خەبات: حەمە ئەحمەد جاف:- کاتژمێر(3:30)ی پاشنیوەڕۆی دووشەممە 2023/5/15بەشی دیراسات و پێگەیاندنی سەربە مەکتەبی سیاسی (پارتی دیموکراتی کوردستان)، لە هۆڵی ڕاگەیاندنی بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی پارتی، چلەی ماتەمینی هەڤاڵ و کادیرو شاعیرو ڕۆشنبیرو کەسایەتی ناوچەی پشدەر (مامۆستا ئازاد بابان) سازدەکات.
مامۆستا ئازاد بابان شاعیرو نووسەرو ڕۆشنبیرو کەسایەتی دیاری کۆمەڵایەتیی ناوچەی پشدەرو هۆزی بابان، ناوی تەواوی ( ئازاد حەمەسوور ئەمین ) لە ساڵی 1949 لەشاری قەڵادزێ لانکەی شۆڕش و بەرخودان (قەڵادزێی دووجار شەهید ) چاوی بۆ ژیان هەڵێناوە، ئەندامی کارای سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و ئەندامی دەستەی باڵای سەنتەری ڕۆشنبیریی ئاسۆس و ئەندامی بەشی دیراسات و پێگەیاندنی کادیرانی پارتی دیموکراتی کورستانە و خاوەنی چەندین بابەت و وتاری سیاسی و ڕۆشنبیرییە. هاوکات یەکەم خامەو یەکەم شاعیر بوو کە شیعرەکانی لە بەرنامەی (هەوارگەی دڵان)ی ئێزگەی کوردی ئێران دەخوێندرایەوە.
هەروەها خاوەنی دوودیوانی شیعریی بەناونیشانی ( چڵە نێرگز ) و (نێرگزو بیرەوەری) و کتێبێکی تر بەناونیشانی (نامەکانم)جگەلە لە چەندین کتێبی وەرگێڕدراو و چاپکراوی تری سیاسی و ڕۆشنبیری، مەخابن مامۆستا لەشەوی نۆ لەسەر دەی ئاداری2023 بەململانێ لەگەڵ نەخۆشییەکەیدا کۆچی دوایی کردو دواماڵئاوایی لە دنیای جوانیی شیعرو نووسین و هاوڕێیان و هەوادارانی شیعرو هەڤاڵانی ڕێبازە پیرۆزەکەی پارتیی و بارزانیی نەمر کردو جێی هێشتین.










