خەبات: لەماوەی 3 مانگی رابردوو، (CNN Academy) بە سەرپەرشتی لوك هندرسۆن خولێكی راهێنانی نێودەوڵەتی بۆ رۆژنامەنووسان به بەشداریی چەندین رۆژنامەنووس لە كەناڵە جیاجیاكان كردەوەو كەسانی پسپۆری كەناڵەكە وانەیان تێدا دەگوتەوە، هاوكارمان سەنگەر حوسێن لە رۆژنامەی خەبات بەشداری خولەكەی كردو لەكۆتاییدا بڕوانامەی بەدەستهێنا.
ساڵانە نووسینگەی (CNN Academy) لەشاری هەولێر چەندین خولی راهێنان بۆ رۆژنامەنووسان دەكاتەوە بە مەبەستی پێگەیاندن و پێشخستنی ڕۆڵیان، بۆ ئەمساڵیش لە 9ی ئادار تاكو 9ی حوزەیرانی 2023، خولێكی نوێ كرایەوە، تێیدا تیشك خرایە سەر چەندین بابەتی میدیایی لەوانە: سەرچاوەكانی بواری میدیایی و چۆنیەتی كاركردن بە شێوەیەكی زیرەك.
سەرەتا بەشێوەی ئۆنلاین و لەرێگای زوومەوە، بەشداربووان بە پەیامنێرو بێژەرو بەرێوەبەرانی كەناڵی CNN لەچۆنییەتی كاركردنی رۆژانەیان ئاشنا بوون، هەروەها لە بوارەكانی ئەتیكی رۆژنامەوانی، هەواڵی بە پەلە، چۆنیەتی ئاشكراكردنی وێنەو ڤیدیۆی فێك، ئامادەكاری بۆ كاری میدیایی، هونەری گێڕانەوەی چیرۆكی دیجیتاڵی، نووسین بۆ تەلەفزیۆن و چۆنیەتی وێنەگرتن بە مۆبایل لەگەڵ چەندین تەوەری دیكە. لە كۆتایی خولەكەدا، كە بەشێك لە كادیرو كارمەندانی دەزگاكانی راگەیاندنی پارتی بەشدار بوون، لەنێویاندا رۆژنامەنووس سەنگەر حوسێن لە رۆژنامەی خەبات، بڕوانامەو رێزلێنان بەسەر بەشداربووان دابەشكرا.
لە كۆتایی مەڕاسیمەكەدا (عومهر بهكر) بەناوی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی پیرۆزبایی لەو هەڤاڵانە کرد و هیوای خواست کە ئەو بابەت و وانانەی لەو ماوەیەدا ئاشنایان بوون کاریگەری بەرچاویان هەبێت لەسەر توانا کەسیەکانیان وەکو میدیاکاری پارتیمان و کەناڵ و ئۆرگانەکانیشیان کە کاری تێدا دەکەن.
بەشداربووان لەكاتی وەرگرتنی بڕوانامەی ئەكادیمی CNN
هاوكارمان سەنگەر حوسێن لەكاتی وەرگرتنی بڕوانامە لە ئەكادیمیای CNN