ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شنگالی کردووەتە مەرجی دابینکردنی مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی.

ڤیان دەخیل، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ئەکاونتی خۆی لە فەیسبووکدا ڕایگەیاند: ”وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق بڕیاری دابوو مووچە بۆ ئاوارەکان دابین بکات، کەچی ئێستا وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بڕیارێکی دژی ئەو بڕیارەی وەزارەتی کار دەرکردووە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شنگالی کردووەتە مەرجی دابینکردنی مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی. ئەمە سەرپیچییە دژی ئاوارەکان کراوە و ئێمە دەنگی خۆمان دەگەیەنینە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و یۆنامی و لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی عێراق، بۆ ئەوەی لەسەر ئەو سەرپێچییە بێدەنگ نەبن.”

ئاشکرایشی کرد: گوشار دەخرێتە سەر ئاوارەکان بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ شنگال، بەڵام تا ئێستا ئاوارەکان بەهۆی خراپیی ڕەوشی شنگالەوە نەگەڕاونەتەوە و ناتوانن بگەڕێنەوە، بۆیە داوا لە محەمەد شیاع سوودانی دەکەین لەسەر ئەو بڕیارەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕاوەستێت کە دژی ئاوارەکان دراوە.