خەبات: پەریهان عومەر:- شێوەكار پەرێز شوان خەڵكی شارەدێی خەلیفانە سەرەتا شێوەكارێكی خۆڕسك بووە و دواتر هەوڵیداوە بڕواتە ئەكادیمیای هونەرەجوانەكان تا بتوانێ زیاتر پەرە بە بەهرەكەی بدات و پێشبكەوەێ هەر لە منداڵیەوە هونەر بەشێك بووە لەوە و خولیای بوونی بە شێوەكارێكی سەركەوتوو هەر لە زووەوە بووە .شێوەكار پەرێز شوان لە چاوپێكەوتنێكی بۆ رۆژنامەی (خەبات) بەو شێوەیە وەڵامی پرسیاری ئێمەی دایەوە:

*چۆن بوو بواری هونەرت هەڵبژارد؟
هەمیشە پێموابووە هونەر بەشێك بووە لە من ،من خۆم بە كچی هونەر ئەزانم،هونەر بوو منی هەڵبژارد منیش كردم بە نە تەنها بەشێك بەڵكو كردم بە گشت ژیانم،وە من خۆمم لەم بوارەدا بینیەوە و بە تایبەت هونەری وێنەكێشان پێم وایە لە دونیایەكی ڕەش و پڕ ماتەمینی هێشتا هونەر هیوایەكە بۆ ڕەنگكردن و هیوا بەخشین.

*بەشداری هیچ چالاكییەكی تایبەت بەو بوارە ت كردووە؟
بەڵێ ئەكید بەشداریم لە زۆر لە چالاكییەكان كردووە كە تایبەتن بە بواری وێنەكێشان لە چالاكی و ڤیستیڤاڵی كۆلێژی هونەرە جوانەكان و ڕێكخراوی ڕەنجی هونەری و چەند چالاكیەكیتر بەشداریم كردووە لە شارە جیاجیاكانی كوردستان و ئامادەم بەشداری چالاكی زیاتریش بكەم لە داهاتوودا بۆ ئەوەی بتوانین هەموومان بە یەكەوە هونەر ڕازاوەتر و جوانتر بكەین و نیشانی خەڵكی بدەین.

*هیچ پێشانگایەكی هونەری وێنە كێشانت لە خەلیفان كردۆتەوە؟
ڕاستی تا ئێستا پێشانگای تایبەتم لە خەلیفان نەكردۆتەوە ،بەڵام لە سۆران كردوومەتەوە بە گشتیی و بە نیازم ئینشائەلڵا لە خەلیفانیش پێشانگا بكەمەوە تا هیچ نەبێت لەو رێگایەوە خزمەتێكی بچوك بە خەلیفان بكەین.

*پەیامی تۆ بۆ گەنجان بەگشتیی و كچان بەتایبەتی چیە؟
هونەر ناسنامەی نەتەوەییمانە بۆیە ئەبێت ئێمەی گەنج بەهرەمەندەكان زیاتر هان بدەین، تا بتوانن توانای خۆیان دەربخەن بە تایبەت كچان كە بەداخەوە ڕێگریەكی زۆر هەیە لەبەردەمیاندا.

*داواكاریت چیە و چی بكرێت باشە؟
تا ئێستا داواكاری زۆر هەبووە و هیچی نەچۆتە بواری جێبەجێكردن بەداخەوە كە تا ئێستا هونەرمەند گرنگیەكی نیە لێرە وە ئیشەكانی بایەخ پێنەدراوە كە ئەمە هۆكاری زۆرە، وە لەبارەی كەسانی خاوەن بەهرە و بێ بەهرە بەداخەوە كە ئەڵێم تا ئێستاش قوتابی لەسەر بنەمای بەهرە وەرناگیرێت لە زانكۆ و پەیمانگاكان ئەمەش ئەبێتە هۆی ئەوەی كە زۆرینەی قوتابیان تەنها بۆ وەرگرتنی بڕوانامە هاتبێتن و بەمەش دروستكردنی نەوەیەكی زیرەك لە كار ئەكەوێت لەبەر ئەوە هیوادارم چاكسازییەك لەمەدا بكرێت بۆ ئەوەی بتوانین لە لایەنێكیشەوە بێت هونەر بەرەو باشتربوون ببەین وە نەبوونی گرنگی دەرسی هونەر لە قوتابخانەكان كە ئەم دەرسە سەرچاوەی وزەیە بۆ خوێندكاران تا ئێستاس زۆربەی قوتابخانەكان مامۆستای هونەریان نیە كە ئەمەش كێشەیە لە سیستەمی پەروەردە و هونەر، بە هیوام ئەم كێشانە و كێشەكانیتریش چارەسەر بكرێن.