڕەچەڵەك خەڵكی باكووری ئەفریقیایە، ڕووداوەكەش بووە هۆی بەهێزتركردنی سكاڵا كۆنەكانی گرووپەكانی مافی مرۆڤی كە سەبارەت بە هەبوونی توندوتیژی و ڕەگەزپەرستی لەناو دەزگاكانی جێبەجێكردنی یاسادا بوونیان هەیە. زۆربەی هەرەزۆری ئەو گلەییانەش لە گەڕەكەكانی دەوروبەری شارەكانەوەن كە لە ڕووی نەتەوەییەوە هەمەچەشنن .لە ساڵانی ڕابردووشدا ژمارەیەك خەڵك لەلایەن پۆلیسی فەرەنساوە كوژراون یان بریندار كراون، ئەمەش وایكردووە داوای لێكۆڵینەوەی زیاتر بكرێت. هەروەها فەرەنسا پێشتر چەندین جار ناڕەزایەتی بەخۆیەوە بینیوە لە دژی ڕەگەزپەرستی و نادادپەروەری ، زیاتریش دوای كوشتنی جۆرج فلۆیدی ئەمەریكی بە رەگەز ئەفریقی لەلایەن دوو پۆلیس لە ویلایەتی مینیسوتا لە ساڵی 2020. لە سەرەتای ساڵی 2023 شەوە ، ئەو رووداوەی كە ڕۆژی سێشەممە ڕوویدا، سێیەمین حاڵەتی كوژرانە بەهۆی تەقەكردنەوە لە فەرەنسا ، ساڵی ڕابردووش 13 رووداوی تەقەكردنی هاوشێوە لەو وڵاتە تۆماركراوە ، ئەمەش بە گوێرەی وتەی پۆلیس ژمارەیەكی پێوانەییە.

بەگوێرەی ئامارێكی تایبەت بە ئاژانسی ڕۆیتەرز، سێ كوشتنی لەو جۆرە لە ساڵی 2021 و دوو رووداوی كوشتنی تر لە ساڵی 2020 ڕوویانداوە، دەریشكەوتووە كە زۆرینەی قوربانییەكان لە ساڵی 2017ەوە ڕەشپێستن یان بە ڕەچەڵەك عەرەبن.ئێوارەی ڕۆژی سێشەممەی رابردوو بۆ یەكەمجار پێكدادان لە گەڕەكی نانتێر و دەوروبەری پاریس” ئەو شوێنەی نائیلی لێ كوژرا” سەریهەڵدا. خۆپیشاندەران ئاگریان بەردایە سەبەتەی زبڵ و بەشێك لە خۆپیشاندەران یارییە ئاگرینەكانیان ئاراستەی پۆلیس كرد. لە بەرامبەردا پۆلیس پەنای بردە بەر بەكارهێنانی گازی فرمێسكڕێژ.رۆژی دواتر حكومەت دوو هەزار پۆلیسی بۆ پاراستنی هێمنی لەو شوێنانە جێگیركرد، بەڵام دوای نیوەڕۆ توندوتیژی دەستی پێ كردەوە. ڕۆژی پێنجشەممە حكومەت نزیكەی 40 هەزار پۆلیسی لە سەرانسەری فەرەنسا كۆكردەوە.

تەشەنەكردنی روداوەكان
بەگوێرەی راگەیاندنی وتەبێژی پۆلیسی فەرەنسا، پۆلیس و پیاوانی ئاگركوژێنەوە كێشەیان هەبووە لە كۆنترۆڵكردنی خۆپیشاندەران و كوژاندنەوەی ژمارەیەك ئاگر كە لە شەودا داگیرسێنرابوون و زیانیان بە قوتابخانە و بنكەكانی پۆلیس و بالەخانە گشتییەكانی دیكە گەیاندووە.پۆلیس باسی لە ئاگركەوتنەوە یان روودانی شەڕ و پێكدادان لە چەند شارێك كردووە، لە تولوز لە باشوورەوە تا شاری لیل لە باكوور، هەرچەندە تا ئێستاش گرژییەكان زیاتر لە نانتیر و ناوچەكانی دیكەی دەوروبەری پاریسی پایەختن . لەو بارەوە وەزیری ناوخۆی فەرەنسا وتی تەنیا ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە زیاتر لە 200 ئەفسەری پۆلیس بەهۆی رووداوەكانەوە بریندار بوون. هاوكات ئاماژەی بەوەش كرد كە تیمەكانی ئاگركوژێنەوە و پۆلیس زیاتر لە شەش هەزار ئاگریان كوژاندۆتەوە و نزیكەی 500 باڵەخانە زیانیان بەركەوتووە.

وەڵامی حكومەت
بەرەبەیانی رۆژی هەینی، سەبارەت بە رووداوی تەقەكردنەكە ، ئیمانوێل ماكرۆنی سەرۆك كۆماری فەرەنسا كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی لەگەڵ وەزیرە باڵاكان ئەنجام دا،ئەمەش لە ماوەی دوو رۆژدا دووەم كۆبوونەوەی لەو جۆرە بوو . تا ئێستاش دۆخەكان نەگەیشتوونەتە ئاستێك كە حكومەتی فەرەنسا باری نائاسایی رابگەیەنێ، وەك ئەوەی لە ساڵی 2005 كردی . وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەش كرد كە وەزارەتەكەی سەرجەم كارمەندانی خزمەتگوزارییەكانی پاس و ترامی گشتی ڕاسپاردووە كە رۆژی هەینی پێش خۆرئاوابوون كارەكانیان بوەستێنن. هەروەها چەند كۆنسێرتێكیش لە یاریگای فەرەنسا هەڵوەشێنرانەوە.لە باشووری شاری مارسیلیاش كە دووەم گەورەترین شاری فەرەنسایە، دەسەڵاتداران خۆپیشاندانێكی گشتییان قەدەغە كرد كە بڕیار بوو ڕۆژی هەینی ئەنجام بدرێت، هانی چێشتخانەكانیشیان دا زوو شوێنی نانخواردنی دەرەوە دابخەن.

دەرەنجامەكان
لە دوایین راگەیاندنیدا، وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا ئەو زەرەر و زیانانەی راگەیاند كە لە پشێویەكانی چەند رۆژی رابردووی چەند شارێك كەوتوونەتەوە:
– جگە لە 875 كەس كە شەوی یەكەمی رووداوەكان دەستگیر كراون، شەوی شەممە 1311 كەسی دیكە بە تۆمەتی نانەوەی پشێوی و توندوتیژیی دەستگیر كراون.
– لەو رووداوانەدا 79 پۆلیس و پیاوانی سەر بە دەزگا ئەمنیەكان بریندار بوون.
– خۆپیشاندەران ئاگریان لە نزیكەی 1350 ئۆتۆمۆبیلی جۆراوجۆر بەرداوە.
– 234 بالەخانە ئاگریان تێ بەردراوە یان زیانیان بەر كەوتووە.
– لەسەر رێگا گشتیەكاندا بوونی 2560 ئاگر بەدی كراوە.
بە كورتی
– لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دەستگیركراوان، حكومەتی فەرەنسا ئاماژەی بەوەدا كە بەهۆی ڕێوشوێنە ئەمنییە توندەكانەوە وردە وردە توندوتیژیەكان روویان لە كەمبوونەوە كردووە.
– لەوەتەی پشێویەكانی شەوی سێشەممە دەستیان پێكردووە، پۆلیس بە گشتی دوو هەزار و 400 كەسی دەستگیر كردووە كە زیاتر لە نیوەیان لە شەوی چوارەمی توندوتیژیدا دەستگیركراون.
– لە پاریسەوە تا مارسیلیا و لیۆن و تەنانەت لە سنوورەكانی دەرەوەش، كۆی زەرەر و زیانەكانی ئەو رووداوانە كەم نەبوون، پیاوێكی تەمەن 54 ساڵ بەهۆی فیشەكێكی وێڵەوە لە گویانای فەرەنسی گیانی لەدەست دا.
– لەو چەند شەوەدا سەدان پیاوی پۆلیس و ئاگركوژێنەوە بریندار بوون ، بەڵام تا ئێستا دەسەڵات ژمارەی بریندارانی بۆ خۆپیشاندەران بڵاونەكردۆتەوە.

سەرچاوە: رۆیتەرز ، ئاسۆشێتد پرێس ، سكای نیوز