کەشناسی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەم سەقامگیری کەشوهەوایەی کە لەمڕۆوە دەستی پێ کردووە، لە سبەیەوە زیاتر دەبێت و باران دەبارێت و پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: هەروەکو لە ڕاگەیەنراوەکانى پێشووماندا ڕامانگەیاندبوو بەهۆی ناسەقامگیرى کەشوهەوا کە لە ڕۆژی هەینییەوە دەست پێ دەکات، بۆیە لە سبەیەوە ئەم ناسەقامگیریە زیاتر دەردەکەوێت.

ڕاشیگەیاند: پێشبینى دەکرێ بەیانى سبەى شەممە شەپۆلێکى باران و هەورەبرووسکە سەرجەم ناوچەکانى هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و لە هەندێ ناوچە بارانى بە لێزمە دەبارێت و پلەکانى گەرما بە (5-8) پلە دادەبەزن و خێرایی با (10-25) کیلۆمەتر لە کاتژمێرێک دەبێت.

کەشناسی هۆشداریشی داوە کە ئەگەر هەیە هەورەبرووسکە لە هەولێر، سلێمانى و هەندێک ناوچەى گەرمیان بەهێزتربن لە ناوچەکانى دیکە.

هاوکات کەشناسی ڕێژەی بارانی 12 کاتژمێری ڕابردووى هەندێک لە ناوچەکانى هەرێمی کوردستانی بەمشێوەیە خستووەتەڕوو:-

دهۆک 1.2 ملم

زاخۆ 10.2 ملم

ئامێدى 2.0 ملم

بامەڕنێ 2.6 ملم

حاجى ئۆمەران 1.8 ملم

کانى ماسى 3.4 ملم

مانگیش 3.2 ملم