پارتی و کۆمەڵ جەخت لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا دەکەنەوە و پێویستیشی دەزانن، لایەنە سیاسییەکان لەسەر کێشەکان بگەنە رێککەوتن.
ئەمڕۆ هەینی 19ـی ئایاری 2023، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بارودۆخی هەرێمی کوردستان، شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرۆکایەتی فازل میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتی، سەردانی کۆمەلی دادگەریی کوردستانیان کرد و لەلایەن عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵ و ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای ئەو حزبەوە پێشوازییان لێ کرا.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی کۆمەڵی دادگەریی، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لەوە کردووەتەوە، “پێویستە هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراودا ئەنجام بدرێت و هیچ پاساوێك نەبێت بۆ ئەنجامنەدانی، چونکە هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە”.
هەردوو شاندی پارتی و کۆمەڵی دادگەریی، بەپێویستیان زانیوە “هەرچی زووترە چارەسەری ئەو کێشانە بکرێن کە لایەنەکان لەسەری ناکۆكن، بۆ ئەوەی بەبێ هیچ پاساوێك هەڵبژاردنەکان لەوادەی خۆیدا ئەنجام بدرێن.”
لای خۆیەوە، عەبدولستار مەجید، ئەندامى ئەنجوومەنى سیاسی کۆمەڵى دادگەرى بە کوردستان24ـی راگەیاند، “كۆبوونەوەكەمان لەگەڵ پارتی ئاسایی و دۆستانە بووە و باسمان لە پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و كۆمەڵی دادگەری و ھەڵبژاردن بووە و لەگەڵ ئەوەداین ھیچی دیكە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوانەخرێت”.
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ کۆمەڵی دادگەری کوردستان، شاندێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسیی پارتی و ئەندامیەتی پشتیوان سادق، عەلی حوسێن و جەعفەر ئێمینکی سەردانی بارەگای یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیان کرد لە هەولێر.
ئەم سەردانەی شاندی مەکتەبی سیاسی پارتی بۆ لای لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە چوارچیوەی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی دێت بۆ ئاشتەوایی کە 11ـی ئەم مانگە سەرۆک مەسعود بارزانی لەمیانی گوتارێکیدا لە رێورەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزانی، کە داوای لە لایەنە سیاسییە کوردییەکان کرد، بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان کۆبووەوەیەکی فراوان ساز بکەن.