بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر تۆمەتبارێکی بە تۆمەتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و چەکی بێ مۆڵەت دەستگیر کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 29/6/2023، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە راگەیاندراوێکدا بڵاوی کردەوە: “لەپێناو پاراستنی سەرو ماڵی هاونیشتمانیان، بازگە کاتییەکان لەلایەن هێزەکانمان لە (بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر)ەوە لە ڕۆژان و شەوانی جەژنی پیرۆزی قوربان بەردەوامی هەیە و توانیمان دەستبگرین بەسەر چەند پارچە چەکی بێ مۆڵەت و ئۆتۆمبیلی بێ سەرەتا.”
ئاماژە بەوەش دراوە: “دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر تۆمەتبارێکی بەڕەگەز عەرەب بەناوی(ن، ف، م) مان دەستگیر کرد کە بڕێک ماددەی هۆشبەر و کەلوپەلی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر و چەکی بێ مۆڵەتی لا بوو.”
ئەوەش خراوەتە روو: “هەڵمەتی دەستبەسەراگرتنی چەکی بێ مۆڵەت لە لایەن هێزەکانمانەوە بەردەوامی دەبێت بۆیە داوا لەهاونیشتمانیان دەکەین خۆیان بە دوور بگرن لە هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت، چونکە هەرکەسێک چەکی بێ مۆڵەتی لا بێت دەستگیر دەکرێت و ڕوبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.”