خەبات-رۆشنا عەلی:
لە كەمپی نوێی زانكۆی سەڵاحەدین ژمارەیەك پرۆژەی دروستكردنی كۆمەڵگەی بەشەناوخۆیی دروستدەكرێن كە تایبەتن بە كوڕان وبەشێكە لە پرۆژەی كەمپی زانكۆی سەڵاحەدین، ڕێژەی ٩٨%ی كارەكانی تەواو بووە.
كێشەی بەشە ناوخۆیی بەشێكە لە كێشەكانی زانكۆكان و هەموو ساڵێك لەگەڵ دەسپێكی خوێندندا سەر هەڵدەدەنەوە،بۆ ئەمساڵاَ بەشێك لەم كێشانە لەڕێگای دروستكردنی چەند پڕۆژەیەكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە چارەسەركراوە بە دروستكردنی ژمارەیەك بەشە ناوخۆیی كە بڕیارە تایبەت بێت بە كوڕان ولە كەمپی نوێی زانكۆی سەڵاحەدیندا دروستكراون، بەمەبەستی كار ئاسانی بۆ هات و چۆكردنی قوتابیان .
لە لێدوانێكی تایبەت بە رۆژنامەی خەبات سامان عەبدوڵا بەرێوەبەری ڕاگەیاندنی سەرۆكایەتی زانكۆی سەڵاحەدین بۆ خەبات گوتی : پڕۆژەكە لەسەر ڕووبەری 24 دۆنم زەوی دروستكراوەو %98 كارەكانی تەواو بووە و تەنها ڕاكێشانی هێڵی كارەبای ماوە كە ڕەنگە لەماوەی دوو مانگی داهاتوودا تەواو بێت.
هەروەها سامان عەبدوڵا ئاماژەی بەوەدا كە پڕۆژەكە 22ملیۆن دۆلار تێچووەكەیەتی لەمبارەیەوە گوتی : پرۆژەكە گوژمەی ٢٢ ملیۆن و ٤٦٢ هەزارو ٦٤١ دۆلاری لەسەر بوودجەی پترۆدۆلار بۆ تەرخان كراوە، لە ٢٦ـی تشرینی یەكەمی ٢٠١٠ دەستی پێكراوە ، ڕووبەرەكەشی ٢٤ دۆنمە (٦٠ هەزار مەتر چوارگۆشە) یە، بە تەواوبوونی ئەم پرۆژەیە نزیكەی هەزار و ٤٠٠ قوتابی تا ٢ هەزار و ١٠٠ قوتابی لێی سوودمەند دەبن .
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی سەرۆكایەتی زانكۆی سەڵاحەدین دەربارەی پێكهاتەی پرۆژەكەش گوتی : پرۆژەكە لە چوار باڵەخانەی سێ نهۆمی، لەگەڵ باڵەخانەیەكی كافتریای سێ نهۆمی و هەشت كوشك و بنكەیەكی تەندروستی و باڵەخانەیەكی كارگێڕی و هۆڵی پێشوازی و هۆڵێكی گەورە پێكهاتووە. لە هەر باڵەخانەیەكیش دوو ژێرزەمینی تێدایە، ڕووبەری هەر یەكێكیان ٤٠٠ مەتر چوارگۆشەیە و پاركی ئوتومبێل و ٢ گۆڕەپانی بالە و باسكەی تێدایە .
هەروەها لەڕووی پاراستنی سەلامەتییەوە، سیستەمی ئاگركوژێنەوەو زەنگدانەوەی ئاگری تێدایە و ئینتەرنێت و سیستەمی كامێری چاودێری هەیە؛ هەموو باڵەخانەكان بەو سیستەمانەوە بەستراونەتەوە. ئەو پرۆژەیە لەلایەن ئەندازیارانی بەرێوەبەرایەتیی ئەندازە و پرۆژەكان نەخشەسازی بۆ كراوە و هەر لەلایەن خۆشیانەوە سەرپەرشتی تەواوكردنی پرۆژەكە دەكرێت.
پرۆژەی دروستكردنی كۆمەڵگەی بەشە ناوخۆیی، ڕێژەی ٩٨%ی تەواو بووە. ئەوەی ماویەتی، تەنیا ڕاكێشانی هێڵی كارەبایە و لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا تەواو دەبێت. وەزارەتی كارەبا پشكنینی بۆ ڕاكێشانی كارەباكە كردووە، كە بە ٣٣ كەیڤی، نزیكەی ٥،٣ مێگاوات كارەبای دەوێت. لەگەڵ دابینكردنی كەلوپەلی پێویست بۆ حەوانەوەی قوتابیان؛ بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەك لەلایەن سەرۆكایەتیی زانكۆوە ڕاسپێردراوە بۆ ئەوەی دەرخستەیەك ئامادە بكات، تا بە زووترین كات هەردوو بەشی ڕاكێشانی كارەبا و كەلوپەلی پێویست دابین بكرێت.
بە تەواوبوونی ئەو پرۆژەیەش زانكۆ زۆر سوودمەند دەبێت، لەبەر ئەوەی ژمارەیەكی زۆر فێرخواز لە خۆی دەگرێت. باڵەخانەكەش بەشێوەیەكی زۆر شارستانی دروست كراوە.