مه‌سرور بارزانی له‌ هه‌ولێر سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی كار و ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی كرد و پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی کاروباری دەستەبەری کۆمەڵایەتی و بە دیجیتەڵکردنی ئەرشیفەکەی به‌سه‌ر كرده‌وه‌.

ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه‌ 14/6/2023، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كار و ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ هه‌ولێر به‌سه‌ر كرده‌وه‌ و له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداری پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی کاروباری دەستەبەری کۆمەڵایەتی و بە دیجیتەڵکردنی ئەرشیڤەکەی بوو، له‌و میانه‌شدا وتارێكی گرنگی پێشكه‌ش كرد، ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

سەردانی ئێرەمان كردووە بۆ ئەوەی بزانین پرۆسەی دەستەبەری كۆمەڵایەتی چۆن بەڕێوە دەچێت؟ ئەمە پرۆژەیەكە بۆ زیاتر گەیاندنی خزمەت بە هاووڵاتیان و بەتایبەتی كرێكاران كە لە كەرتی تایبەت ئیش دەكەن.

ئێمە بینیمان كە بە چ شێوەیەك ئەم دۆسییانە، ئەم دۆكیۆمێنتانە هەموویان لە شوێنی جیاجیا هەن و لەوانەیە زۆر ماوەیەكی دوورودرێژی بوێ بۆ فەرمانبەرێك بتوانێ كار لەسەر ئەم فایلانە بكات. ئامانج لەم كارە ئەوە بووە كە ئێمە بتوانین هەموو ئەو دۆكیۆمێنتانە بەدیجیتاڵی بكەین و خزمەتگوزارییەكان ئاسان بكەین، هەم ئاسانكاری بۆ حكوومەت بكرێ و هەم بۆ كرێكاران.

بەرنامەی حكوومەت ئەوەیە كە هەرچیی كرێكارە لە كەرتی تایبەت، هەموویان لە دەستەبەری كۆمەڵایەتی تۆمار بكرێن، كە ئەمە دەبێتە هۆكارێكی زۆری هاوكاریكردن لە حكوومەت و هەلی كار و هاووڵاتیانیش بۆ ئەوەی ڕوو لە كەرتی تایبەت بكەن. چونكە دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ ئەوان لە كەرتی تایبەت مسۆگەر دەكرێ، پێویست نییە هەموویان ڕوو لە كەرتی گشتی بكەن بۆ ئەوەی دڵنیا بن كە لە داهاتوودا مافیان پارێزراوە.

ئەمە ئامانجی سەرەكیی حكوومەت بووە، ئامانجەكەش ئەوەیە كە ئێمە بتوانین ئەو ڕێژەیەی تاوەكوو ئێستا دەستەبەری بۆ كراوە كە وابزانم ئەوەی بیستوومە تەنیا 10%ە، ئەمە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاد بكرێ و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانیش چ لە وەزارەتەكان و چ لە كەرتی تایبەت، هەمووی هاوكاریی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بكەن بۆ ئەوەی لە دەستەبەری كۆمەڵایەتی خۆیان تۆمار بكەن.

ئەمە بێگومان یارمەتییەكی زۆری كرێكاران دەدات، لە هەمان كاتدا ئەو پێویستییانەی كە هەیانە بۆ دوای خانەنشینبوونیان، ئەمانە هەمووی زەمانەت و گەرەنتی دەكرێن. لە هەمان كاتدا ئەو بەشە پارەیەی كۆ دەكرێتەوە، ئەمە باج نییە، یانی دەستەبەری كۆمەڵایەتی بە هیچ شێوەیەك باج نییە، بەڵكوو تەنیا گەرەنتیكردن و مسۆگەركردنی داهاتووی ئەو كەسانەیە كە لە كەرتی تایبەت ئیش دەكەن. ئەمە دەكرێ حكوومەت سوودێكی تریشی لێ وەربگرێ و وەبەرهێنانی تێدا بكات، ئەمە یارمەتییەكی زیاتری بووژانەوەی ئابووریی هەرێمی كوردستان دەدات.

من بینیم، سەیرمان كردن كە بە چ شێوەیەك كاری جددی تێدا دەكەن، لەسەر ئاستی هەموو كوردستان بیستوومە كە زیاتر لە 40 هەزار دۆسیە هەیە كە كاری تێدا دەكەن، لە هەولێر و لە پارێزگاكانی تر، دهۆك و سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆكان، لە هەموو ئەو شوێنانە خەریكن ئەوانەش بخرێنە پرۆسەكەوە كە كارێكی وردە، بەڵام بیستوومە كە لە ماوەی چەند مانگێكی داهاتوودا ئینشائەڵا ئەم كارانە تەواو بكرێن، ئەمە ئاسانكارییەكی زۆر دەكات بۆ فەرمانبەرانیش، بۆ وەزارەت دەستەبەری كۆمەڵایەتیش هاوكارییەكی زۆر دەبێت، لێرەدا جێی خۆیەتی من سوپاسی بەڕێز وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و تیمەكەی بكەم، هەروەها سوپاسی فەرمانگەی تەكنەلۆژیا و زانیاریی بكەم و ئەو تیمەی كە لە لای خۆشمەوە دەستنیشانم كردوون بۆ یارمەتیدان و هاوكاریكردن بۆ جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە.

هیوادارم ئەم پرۆژەیە و هەموو پرۆژەكانی تر كە لە بەرنامە و ئەجێندای ئەم حكوومەتەدا هەن، لە زووترین كاتدا جێبەجێ بكرێن بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین خزمەتێكی زیاتری هاووڵاتیان بكەین و ئەو دڵنیاییەی كە خەڵك و كرێكارانیش مەبەستیانە، پێیان بدەین و ئینشائەڵا هەر سەركەوتوو بن.