دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە بۆ کاتژمێر یەکی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی (9ـی حوزەیرانی 2023) بە کراوەیی هەڵگیرا.
لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق لە درەنگانی شەوی (8ـی حوزەیرانی 2023)، شەش ماددە لە پرۆژەیاسای بودجە بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 پەسەندکرا کە بریتین لە ماددەکانی (یەکەم، سێیەم، پێنجەم، شەشەم، حەوتەم و هەشتەم)، هەروەها دەنگدان لەسەر ماددەی دووەم دواخرا و ماددەی چوارەمیش لەناو پرۆژەیاساکە لادرا.
لە ماددەی یەکەمی پرۆژەیاسای بودجەدا کە پەسەندکرا، بەهای 100 دۆلار بەرامبەر 130 هەزار دینار بۆ ماوەی سێ ساڵ (تا کۆتایی ساڵی 2025) جێگیرکرا و نرخی یەک بەرمیل نەوتیش بە 70 دۆلار دانراوە.
هەروەها لە بودجەدا بڕی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دانراوە، بە 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستانیشەوە.