ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، باڵیۆزی عێراق لە ستۆکهۆڵم سەبارەت بە بێڕێزیکردن بە قورئانی پیرۆز لە پایتەختی سوید پەیامێکی وەزارەتی دەرەوەی سویدی پێگەیشتووە، کە ئاراستەی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی هاوکاری ئیسلامی کراوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە پەیامەکەی وەزارەتی دەرەوەی سوید هاتووە: حکومەتی سوید داوای لێبوردن دەکات لەسەر ئەو رووداوەی رۆژی 28ـی حوزەیران روویدا، کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربان.
وەزارەتی دەرەوەی سوید جەختیشی کردەوە لەوەی، حکومەتی سوید، ئەو کارانەی کە دژی ئیسلامن رەت دەکاتەوە و پاڵپشتییان ناکات و چاوپۆشیشیان لێناکات.
ئاماژەی بەوەشدا، حکومەتی سوید لە نیگەرانییەکانی موسڵمانانی سوید و وڵاتانی دیکەی جیهان تێدەگات، کە هەست بەوە دەکەن بێڕێزێ بەرانبەر بە ئایینەکەیان کراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، پۆلیسی سوید لەچوارچێوەی یاسای تاوانی رق و کینە، لێکۆڵینەوە لەو بابەتە دەکات.