وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان سایلۆکان بەڕووی جووتیاراندا دەکاتەوە و بەمەش جووتیارانی کوردستان دەتوانن گەنمەکانیان رادەست بکەن.

لەمبارەیەوە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی لە زاری نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەری گشتیی بازرگانیی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە: ”رۆژی پێنجشەممە 25ـی ئایاری 2023، سایلۆکان بۆ ڕادەستکردنی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران بەڕووی جوتیاراندا دەکرێنەوە.”

ئەوەش خراوەتە روو: “ئەمساڵ بۆ هەر تۆنێک گەنم بڕی 850 هەزار دینار بە جوتیاران دەدرێت، ئەمەش دوای ئەوەی گەنمەکە نموونەی لێ وەرگیرا و لە پشکنینەکان دەرچوو”.

ئاماژە بەوەش کراوە: “بۆ ئەمساڵ، 375 هەزار تۆن گەنم لە سنووری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێن”.

هەروەها روونیشکراوەتەوە بەڕێوەری گشتیی بازرگانیی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ئەوەشی ئاشکرا کرد کە 40 ملیار دینار خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، ئەمساڵ چەند ڕۆژێک دوای وەرگرتنی گەنم لە جوتیاران، چەکی پارەیان پێدەدرێت.