خەبات: هەندرێن شێرزاد:- بۆ جاری یەكەم لە مێژووی توركیا، دوای وەدەستنەهێنانی رێژەی پێویست ،بەربژێرانی پۆستی سەرۆكایەتی وڵات ناچار دەبن روو بكەنە خولی دووەمی هەڵبژاردن بۆ یەكلاكردنەوەی مەسەلەكە. ئەمەش ئاستی ئەو ململانێیە سیاسیە توندە دەردەخات كە لە نێوان ئەردۆغانی سەرۆك و ئۆغلۆی پشتگیریكراو لەلایەن هاوپەیمانی شەش حزبەكە و پارتی گەلانی دیموكراتی بوونی هەیە، هەروەها گرنگی پرۆسەكەش پیشان دەدات، چونكە 20 ساڵی رێكە ئەردۆغان لە لووتكەی دەسەڵاتە و مشتومرێكی زۆریش سەبارەت بە بەرزی ئاستی هەڵاوسان و سیاسەتی دەرەكی ئەنقەرە و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ بوومەلەرزە وێرانكەرەكەی 6 ی شوباتی رابردوو لە ئارادایە.
رێژەی بەشداربوون
هەموو لایەك لەسەر ئەوە كۆكن كە جاری یەكەمە لە توركیا رێژەی بەشداربوونی دەنگدەران لە پرۆسەی هەڵبژاردن بگاتە ئاستی 88.92% ، بەڵكو زۆر لایەن وای بۆ دەچن كە پرۆسەكە هاوشێوەی راپرسیەكی چارەنووسساز بووە و كە ئایندەی ئەو وڵاتە لە ماوەی 5 ساڵی داهاتوودا دیار دەكات. رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی وڵات كە لە خولی یەكەمی هەموو هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی رابردوودا دۆخەكەی یەكلا كردۆتەوە و رێژەی 50% ی تێپەڕاندووە ، بەڵام ئەم جارە نەیتوانی ئەم كارە بكات، ئەمەش مانای وایە كە قۆناغەكە بۆ ئەو وەك جاران ئاسان نیە، دوای ئەوەی پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن بە هەموو جیاوازیە ئایدیۆلۆژیەكانیانەوە بڕیاریان دا كۆتایی بە 20 ساڵ دەسەڵاتی ئەو بێنن و جارێكی دیكە سیستمی سەرۆكایەتی بۆ سیستمی پەرلەمانی بگۆڕنەوە.
دۆخەكە بەكوێ گەیشت؟
لە هەڵبژاردنی ئەم جارەدا، ئەردۆغانی پشتبەستوو بە هاوپەیمانی كۆمار، بە ئاستەم توانی پلەی یەكەم وەدەست بێنێ و 49.51% ی دەنگی دەنگدەران مسۆگەر بكات، دوای ئەو كلیچدار ئۆغلۆ 44.88% ی دەنگی وەدەست هێنا بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەردۆغان خۆی بگەیەنێتە خولی دووەم كە بڕیار وایە لە 28 ی ئایار ئەنجام بدرێ . سینان ئۆغانی بەربژێری هاوپەیمانی باپیرانی نەتەوەخوازی توندڕەو پلەی سێیەمی مسۆگەر كرد و 5.2% ی دەنگی وەدەست هێنا، لەمەشدا سوودی لە كشانەوەی محەرەم ئینجە وەرگرت.
لە ئێستادا ئۆغان رۆڵی دروستكاری سەرۆكی داهاتووی وڵات دەبینێ ، بۆیە هەوڵ دەدات مەرجەكانی خۆی بەسەر هەردووك بەربژێرەكەی تردا بسەپێنێ و زۆرترین دەستكەوتی سیاسی و پۆستی وەزاریان لێ بسەنێ. لە بەرامبەردا هەردووك بەربژێرەكەش درك بە گرنگی ئۆغان دەكەن.
2.6 ملیۆن دەنگی یەدەگ
تەنیا كەمتر لە نیو خاڵی سەدی ئەردۆغانی ناچار كرد روو بكاتە خولی دووەمی هەڵبژاردن، بەڵام لە خولی دووەمدا كە تەنیا ركابەری ئۆغلۆ دەكات ئەمە گرنگیەكی ئەوتۆی نابێ ، بەڵكو ژمارە گرنگەكە ئەو 2.6 ملیۆن دەنگەیە كە ئەردۆغان بەهۆیەوە لەپێش ئۆغلۆیە و دەكاتە 4.63% ، كە زیكە لەو ژمارەیەی بەربژێری سێیەم ” ئۆغان” وەدەستی هێناوە. بە شێوەیەكی گشتی ئەردۆغان تەنیا پێویستی بە یەك دەنگ هەیە بۆ ئەوەی لە ئۆغلۆ بباتەوە و بۆ ماوەی 5 ساڵی تر سەرۆكایەتی توركیا بكات.
كاریگەریەكانی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمان
ئەنجامدانی خولی دووەمی هەڵبژاردن شتێك نەبوو چاوەڕێ نەكرێ، چونكە زۆربەی شرۆڤەكاران پێیان وابوو ئاستەمە پێشوەختە بڕیار دەربارەی بەربژێری براوە بدرێ ، بەڵام ئەوەی باڵی ئۆپۆزسیۆن پێشبینی نەدەكرد بردنەوەی زۆرینەی كورسیەكانی پەرلەمان بوو ” 326 كورسی لە كۆی 600 كورسی” لەلایەن هاوپەیمانی كۆمار كە پشتگیری لە ئەردۆغان دەكات، بەو پێیەی كەسی دەنگدەر مەیلی سەقامگیریی دەكات بە تایبەتی لە سایەی ئەو تەنگژە ئابووریەی توركیای پێدا تێپەڕ دەبێ. كورسیەكانیش ئەم شێوەیەی خوارەوە بەسەر پارتەكانی ناو هاوپەیمانی كۆمار دابەش بوون:
پارتی داد و گەشەپێدان : 269 كورسی.پارتی نەتەوەیی : 52 كورسی.پارتی رەفاه : 5 كورسی.پارتی یەكێتی گەورە: هیچ كورسی وەدەست نەهێنا.
لە بەرامبەردا هاوپەیمانی گەل 214 كورسی وەدەست هێنا كە دەكاتە 35.66% و كورسیەكان بەم شێوەیە دابەش بوون: پارتی گەلی كۆماری : 168 كورسی. پارتی ” الجید” 46 كورسی. ئەمە وێڕای پارتەكانی سەعادە و ئایندە و پارتی دیموكراتی و پێشكەوتن كە بەربژێرەكانی لەناو چوارچێوەی پارتی گەلی كۆماری پێشكەش كردن.
بەتاڵبوونەوەی سیحری راپرسیەكان
دەرەنجامەكانی خولی یەكەمی هەڵبژاردنی ئەم دواییەی توركیا ئەوەیان دەرخست كە راپرسیەكان ورد نین و مەرج نیە ئەنجامەكان بەو شێوەیە بن كە باسیان لێوە دەكرێ. بۆ نموونە بەر لە بەڕێوەچوونی پرۆسەكە بەشێك لەو راپرسیانە باسیان لەوە دەكرد كە ئۆغلۆ لە خولی یەكەم و تەنانەت بە رێژەی 60% لە ئەردۆغان دەباتەوە ، بەڵام دوای راگەیاندنی ئەنجامەكان دەركەوت كە مەسەلەكە تەنیا بەشێك بووە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی باڵی ئۆپۆزسیۆن و تیایدا هەوڵ دراوە دەنگدەران دەنگ بەو بەربژێرە بدەن كە نزیكە لە سەركەوتن، بۆیە دوور نیە بەشێك لەو دەنگدەرانەی لە خولی یەكەم دەنگیان بە بەربژێرێك داوە رای خۆیان بگۆڕن.
دابەشبوونی ئۆپۆزسیۆن
ئەنجامەكان دەریانخست كە ئۆغلۆ سوودێكی ئەوتۆی لە پشتگیری پارتە بچووكە پارێزگارەكانی هاوشێوەی سەعادە و ئایندە و پارتی دیموكراتی و پێشكەوتن نەبینیوە ، بەڵكو رێژەكان بەم شێوەیە بوون:
-44.88% ی ئەو دەنگانە هی پارتەكەی خۆی بوون ” پارتی گەلی كۆماری.
-پارتی ” جید” 9.97%.
-هاوپەیمانی كار و دیموكراسی پشتگیریكاری كورد 9.49%.
-پارتەكانی سەعادە و ئایندە و دیموكراسی و پێشكەوتن و پارتی دیموكرات 0.93%.
بە گوێرەی زانیاریەكانیش ، بە گوێرەی رێككەوتنی پێشوەختە، پارتی گەلی كۆماری كۆمەڵێك كورسی پەرلەمانی بەو پارتانە بەخشیون كە پێشتر هاوپەیمانی لەگەڵ كردوون كە ئەمانەن:
-14 كورسی بۆ پارتی دیموكراسی و پێشكەوتن.
-11 كورسی بۆ پارتی ئایندە.
-10 كورسی بۆ پارتی سەعادە.
-3 كورسی بۆ پارتی دیموكرات.
ئەگەر ئەم زانیاریانە راست بن ، كەواتە پارتی گەلی كۆماری 38 كورسی پەرلەمانی لەدەست داون ، واتە رێژەی 17.75% ی كۆی كورسیەكانی خۆی، لە بەرامبەریشدا ئەو پارتانە تەنیا 1% ی دەنگیان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پێ بەخشیوە. ئەمە بەر لە هەڵبژاردن و دواتریش بووە مایەی تووڕەكردنی لایەنگرانی پارتی گەلی كۆماری، بەو پێیەی ئەو پارتە پارێزگارانە نابنە پشتگیریكار سەبارەت بەو كێشە و یاسایانەی كە تایبەتن بە خێزان بۆ نموونە، ئەمەش بێگومان دەبێتە هۆی لاوازكرنی هەژموونی لەناو پەرلەماندا، بە تایبەتیش لەكاتی لەدەستدانی كورسی سەرۆكایەتی. بەمەش لە كۆتاییدا هاوپەیمانی گەل یان زۆر لاواز دەبێ یان هەڵدەوەشێتەوە.
ئەركێكی سەخت
تاكە دەرفەتێك كە لەبەردەم ئۆغلۆدا مابێ ئەوەیە لە خولی دووەمدا پشتگیری سینان ئۆغانی بەربژێری دۆڕاو مسۆگەر بكات. لە راستیشدا دەكرێ بڵێین ئۆغلۆ لەبەرامبەر ئەركێكی زۆر قورس دایە، چونكە رازیكردنی ئەو نەتەوەخوازە توندڕەوە ئاستەمە، بە گوێرەی میدیاكانیش ئۆغان داوای لە ئۆغلۆ كردووە دەستبەرداری هاوپەیمانی بێ لەگەڵ پارتی گەلانی دیموكراتی كە پشتگیری لە كورد دەكات ئینجا لە خولی دووەمدا یارمەتی دەدات. ئەمەش دیسان كارێكی قورسە، چونكە ئەو كاتە دەبێ دەستبەرداری نزیكەی 9.5% ی دەنگی كورد بێ لەپێناوی 5.2% دەنگی نەتەوەخوازە توندڕەوەكان. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئۆغلۆ دەتوانێ ئەم كارە ئەنجام بدات و هەردوولا كۆ بكاتەوە و پەیمان و پۆستی زۆریش بە ئۆغان بدات.
بە ژمارە سەبارەت بە دەنگدانی پەرلەمانی
-كۆی ژمارەی كورسیەكانی پەرلەمانی توركیا 600 كورسیە.
-1094 بنكەی دەنگدان بەسەر 81 ویلایەت دابەش كرابوون.
-بە گوێرەی یاسای رێكخەری هەڵبژاردن، هەر پارتێك بخوازێ بچێتە نێو پەرلەمان دەبێ 7% ی دەنگی دەنگدەران وەدەست بێنێ، یان ببێتە بەشێك لە هاوپەیمانیەك كە ئەو رێژەیەی دەنگ وەدەست بێنێ.
-بە گوێرەی سیستمی رێژەیی، دەنگدەرانی تورك دەنگ بە لیستی حزبەكان دەدەن نەوەك بەربژێران.
-رێژەی دەنگ ژمارەی كورسیەكانی هەر پارتێك دیار دەكات.
پارتەكان و ژمارەی كورسیەكانیان
-پارتی داد و گەشەپێدان : 267 كورسی.
-پارتی گەلی كۆماری : 267 كورسی.
-پارتی چەپی سەوز: 61 كورسی.
-پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی: 50 كورسی.
-پارتی ” الجید” : 44 كورسی.
-پارتی رەفا: 5 كورسی.
-پارتی كرێكارانی توركیا : 4 كورسی.
ئەنجامی هاوپەیمانیە پەرلەمانیەكان:
-هاوپەیمانی كۆمار ( داد و گەشەپێدان ، بزووتنەوەی نەتەوەیی ، یەكێتی مەزن ، رەفا) : 322 كورسی.
-هاوپەیمانی گەل ( گەلی كۆماری ، پارتی الجید): 213 كورسی.
-هاوپەیمانی كار و ئازادی ( گەلانی دیموكراتی ، چەپی سەوز، كرێكارانی توركیا): 65 كورسی.
-پارتی داد و گەشەپێدان 28 كورسی لەدەست داوە.
ژمارەی دەنگدەران
1-دەنگدەرانی سەرۆكایەتی:
-رێژەی دەنگدانی ناوخۆ 88.84% بووە.
-53 ملیۆن و 993 هەزار و 355 كەس دەنگیان داوە.
-52 ملیۆن و 972 هەزار و 392 دەنگ راست بووە.
-رێژەی دەنگدەرانی دەرەوە 53.20% بووە ، واتە : 1 ملیۆن و 768 هەزار و 90 كەس دەنگیان داوە.
2-دەنگدەرانی پەرلەمان:
-لە ناوەوەی وڵات رێژەی دەنگدان 88.84% بووە.
-53 ملیۆن و 993 هەزار و 51 كەس دەنگیان داوە.
-52 ملیۆن و 626 هەزار و 979 دەنگ راست بوون.
-لە دەرەوەش رێژەی دەنگدان 53.25% بووە، واتە: 1 ملیۆن و 769 هەزار و 15كەس دەنگیان داوە.
دەنگدانی پارێزگاكان:
-ئەردۆغان لە 51 پارێزگادا لە پێشەوە بووە.
-ئۆغلۆ لە 30 پارێزگادا لە پێشەوە بووە.
-ئۆغان و ئینجە لە هیچ پارێزگایەك لەپێشەوە نەبوون.
-رێژەی دەنگدان لە ئەستەنبۆل بۆ ئۆغلۆ 48.55% بووە لە بەرامبەر 46.69% بۆ ئەردۆغان.
-لە شاری مەرەش كە رۆژی 6 ی شوبات بووە قوربانی بومەلەرزە، ئەردۆغان 71.88% ی دەنگی وەدەست هێنا.
-لە شەش پارێزگای دیكە كە كەوتنە بەر بوومەلەرزە ئەردۆغان زیاتر لە 60% ی دەنگی وەدەست هێنا.