وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان هاووڵاتییان لەبارەی گرفتێکی تەکنیکی ئاگادار دەکاتەوە و ئاماژەی بەوە داوە کە بەرهەمهێنانی كارەبا 1800 مێگاوات كەم بووەتەوە.

ئەمڕۆ شەممە 24ـی 06ـی 2023 وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئاگاداری هاوبەشانی كارەبا دەكەینەوە بەهۆی گرفتێكی تەكنیكی لە پڕۆسەی گواستنەوەی شلەی غاز لەلایەن كۆمپانیای گواستنەوەوە بۆ ناو کۆگەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، ئاستی غازی شل لەناو كێڵگەی كۆرمۆڕ بەرزبووەتەوە و مەترسی لەسەر كێڵگەكە دروست كردووە.

ڕاشیگەیاند: بەناچاری بەرهەمهێنانی غاز بە بڕی 250 ملیۆن مەتر سێجا كەم كراوەتەوە، بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی كارەبا 1800 مێگاوات كەم بووەتەوە.

وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوە داوە کە ئێستا هەموو لایەنە پەیوەندارەكان لە هەوڵی چارەسەركردنی گرفتەكەدان.