رووسیا دوو رۆژی سەختی بەڕێ كرد، كاتێك گرووپی ڤاگنەر لە سوپا و حكوومەتی ئەو وڵاتە هەڵگەڕایەوە و هێزەكانی لە ئۆكراینا گەڕاندەوە ناو رووسیا و شارێكی كۆنترۆڵ كرد و بەرەو مۆسكۆی پایەتەخت پێشڕەوی كرد، بەڵام سەرۆكی بیلارووسیا لە بەیانییەوە خەریكی گفتوگۆیە لەگەڵ فەرماندەی یاخیبووان و توانی بە وەستانی پەرەسەندنەكان رازی بكات.

دوای ئەوەی ئەمڕۆ نووسینگەی راگەیاندنی ئەلیكسەندەر لۆكاشینكۆ، سەرۆكی بیلارووسیا رای گەیاند كە لە ئەنجامی گفتوگۆی لۆكاشینكۆ لەگەڵ یەڤگینی بریگۆجین، سەرۆكی گرووپی ڤاگنەر، ئەوان گەیشتنە رێككەوتن بە هێوركردنەوەی دۆخەكە و كشانەوەی هێزەكانی ڤاگنەر بۆ شوێنی خۆیان.

  كرملین رای گەیاند كە بەپێی رێككەوتنەكەی پێی گەیشتوون، فەرماندەكەی ڤاگنەر دەچێتە بیلارووسیا و تۆمەتەكانی دژی هەڵدەوەشێنەوە، هەروەها ئەو شەڕوانانەی گرووپەكە كە بەشداریان لە یاخیبوونەكە كردووە، راوەدوو نانرێن، ئەوانەشی بەشداریان نەكردووە، دەخرێنە سەر وەزارەتی بەرگریی رووسیا، گوتەبێژی كرملین ئەوەشی دووپات كردەوە كە ئێستە شوێنی بریگۆجین نازانن.