تێتیانا: گەورەترین خەونم ئەوەیە لەگەڵ باشترین ئافرەتانی جیهانی یاری بكەم و لەداهاتوودا ببمە پاڵەوانی جیهان
دیمانە- هاوار مورتكەیی:
تێتیانا سكاربەر كچە شەترەنجزانێكی لاوی ئۆكراینایە و تەمەنی 15 ساڵە، بەشداری لەچەندین بۆنەی جیاوازی وڵاتەكەی و ئەورووپا و جیهان كردووە، تێتیانا تایبەت بەلاپەڕەی وەرزشی خەبات باس لە ژیانی وەرزشی خۆی دەكات و لەهەمان كاتیش نایشارێتەوە كە ئەم شەڕەی ئێستا لە ئۆكراین هەیە، كاریگەری نەوەك هەر لەسەر ژیان بەڵكو لەسەر تەواوی وەرزشیشەوە هەیە.
لە یانەی ئەسپی سپی یاری دەكەم
لەدەستپێكدا ئەم كچە لاوە دەڵێت: لە ساڵی 2007 لە گوندی پاسکی-زوبریتسکی لە ناوچەی لڤیڤ لەدایکبوومە، پۆلی 9م تەواو كردووە، لە منداڵیدا حەزم لە سەیرکردنی یاری شەترەنجی گەورەکان بوو، لە تەمەنی 6 ساڵیدا دایک و باوکم بۆردی شەترەنجیان بۆ كڕیم، و لەو کاتەوە لەگەڵ باوکم دەستم بە یاری شەترەنج کرد، لە ساڵی 2015 بەفەرمی چوومە نێو دونیای شەترەنجەوە و پەیوەندیم بە یانەی شەترەنجی (ئەسپی سپی)ـیەوە كرد ئێستاش بەردەوامم و هەر لەو یانەیەدا راهێنانی خۆم دەكەم.
كاتیك بوومە پاڵەوانی ئۆكراین
تێتیانا لەبارەی یەكەم بەشداری و دەسكەوتەكانیەوە گوتی: لە ساڵی 2016 بەشداریم لە پاڵەوانێتییەك كرد و توانیم لەنێو كچەكان پلەی یەكەم بەدەست بهێنم، باشترین دەستکەوتیشم تا ئێستا بوونم بە پاڵەوانی ئۆکرانیا لەنێو کچانی خوار 18 ساڵ (16ی فێبریوەری 2022 )، لە ئەیلولی ساڵی 2022 بەشداریم لە پاڵەوانێتی جیهانی كرد لە ئاستی خوار 18 ساڵیدا، كە لە رۆمانیا بەڕێوەچوو توانیم پلەی دوانزە بەدەست بهێنم، ئێستاش بەردەوام راهێنان دەكەم، چونكە گەورەترین خەونم ئەوەیە لەگەڵ باشترین ئافرەتانی جیهانی یاری بكەم، و رەنگە لەداهاتوودا ببمە پاڵەوانی جیهانیش.
لەپەناگە خۆمان دەشارینەوە
لەكۆتاییدا تیتیانا سكاربەر كچە شەترەنجزانی لاوی ئۆكراینی كە هێشتا لەگەل خانەوادەكەی لە لڤیڤ لە ئۆكراینا دەژین، لەبارەی ئەو شەڕەی ئێستاوە گوتی: شەڕەکە کاریگەری لەسەر باری دەروونی هەموو تاكێم دەبێ، زۆرجار لە کاتی وانەکان لە قوتابخانە و لە ترسی كەوتنەوەی بۆمب، دەبێت لە پەناگەیەک خۆت بشاریتەوە. وەرزشکردن لە ژێر شەڕ و ترسدا قورس بووە، شەڕ ترسناکترین شتە کە دەتوانێت ڕووبدات (بەبێ گوێدانە ئەوەی کام وڵاتە)، كاریگەری لەسەر ژیان هەیە، بەتایبەتیش وەرزش، بە دڵنیاییەوە دادپەروەری و خۆشەویستی بۆ ئازادی، سەردەکەون، شکۆمەندی بۆ ئۆکرانیا.