خەبات: هەریر – حەمید سورچی:- ساڵانە لە هەریر بەروبوومی گەنم دەچێندرێت، بۆ ئەمساڵیش 35 بۆ 40 هەزار تەن گەنم بەرهەمی ئەم ساڵە، پێشبینی دەكرێت بەرهەمی ئەمساڵی گەنم لە دەشتی هەریر لەچاو ساڵەكانی دیكە زۆرباشتربێت، سەبارەت بە پلانی وەرگرتنی گەنم لەلایەن جووتیارانەوە پێویستە جووتیارەكان سەردانی بنكەی كشتوكاڵی هەریر بكەن، بۆ رێنمایی و شێوازەكانی ناو نووسین سەبارەت بە وەرگرتنی گەنمەكانیان لەلایەن سایلۆكانەوە.
سەبارەت بە رێژەی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران لەچاو ساڵەكانی دیكە، بەرپرسی هۆبەی کشتوکاڵی هەریر فەریق حەسەن بە (خەبات) راگەیاند: لە ڕاستیدا بەرهەمی ئەم ساڵی گەنم و جۆ زۆرباشە، دەتوانین بڵێن ڕێژەی گەنمی ئەمساڵ دووجار ئەوەندەی ساڵانی ڕابردووە، پارساڵ کە بارانی باش نەباری رێژەی گەنمەكە وەكو پێویست نەبوو، بەڵام بۆ ئەم ساڵ رێژەی بەرهەمی گەنم بەنزیکەی (35 بۆ 40) هەزار تۆن دەبێت.
فەریق حەسەن بەرپرسی هۆبەی كشتوكاڵی هەریر لە بارەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ئەو ناوچەیە بە سایلۆكان بۆ (خەبات) گووتی: سەبارەت بە پلانی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، ئێمە هەر لە دوای چاندنی گەنم لەلایەن جووتیارانەوە، ئاگاداری موختار و جووتیارانمان کردووەتەوە، هەر جووتیارێک بیەوێت بەرهەمی گەنمەکەی بدات بەسایلۆکان، پێویستە سەردانی بنكەی كشتوكاڵی هەریر بكەن، بۆ ئەوەی بەپێی ڕێنماییەکان ناوی خۆیان تۆمار بکەن.
بەرپرسی هۆبەی كشتوكاڵی هەریر فەریق حەسەن، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: تا کۆتایی مانگی سێ توانیوومانە 95% جووتیارانمان ناونووس بکەین، لە هەفتەی داهاتوو لەو 150هەزار تەنەی بۆ هەولێر دانراوە، بەشمان بەدیاردەکەوێت، دوای گەیشتنی سڕەی هەریر، پشتگیری دەدەین بەو جووتیارانەی كە خۆیان تۆمارکردووە، هەر جووتیارێک دەتوانێت ئەو بڕەی بۆی هاتۆتەوە بیداتە سایلۆكان.
فەریق حەسەن بەرپرسی هۆبەی كشتوكاڵی هەریر