حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند ئەو گۆڕانکاریانەی لەلایەن بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پرۆژەیاسای بودجە ئەنجامدراوە، نادەستوریین و دژی رێککەوتنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵییە و هەروەها دژی پرەنسیپەکانی رێککەوتنی حکومەتی ئیدارەی دەوڵەت و بەرنامەی ئەو کابینەیەیە کە لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگیان لەسەر دراوە. 

دەقی راگەیەندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

ئەو گۆڕانکاریانەی لەلایەن بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە رێکەوتی 2023/5/25 دژی هەرێمی کوردستان، لەسەر پرۆژەیاسای بودجە ئەنجام دران، نادەستوریین و دژی رێککەوتنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵییە و هەروەها دژی پرەنسیپەکانی رێککەوتنی حکومەتی ئیدارەی دەوڵەت و بەرنامەی ئەو کابینەیەیە کە لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگیان لەسەر دراوە.

ئێمە وەک حکومەتی هەرێم، بە هیچ شێوەیەک، ئەم ستەمکاری و پێشێلکردنەی مافەکانی خەڵکی کوردستان قبوڵ ناکەین و پابەندی هیچ بڕیارێکی تریش نابین جگە لەو رێککەوتنەی پێشتر لەگەڵ حکومەتی بەڕێز سوودانی کراوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان
2023/5/26