
سوورە مەرگەیی
یەکێک لە چەکە کوشندەکانی دەستی داگیرکاران بۆ سەرکوت کردنی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی گەلانی بندەست، پەنابردنە بۆ پیلانگڕیی دووقۆڵی و هەندێ جار زیاتر و، لە قۆناغە زۆر هەستیارەکاندا فراوانی دەکەن بۆ پیلانی نێودەوڵەتییش، مەرجی رەسەنایەتیی شۆڕشەکان و هەڵگری خواستی گەلە بندەستەکانیش، وەڵامدانەوەی پیلانگێڕییەکانە لە لایەن شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازانی گەلە بندەستەکان، شۆڕشەکانی کورد بەهۆی دابەشبوونی کوردستان بەسەر چوار وڵاتی داگیرکار و دەورەدانی کوردستان لە لایەن ئەو چوار داگیرکارەوە، وایکردووە زیاتر دەرفەت بۆ پیلانگێڕییەکان بڕەخسێ، ئەوەش ئەرکی شۆڕشگێڕان هەم قورستر دەکا و، هەمیش زۆرترین جار بکەونە بەر هەژموونی پیلانگێڕییەکان.
شۆڕشەکانی کوردیش هاوشێوەی شۆڕشی گەلە بندەستەکانی جیهان لەو پیلانگێڕییانە بێبەش نەبوون، ئەوەی جێگای هەڵوەستە لەسەر کردنە، لەوکاتەوەی رابەرایەتی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی گەلی کوردی خاک داگیرکراو و چاو لە دووی ئازادی و سەربەخۆیی، کەوتۆتە دەست خانەوادەی بارزانیی نەمر، زۆرترین جار کەوتۆتە بەر هەژموونی پیلانگێڕییەکان، بەڵام بە هۆی رەسەنایەتیی شۆڕشەکان و لێبڕاوی و ئیرادەی شۆڕشگێڕی و کوردپەروەریی خانەوادەی بارزانیی نەمر، وەڵامی یەک بە یەکی پیلانگێڕییەکان دراوەتەوە و بە گوڕوتینی نوێ و خوێنی تازەوە بەردەوامییان بە شۆڕش داوە.
ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی بزووتنەوەی رزگارخوازیی کورد بدەینەوە، ئەوجار تێدەگەین کە پیلانگێڕییەکان چ کاریگەرییەکی کارەستباریان بەسەر شۆڕشەکانی کوردەوە هەبووە، ئەوە شۆڕشی شێخ عەبدولسەلامی بارزانی دژ بە تورکە عوسمانییەکان، کە بە پیلان و بەڵێنی درۆزنانە خرایە داوی پیلانگێڕی و، بەو هۆیەوە شێخ عەبدولسەلامی بارزانی لە ساڵی ١٩١٤ لە سێدارە درا، ئەوە پیلانی سەر شۆڕشی ساڵی ١٩٣١ بۆ ١٩٣٢ کە، بە شۆڕشی ١٩٤٣ بۆ ١٩٤٥ی بارزان وەڵامی ئەو پیلانە درایەوە، ئەوە شۆڕشی ١٩٤٣ بۆ ١٩٤٥ دژی رژێمی پاشایەتی کە بە پشتیوانی ئینگلیزەکان و بوونی هێزی نابەرانبەر پیلانی لە دژ گێڕدرا، ئەو پیلانەش بە چوونی بارزانیی نەمر و بارزازانییەکان بۆ رۆژهەڵات و پێشتیوانی لە کۆماری کوردستان وەڵام درایەوە.
دوای شۆڕشی ١٤ی تەموزی ساڵی ١٩٥٨و رووخانی رژێمی پاشایەتی و گەڕانەوەی بارزانیی نەمر لە یەکێتی سۆڤییەتی جاران و، پەشیمان بوونەوەی عەبدولکریم قاسم لە بەڵێنەکانی، شۆڕشی مەزنی ئەیلول وەک هەڵگری خواستی گەلی کورد بە رابەرایەتیی بارزانیی نەمر دەستی پێکرد.
شۆڕشی مەزنی ئەیلول گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەر بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کورد هێنا، ئەویش گواستنەوەی شۆڕش بوو لە بزووتنەوەی ناوچەگەرییەوە بۆ شۆڕشێکی سەرتاسەری کوردستانی و بە نیشتمانیکردنی ئامانجەکان، کە تا شۆڕشی ئەیلول، هەم شۆڕش و راپەڕینەکان ناوچەیی بوون، هەمیش داخوازیی شۆڕشەکان زیاتر ناوچەیی بوون، ئەوەش وایکرد رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق زۆرترین پیلان لە دژی شۆڕشی ئەیلول بگێڕن و هەموو پیلانەکانیش پووچەڵ بکرێنەوە، رێککەوتنی ١١ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ش یەکێک لە دەسکەوتەکان بوو، کە تا ئێستاش بە یەکێک لە دەستکەوتە مێژووییەکان هەژمار دەکرێ، تا دواجار رژێمی بەعس بە شێویەک تەنگاو بوو، کە ناچار بوو بە تەنازولێکی زۆرەوە بۆ شای ئێران و بە هاوکاریی ئەمەریکا لە جەزائیر پیلانێک لە دژی شۆڕشی ئەیلول ساز بکات، ئەگەرچی بەهۆی ئەو پیلانە نێودەوڵەتییە توانرا شۆڕشی ئەیلول بۆ ماوەیەکی کاتی بوەستێنن، بەڵام ئەو پیلانەش بە هەستانەوەیەکی نوێ کە بە شۆڕشی ٢٦ی گوڵان ناسراوە وەڵام درایەوە.
شۆڕشی ٢٦ی گوڵان وەک درێژەپێدەری شۆڕشی ئەیلول و وەڵامدەرەوەی پیلانە نێودەوڵەتییەکەی جەزائیر، هەگبەی کۆمەڵێ دەستکەوتی وەک راپەڕین و پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆرترین پیلانی لە دژ گێڕدراوە، هەموو پیلانەکانیش بە پشتیوانی وڵاتانی هەرێمی و بەشداری هەندێ دەستە و گرووپی بەرژەوەندخوازی دژە کوردستانی و خیانەتکارانی کورد بوون، بەڵام بە هۆی ئەزموونی شۆڕگێڕیی سەرۆک بارزانی وەک رێبوارە بە ئەمەگەکەی رێبازی بارزانیی نەمر و پشتبەستنی بە ئیرادەی گەلە ستەمدیدەکەی، هەموو پیلانەکانی وەک ماڵی قەڵب بەسەر خاوەنەکانی دادانەوە.
دوژمنانی کورد و داگیرکارانی کوردستان بۆ پێشگرتن بە شۆڕشی کورد و درێژەدان بە سیاسەتی داگیرکاری و هێنانەدی خەونەکانیان، پێویستیان بەوەبوو بارزانیی نەمر و بارزانییەکان لە جەماوەر و خەڵکی کوردستان دوور بخەنەوە، بۆ ئەو مەبەستە و بەدیهێنانی ئەو خەونە نەزۆکەیان، هاوکات لەگەڵ بەردەوامی و درێژەدان بە پیلانەکانیان، چەند جارێک خانەوادەی بارزانیی نەمر و بارزانییەکانیان لە کوردستان و زێدی خۆیان دوور دەخەنەوە، بەڵام هەموو جارێک لەگەڵ هەڵکەوتنی بچووکترین دەرفەت خۆیان دەگەیەننەوە ناوچەی (بارزان)ی پایتەختی کوردایەتی و، مەڵبەندی شۆڕش و رابوون و بەرخودان، بارزانیی نەمر شۆڕش هەڵدەگیرسێنێتەوە و، بە هەڵگیرساندنی شۆڕش وەڵامی پیلانگێڕییەکان دەداتەوە، وەک ئەوەی لە ساڵی 1942 کە لە سلێمانی دەست بەسەربوو، بە هاوکاری بنەماڵەی شێخ مەحمودی حەفید و چاوساغی مستەفا زێندین، ناسراو بە (مچە مەرگەیی) لە رێگای رۆژهەڵاتی کوردستانەوە لە سلێمانی دەردەچێ و، خۆی دەگەیەنێتەوە بارزان و شۆڕشی ١٩٤٣ بۆ ١٩٤٥ی بارزان هەڵدەگیرسێنێ.
ئەوەی باسکرا مشتێک بوو لە خەرواری زنجیرە پیلانگڕییەکانی دوژمنانی کورد و داگیرکارانی کوردستان و، وەڵامە شۆڕشگێرییەکانی بارزانیی نەمر و بارزانییەکان بوو بۆ پیلانگێڕییەکان، بۆیە دەبێ خەڵکی کوردستان لەوە دڵنیابێ کە پرسی کورد لە دەستێکی ئەمین دایە و هیچ زەبروزەنگ و پیلانگێڕییەک زەفەری پێنابات، دوژمنانی کورد و داگیرکارانی کوردستانیش دەستبەرداری خەون و خەیاڵی نەزۆکیان ببن.