مبەشەر حسن حدۆ
یادگەی نیشتیمانی بارزانی نەمر ناوەندێکی گرنگە و بەرجەستەکار و شایەتحاڵی مێژووی دەوڵەمەند و خۆڕاگری و خواستەکانی گەلی کوردستانە بە هەموو چین و توێژەکانی خۆیەوە. ئەم ناوەندە کە وەک سیمبولی یەکێتی نەتەوەیی و میراتی کولتووری گەلەکەمان خزمەت دەکات، دەتوانێت ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕێت لە پەرەپێدانی گەشەسەندنی کوردستان لە چەند بوارێکدا. هەر لە پاراستنی مێژووی خەباتی نەتەوەیی و نیشتیمانی گەلی کوردستان و بەرەوپێشبردنی شوناسی کولتوورییەوە بگرە، تا دەگاتە پتەوترکردنی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی مرۆیی، لە ئەنجامیشدا بەهێزتر کردنی هوشیاری سیاسی و مێژوویی و پاباندێتی نیشتیمانی و نەتەوەیی و مکۆمتر کردنی هەستی نیشتیمانپەروەری لای نەوەکانی داهاتوو.
گەلی کوردستان بە درێژایی مێژوو کەوتووەتە بەر هەڕەشەی کۆمەلکوژی و کیمیا باران و قڕکردنی ڕەگەزی و جینوساید لە هەموو بوارەکاندا بە تایبەتیش لە بواری کلتوری و فەرهەنگییەوە، بۆیە زور گرنگە کار بکرێت لە سەر ژیاندنەوەی کلتور و کەلەپوری رەسەنی کوردی و لەو ناوەشدا، گرنگە مێژووی پڕسەروەری گەلەکەمان لە چوارچێوەی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەماندا بە رێک و پێکی بخرێتە ڕوو. مێژوو تێڕوانینێکی بەنرخ بۆ ئەو ڕووداو و بڕیار و کردارانە دروست دەکات کە دۆخی ئێستای نەتەوەیەکیان لە قاڵب داوە. نەوەی داهاتوو بە لێکۆڵینەوەی مێژوو دەتوانێ تێگەیشتنێکی قووڵتر لە میرات و کولتوور و ناسنامەی وڵاتەکەی بەدەست بهێنێت. ئەم زانستە یارمەتیدەرە لە پەروەردەکردنی هەستکردن بە سەربەخۆیی و شانازی، کە بۆ یەکێتی نەتەوەیی و بنیاتنانی دیدێکی هاوبەش بۆ داهاتوو زۆر گرنگن.
زۆر جار مێژوو بنەمای یادەوەری و ناسنامەی بەکۆمەڵی نەتەوەیەک پێکدەهێنێت. نەوەی نوێ بە لێکۆڵینەوە لە مێژوو دەتوانێت بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە شیکردنەوە و لێکدانەوە بۆ گێڕانەوەی مێژوویی بۆ قوناغە جیاوازەکان بکات و بەرەو ڕووی لایەنگری و تێڕوانینە هەڵەکان ببێتەوە. ئەمەش ڕێگە خۆش دەکات بۆ بنیاتنانی گێڕانەوەی نەتەوەیی گشتگیرتر و وردتر کە ڕەنگدانەوەی دیدگا و ئەزموونە جۆراوجۆرەکان بێت. بۆ نمونە شوڕشی مەزنی ئەیلول بە سەرۆکایەتی بارزانی نەمر، کە گەورەترین و بەرهەمدار ترین شوڕشی گەلی کوردستان بوو، شورشێکی سەرانسەری بوو و هەموو چین و توێژە جیاوازییەکانی کوردستان تێیدا بەشدار بوون و ڕولیان هەبوو و ئەمڕۆ شانازی بە ڕۆلی ئەوسای خۆیان و کەس و کاری خۆیانەوە دەکەن. ئەم یادگە نیشتیمانییە دەتوانێت ببێتە سەکۆیەک بۆ لە خۆوە گرتنی شانازییەکانی گشت لایەنەکانی بەشدار لەو شوڕشە و کاریگەری بکاتە سەر هاوسۆزی کۆمەلایەتی و پتەو کردنی تەبایی و پابەندییە نیشتیمانییەکان.
یادگەی نیشتیمانی بارزانی نەمر وەک پارێزەری مێژوو دەکرێت ببێتە تابلۆیێک، بۆ پاراستن و نمایشکردنی دەوڵەمەندی میراتی کولتووری کوردی و بە بەڵگەنامەکردن و ئەرشیڤکردنی شوێنەوارە مێژووییەکان، دەستنووسەکان، وێنەکان، و نەریتە زارەکییەکان، هەروەها دڵنیایی بدات لەوەی کە میراتی گەلی کورد بۆ نەوەکانی داهاتوو دەگوازرێتەوە. ئەم پاراستنی مێژووە، هەستی شانازی و سەربەخۆیی و شوناسی کولتووری لە نێو کورددا پەروەردە دەکات، یەکڕیزی و هەستکردن بە میراتی هاوبەشیان بەهێزتر دەکات.
بیرەوەرییە نەتەوەییەکان و مێژوو ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕن لە داڕشتنی بیری نیشتمانپەروەرانە لە نێو نەوەی نوێدا. بە جەختکردنەوە لەسەر قوربانیدان و دەستکەوتەکانی نەوەکانی ڕابردوو، هەروەها گێڕانەوەی رووداوە نەتەوەییەکان دەتوانێت هەستی دڵسۆزی و پەرۆشی بۆ نەتەوە بچێنێت، Jansen, S. C. (2002)..باس کردن و توێژینەوە لەسەر کەسایەتییە مێژووییەکان کە نموونەی نیشتمانپەروەری و خۆشەویستی بۆ وڵاتەکەیانن، دەتوانێت ئیلهامبەخش بێت بۆ نەوەی نوێ بۆ پەرەپێدانی وابەستەبوون و پابەندبوونێکی هاوشێوە بە نەتەوەکەیان (Wagner-Pacifici & Schwartz, 1991).
یه کێک له کاریگەرییە سەرەکییەکانی یادگەی نیشتمانی بارزانی پێشخستنی یەکڕیزی نەتەوەیی نێوان کوردستانیانە . ئەم ناوەندە لە ڕێگەی پێشانگا و بۆنە و بەرنامە پەروەردەییەکانەوە، دیالۆگ و لێکتێگەیشتن دەتوانێت گیانی تەبایی و هاوکاری لە نێوان کوردەکاندا دروست بکات و دابەشبوونە ناوچەیی و سیاسییەکان تێ بپەڕێنێت و وەک هێزێکی یەکگرتوو کار بکات و بیرۆکەی شوناسێکی بەکۆمەڵی کوردی بەهێز گەڵالە بکات و هاوئاهەنگی لە نێوان گەلی کورددا بەرەوپێش ببات.
یادەوەری و مێژووی نەتەوەیی دەتوانن بە دروستکردنی گێڕانەوە و ناسنامەیەکی هاوبەش، هەستی هاودەنگی لە نێوان نەوەی نوێدا پەروەردە بکەن. وەک هۆبسباوم (1992) باسی لەوە کردووە کە تێگەیشتنێکی هاوبەش لە مێژوو گرنگە و تاکەکان دەتوانن پەیوەندییان بە یەکدییەوە هەبێت، چونکە خۆیان وەک بەشێک لە ئەزموونێکی مێژوویی هاوبەش هەست پێدەکەن. بۆ نموونە یادکردنەوەی ڕووداوە مێژووییەکانی وەک خەبات بۆ سەربەخۆیی یان بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکان دەتوانێت هەستی شانازی و یەکگرتوویی بەکۆمەڵ لە نێوان نەوەی نوێدا بچێنێت Smith, A. D. (2008)..
یادگەی نیشتیمانی بارزانی نەمر وەک چرای یەکڕیزی نەتەوەیی کورد و کاتالیستێک بۆ گەشەسەندنی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و مرۆیی کوردستان رۆل دەبینێت. کاریگەریی ئەم ناوەندە لە پاراستنی کولتوورییەوە درێژدەبێتەوە بۆ یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی مرۆیی. پابەندبوونی بە بەها مرۆییەکان، پاراستنی مێژووی کورد و کوردستان، پاراستن و بەهێزتر کردنی بنەماکانی لێبووردەیی و پێکەوە ژیانی ئاشتییانە و بەرەوپێشبردنی شوناسی کولتووری، هەروەها پەرەپێدانی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و پەروەردەکردنی توانای مرۆڤایەتی، وادەکات ئەم شوێنە گرنگە ببێتە دامەزراوەیەکی ژیاری لەناو دیمەنی کوردیدا و سەکۆیێک بۆ تاکەکانی کوردستان بە هەموو چین و توێژەکانی خۆیەوە بۆ لە ئامێزگرتنی میرات و خواستە هاوبەشەکانی خۆی، ئەم ناوەندە ڕۆڵی کاریگەر و بەرچاو دەگێڕێت لە داڕشتنی ئایندەیەکی گەشاوەتر بۆ کوردستان، داهاتوویەک کە ڕەگ و ڕیشەی لە یەکڕیزی و فرەچەشنی و پێشکەوتندا هەیە.
•سەرچاوەکان:
– دروستکردنی ئایکۆنێکی نیشتمانی: “پەروەردەی نیشتمانپەروەرانە” لە ڕووسیای هاوچەرخدا. پێداچوونەوەی سلاڤی، 61(3)، 491-515. Jansen, S. C. (2002).
– یادی جەنگاوەرە دێرینەکانی ڤێتنام: یادکردنەوەی ڕابردوویەکی سەخت. گۆڤاری کۆمەڵناسی ئەمریکی، 97(2)، 376-420. Wagner-Pacifici, R., & Schwartz, B. (1991).
– گەلان و ناسیۆنالیزم لە ساڵی ١٧٨٠وە: بەرنامە، ئەفسانە، واقیع. چاپخانەی زانکۆی کامبریج.
Hobsbawm, E. J. (1992).
– بنەما کولتوورییەکانی گەلان: پلەبەندی، پەیمان و کۆمار.
Smith, A. D. (2008). Wiley..