ئەمڕٍۆ 49 ساڵ بەسەر لە سێدارەدانی لەیلا قاسم و هاوڕێكانی تێپەڕ دەبێ، كاتێك لە بەغدا گیران و لەلایەن رژێمی بەیعس لە سێدارە دران.
ئەمڕۆ هەینی 12ـی ئایار، 49 ساڵ بەسەر لە سێدارەدانی شەهید لەیلا قاسم و هاوڕێكانی تێپەڕ دەبێت، لە 28ی نیسانی 1974 لە هەڵمەتێكی هێزە سەربازییەكانی ڕژێمی بەعس لە بەغدا، لەیلا قاسم و چوار لە هەڤاڵانی بەناوەكانی (نەریمان فوئاد مەستی، جەواد هەمەوەندی، حەسەن حەمەڕەشید و ئازاد سلێمان میران) گیران.
هەر دوابەدوای دەستگیركردنیان، ڕژێمی بەعس بە مەبەستی چاوترساندنی لاوان و قوتابییان و ڕۆشنبیرانی كورد و گەلی كوردستان، بەخێرایی لە حوكمێكی نادادپەروەرانەدا بڕیاری لەسێدارەدانی دژ بە لەیلا قاسم و هەڤاڵانی دا و، سەرلەبەیانیی ڕۆژی 12ی ئایاری 1974، لەیلا قاسم و هەر چوار هەڤاڵەكەی لە سێدارە دران.
لەیلا قاسم، كچە تێكۆشەری كورد، ساڵی 1952لە گوندی بامیلی سەر بە شاری خانەقین لە خێزانێكی هەژار و نیشتمانپەروەری كورد لەدایكبووە لەیلا سێ برا و خووشكێكی هەبووە بەناوەكانی سەبیحە، سەلام، سەفا، سەڵاح.