خەبات: عەلی بانیشاری:- لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ (خەبات) بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان دەڵێت: هیچ ساڵێك وەكو ئەمساڵ ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی وەزاری پۆلی 12ی ئامادەیی نەكراوە و لە تەواوی هۆڵەكانی تاقیكردنەوە ئامێری فێنككەرەوە دانراوە. لە سنووری پەروەردەی گەرمیان، بۆ ساڵی خوێندنی 2022-2023 زیاتر لە 5000 قوتابی پۆلی 12ی ئامادەیی بەشداری تاقیكردنەوەی وەزاری دەكەن. دارا ئەحمەد ئاماژەی بۆ ئەوەشدەكات ((مامۆستای وانەبێژ، گرفتی كەمی میلاكی بۆ پڕكردوونەتەوە)).
ئامادەكاری تەواو بۆ ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكان كراوە
لە سنووری ئیدارەی گەرمیان 5189 قوتابی پۆلی 12ی ئامادەیی (زانستی، وێژەیی، پیشەیی) بەشداری تاقیكردنەوەی وەزاری دەكەن و 516 مامۆستایش چاودێری هۆڵەكانی تاقیكردنەوە دەكەن. دارا ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: ئامادەكاری تەواو بۆ ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكانی وەزاری پۆلی 12ی ئامادەیی كراوە، ئەمساڵ ئامێری فێنككەرەوەی پێویست بۆ تەواوی هۆڵەكانی تاقیكردنەوە دابینكراوە لەو ڕووەوە هیچ كەموكورتییەكمان نییە. گوتیشی: جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو، ئەمساڵ زۆرینەی هۆڵەكان سپلیتیان تێدایە و هەر هۆڵێكیش سپلیتی تێدا نەبێت، موبەریدەی بۆ دابینكراوە.
پەروەردەی كەلار زۆرترین قوتابی پۆلی 12ی ئامادەیی هەیە
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی گەرمیان، لە سنووری پەروەردەی كەلار زۆرترین قوتابی پۆلی 12ی ئامادەیی كە بەشداری لە تاقیكردنەوەی ساڵی خوێندنی 2022-2023 دەكەن كە 3716 قوتابین لە بەشەكانی (زانستی، وێژەیی، پیشەیی). لە دوای ئەو پەروەردەی كفری بە پلەی دووەم دێت بە 820 قوتابی و پاشان پەروەردەی خانەقین لە پلەی سێهەم دێت بە 653 قوتابی. لە تەواوی سنووری پەروەردەی گەرمیان، 86 هۆڵ بۆ ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی وەزاری پۆلی 12ی ئامادەیی ئامادەكراوە كە بەم شێوەیە: (پەروەردەی كەلار 57 هۆڵ، پەروەردەی كفری 18 هۆڵ، پەروەردەی خانەقین 11 هۆڵ).









