خەبات: هاژە بەرزنجی- سلێمانی:- لەدرێژەی کارو چالاکییە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکانیدا، ،ڕێکخراوی برەودانی لاوان بە هەماهەنگی ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت ، کاتژمێر (٤ ) ی پاشنیوەڕۆی پێنجشەممە ٢٠٢٣/٥/١٨ لە هۆڵی ڕێکخراوی مەدەنیەت ، مەراسیمێک بۆناساندن و بڵاوکردنەوەو واژۆکردنی
دیوانێکی شیعریی بەناونیشانی (من و گوڵی بەرباران) بۆ برای شاعیر (هێمن بەرزنجی) سازدەکەن و هاوکات (پشتیوان هەڵەبجەیی) خوێندنەوە و شڕۆڤەکاری بۆ کتێبەکە دەکات، شایانی باسە، کتێبەکە بە واژۆی شاعیر دەکرێتە دیاری ئامادەبووان.

هێمن بەرزنجی ، شاعیرو چیرۆکنووس ناوی تەواوی (هێمن عوسمان حەمەرەشید) ە، لە1980/8/16 لە بنەماڵەیەکی پیشەگەرو ڕۆشنبیری بەرزنجە لە گەڕەکی شەهیدانی ئازادی چاوی بەدنیا هەڵهێناوە، دەرچووی پەیمانگای تەکنیکی سلێمانییە، هەرلەمنداڵیەوە بەهۆی ئەوەی باوکی خوێنەرێکی جدی کتێب و خاوەنی کتێبخانەیەکی گەورە بووە، بۆیە هەر لەزووەوە دەست دەکات بە خوێندنەوەی شیعری شاعیران و کتێب، لەگەڵ ئەوەشدا خولیای وێنەکێشان و گۆرانی گوتنی هەبووە، هێمن بەرزنجی لەگەڵ کارو خوێندندا بەردەوام هەوڵی خۆ ڕۆشنبیرکردنی داوە، لە ساڵی 2006 یەکەمین بەرهەمی خۆی کە کۆمەڵێک چیرۆکە بۆمنداڵان بڵاو دەکاتەوە، هێمن بەرزنجی خاوەنی 13 خەڵاتە لە ناو خۆو دەرەوەی وڵات لە سەر شیعرو چیرۆک،بەشێک لەبەرهەمەکانی بریتین لە:

* ورچە هەنگوین خۆرەکە.. کۆمەڵە چیرۆکی منداڵان. 2006
* خۆشەویستی…شیعر.. 2007
* نامۆی ناو زیندان..چیرۆکی درێژ 2008
* پەنای بەربا..جەستە فرۆشێکی دڵشکاو…دوو کۆمەڵە چیرۆکی 2009
* کوری مەریەمێکی ترم….چیرۆک 2010
* هاوسەری دوەمی کوژراوەکە…کورتیلە چیرۆک 2015
* ژنی ژێر گڵۆپە سوورەکە کۆمەڵە چیرۆک 2016
* کچەی فەرش چنەکە…کۆمەڵە چیرۆک..2017
* باخی باڵندە مەستەکان…… ڕۆمان 20018
* دیوانەشیعرە تازەکەشی بەناوی (من و گوڵی بەرباران)ە