خەبات: مسلم دۆلەمەری:- ئافرەتانی كورد هەمووكات گیرۆدەی كاری دەستی بوون كە هۆكارەكەی بۆ كلتور و جل و بەرگ و ئیكسسواراتی پەیوەست پێی دەگەڕێتەوە. ئافرەتانی كورد بە چنین و ڕستن و كاری پولەك و زەنگیانە جوانییەكی تایبەتیان بە خۆیان داوە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە كە ئێستا ئەمكارانە لە پێداویستی كەسی دەرچوون و چەند ئافرەتێكی دەسنەخشین پێداویستی بازاڕ دابیندەكەن، بۆیە بە ڕێگەی جۆراوجۆر هەوڵ بۆ بەبازاركردنی دەدەن. سارا ڕەمەزان لەو بارەوە قسەدەكات.

* سارا ڕمزان كێیە و كەی دەستی بەكاری دەستی كردووە؟
– من سارا ڕەمەزان ساڵح لەدایكبووی ساڵی 2001 م و دانیشتووی كۆمەڵگای قەدشی سەر بە پارێزگای دهۆكم و قوتابی قۆناغی دووەمی بەشی تەكنەلۆجیا و زانیاریم. سەبارەت بە دەستپێكی كارەكەم لە ساڵی 2019 وە دەستمپێكردووە و تاكو ئێستاش بەردەوامم.

* كارەكانت لەچوارچێوەیەكی دیاریكراودان یان هەمەجۆرن؟
– كارەكانم دیاریكراو نین، چونكە هەر ڕۆژە و بیرۆكەیەكی نوێ‌ یان داواكارییەكی نوێم بۆدێت، بەڵام بەگشتی كارەكانم پێكدێت لە كاری سوف، وەك دروستكردنی جلی منداڵان و پێداویستی ئافرەتان و هەندێ‌ شتی پیاوانیش وەك كلاو، تەسبیح، مەدالیا و شتی تر.

* كڕیارەكانت زیاتر ئافرەتن یان پیاو؟
– لە هەر دوو ڕەگەز كڕیارم زۆرە، بەڵام چونكە ئافرەت پێداویستی زیاترە و زیاتریش شارەزایە لە پێداویستی منداڵەكانیان بۆیە داواكاری ئافرەتان زیاترە بەتایبەت لە وەرزی بەهار و نەورۆزدا، چونكە لەم وەرزەدا ئافرەتی كورد زیاتر پەنا بۆ جلی كلتوری و نەتەوەیی دەبات.

* تا چەند خەڵك و لایەنی پەیوەندار پشتیوانی خانمی دەستڕەنگینی وەك جەنابتن؟
– پێموایە ئێستا تا ڕادەیەكی باش خەڵك گرنگی بەكاری دەستی دەدەن و دەیكرن، لایەنی پەیوەنداریش تا ڕادەیەك گرنگیان پێداوە، بەڵام پێویستە زیاتر گرنگی بە خانمە دەستڕەنگینەكان بدرێت بۆ ئەوەی ئێمەش بتوانین زیاتر پەرە بە كارەكانمان بدەین و بتوانین زیاتر كلتور و نەخش و نیگارەكانی ڕابردووی ئافرەتەدەستڕەنگینەكانمان زیندووبكەینەوە.

* بەرهەمەكانت لە چ ڕێگایەك ساغدەكەیەوە؟
– پێموایە ئۆنلاین باشترین ڕێگایە بۆساغكردنەوەی بەرهەمەكانمان، چونكە ئێستا ژیانی زۆربەی خەڵك كەوتۆتە سەرسوشیال میدیا. واتا لەو ڕێگەیەوە بە ماوە و كاتێكی كەمتر و لە جیهانێكی بەرفرەوانتر دەتوانی خۆت و بەرهەمەكانت بناسێنی كە ئەمە بۆتە دەرفەت بۆ ئێمە تا ڕێگەی دوور نزیك بكەینەوە.

* پێتوایە لە كاری دەستی، ئافرەتان سەركەوتوترن یان پیاوان و تا چەند كارەكەت بووەتە سەرچاوەی ژیانت؟
– بەڕای من ئافرەتان سەركەوتوترن لە كاری دەستی، چونكە ئافرەت بیرۆكە و حەزی زیاتری هەیە بۆ ئەم جۆرە كارانە هەر بۆیەشە كە زۆربەی دیزاینەرەكانی كاردەستییەكان ئافرەتن، سوپاس بۆ خودای گەورە كەكارەكەم سەرچاوەیەكی باشی ژیانمە، دەتوانم بلێم تەواوی خەرجییەكانی خوێندنم و بگرە زیاتریش لە ڕێگای كارەكەمەوە دەستم دەكەوێت.

* تاكوئێستا ئافرەتیتر لە كارەكەت سوودمەند بووە؟
– بەڵێ‌، هەر ئافرەتێك داوایكردبێت بە دڵێكی فراوانەوە هاوكاریم كردووە و فێری كارەكەم كردووە، ئێستاش كار بۆ ئەوە دەكەم كە بەشداری فیستیڤاڵەكانی تایبەت بە دیزاینەری وكاری دەستی بكەم بۆ ئەوەی زیاتر كارەكانم بناسینم. لەكۆتاییدا داوا لە هەموو خوشكانی بەڕێز دەكەم بەتایبەت ئەو كچانەی كەخوێندنیان تەواوكردووە و خاوەنی دەستێكی ڕەنگینن، دەست لە ئەژنۆ نەوەستن و چاوەڕێی دامەزراندن نەكەن. دەست هەڵێنن و بەدەستە ڕەنگینەكانیان بژێوی ژیانی خۆتان پەیدا بكەن.