
دڵشاد مستەفا وەسانی
بە درێژایی ماوەی شۆڕشی ئەیلوول (1975-1961)، لەگەڵ بەردەوامیی شەڕ، چەندین جاریش گفتوگۆ، لە نێوان حكوومەتی عێراق و سەركردایەتیی شۆڕشدا هەبووە. وەك دەركەوت، ئامانجی زۆربەی گفتوگۆكان لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە، بۆ كات كوشتن و ڕاكێشانی سەرنجی جیهان بووە، كە پێشانی بدات كورد لە عێراقدا كێشەیەكی نییە.
عێراق، هیچ كاتێك، لە بەهێزیدا، دەستپێشخەریی بۆ گفتوگۆ نەكردووە، بەڵكوو لە كاتی لاوازی و گیرۆدەبوونی بە قەیران، داوای گفتوگۆی كردووە. بە پێچەوانەوە، شۆڕشی كوردستان، لەكاتی سەركەوتنیشدا، گفتوگۆی لەگەڵ بەغدا ڕەتنەكردۆتەوە. هەر بۆ نموونە، دوای ئەوەی سوپای عێراق، هەڕەشەی گرتنی ناوچەی باڵەكایەتی كرد، كە سەركردایەتی شۆڕشی لێ بوو، زۆر لەخۆباییانە، لە سەرەتای ئایاری 1966دا، پەلاماری سەنگەرەكانی پێشمەرگەی لە چیای هەندرێن دا، دوای شەڕێكی قورسی چەند ڕۆژە، سوپا لە 12ی ئایار تێكشكا.
زۆری نەبرد، زمانی بەغدا، لە هەڕەشەوە بۆ گفتوگۆ گۆڕا، ئەنجامی ئەو وتووێژە، دەركردنی بەیانێك بوو لە لایەن حكوومەتەوە، لە 29ی حوزەیرانی 1966دا، كە بە بەیانی (29ی حوزەیران) ناسراوە. ئەمە لە كاتێكدا بوو، هەر لە كانوونی دووەمی ئەو ساڵەوە، باڵی مەكتەبی سیاسی، لە شۆڕش جیاببوونەوە و خۆیان دابووە پاڵ حكوومەتی عێراق. بەڵام تا دەهات باسكی شۆڕش بەهێزتر دەبوو، بۆیە حكوومەتی عێراق، شاندی ڕەوانەی لای بارزانیی نەمر دەكرد.
سەرۆك كۆماری عێراق عەبدولڕەحمان عارف، كە چوو بووە جێی عەبدولسەلامی برای، بەردەوام داوای لە بارزانیی نەمر كردووە، كە كوڕەكانی سەردانی بەغدا بكەن، دواتر بارزانی ڕازی دەبێت، كە هەردووكیان بە جیا و بەدوای یەكدا بچنە بەغدا. سەرەتا ئیدریس بارزانی بە سەرۆكایەتی شاندێك، لە 16ی كانوونی دووەمی 1967 سەردانی بەغدای كردووە و بۆتە میوانی سەرۆك كۆمار، عەبدولڕەحمانی سەرۆك كۆمار و بەرپرسای باڵا سەردانیان كردووە، دوای هەفتەیەك گەڕاوەتەوە.1
سەرۆك مەسعود بارزنی بە سەرۆكایەتی شاندێك، كە پێكهاتبوو لە نافیز جەلال، موحسین دزەیی، حەبیب محەمەد كەریم و ساڵح یوسفی، لە 19ی ئاداری 1967 سەردانی بەغدای كرد. لەم سەردانەیدا، وێڕای سەرۆك كۆمار، چاوی بە ژمارەیەكی زۆر بەرپرس و كەسایەتی كورد و عەرەب كەوت، لە سەردانی نەجەفیشدا، چاوی بە ئایەتوڵڵا سەید موحسین ئەلحەكیم كەوت و نامەیەكی بازانیی نەمر و قورئانێكی بەدیاری بۆ بردووە، ئەویش لای خۆیەوە سەرەڕای دڵخۆشیی بەم سەردانە، نامەیەك و قورئانێكی بۆ بارزانیی نەمر داوەتە دەستی سەرۆك مەسعود بارزانی، شاندەكە ڕۆژی 4ی نیسانی 1967 گەڕاوەتەوە كوردستان.2
یەكێك لە دەسكەوتەكانی ئەم شاندە، وەرگرتنی ئیمتیازی دەركردنی ڕۆژنامەی (التآخي)بوو3 ، كە یەكەم ژمارەی لە 29ی نیسانی 1967 لە بەغدا دەرچوو، ڕۆژی 6ی ئایاری 1967 لەگەڵ ژمارە هەشت، پاشكۆیەك بە زمانی كوردی بەناوی (برایی) دەرچوو.4
ڕۆژنامەی (الأخبار) ماوەی مانەوەی شاندەكەی لە بەغدا قۆستۆتەوە، دیدارێكی لەگەڵ سەرۆك مەسعود بارزانی كردووە و ڕۆژی 30ی ئاداری ئەو ساڵە بڵاوی كردۆتەوە.5
ئامانج لە وەرگێڕانی دیدارەكە
ئەگەر هەر ئەم ژمارەیەی ڕۆژنامەی (الأخبار) بە نموونە وەربگرین، بۆمان دەردەكەوێت، كە زیاتر لە نیو سەدەیە، بە بەغدا دەگوترێ كورد شەریك بن. روونتر ئەوەیە، سەرۆك مەسعود بارزانی، كە ساڵی 1967 بە سەرۆكایەتی شاندێك، بۆ گفتوگۆ و لە سەر داوای سەرۆك كۆماری ئەوكات عەبدولڕەحمان عارف چۆتە بەغدا، لەو ساڵەڕا تا بە ئیستا دەگات، ئەگەر هەمووجار خۆیشی لە شاندەكان نەبووبێت، ئاگاداری ورد و درشتی چوونی شاند و ناوەرۆكی كۆبوونەوەكان بووە.
لە 1967ەوە تا ئەمڕۆ، چەندین حكوومەت و سەرۆك هاتوون، كەچی داوای كورد شەریكی ڕاستەقینە بووە لە عێراقدا، تا ئێستا لە بەغدا پشت لە شەراكەت كراوە. كورد بەدرێژایی ئەو ماوەیە، زۆر جار ڕێگەی بەغدای بۆ گفتوگۆ گرتۆتەبەر، لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا لە گفتوگۆ ماندوو نابێت، چونكە ئەزموونی پەڕاوێزخستنی گفتوگۆ و ئاشتەوایی، تەنیا ماڵوێرانیی بۆ گەلانی عێراق هێناوە. بۆیە وەرگێڕانی دیدارەكەم بە پێویست زانی، هیوادارم سوودێك بە خوێنەران و توێژەران بگەیەنێت.
ئەم پێشەكییەم بۆ ئەوە نووسی، تا بتواندرێت لەگەڵ دیدارەكە، هەندێ زانیاری لەبارەی چۆنیەتی چوونی شاندی شۆڕشی كوردستان بۆ بەغدا بخرێتەڕوو، كە دەبێتە دەروازەیەك بۆ خوێندنەوەی دیدارەكە. ئەوەش دەردەكەوێت، كە بەردەوام گفتوگۆ لای بەغدا تاكتیك بووە، هەر بۆیە لە هەموو سەردەمە جیاجیاكان، كە گفتوگۆ دەستی پێ كردووە، وەك ئەوە وابووە یەكەم جار بێ گفتوگۆ دەستی پێكردبێ. چونكە كولتوورێك لە بەغدا هەیە، ئەگەر گفتوگۆ ڕێككەوتنیشی لێ كەوتبێتەوە، ڕێزیان لە ئیمزای خۆیان نەگرتووە و لێی پەشیمان بوونەتەوە.
پەڕاوێز و سەرچاوەكان:
1-مسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد، بەرگی سێیەم، بەشی یەكەم شۆڕشی ئەیلوول1961-1975، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، هەولێر، 2004، ل234.
2- هەمان سەرچاوە، ل 235 و 236.
3- هەمان سەرچاوە، ل 234.
4- صبرية جرجيس عبدالرحمن ئێمينكي، جريدة التآخي دراسة تأريخية في موقعها من التطورات السياسية 1967-1974، مديرية الطباعة و النشر في دهوك، مطبعة محافظة دهوك، 2013، ص 39 و 40.
5- ڕۆژنامەی (الأخبار)، ژمارە 271 ، ساڵی دووەم، پێنج شەممە 30 ی ئاداری 1967.
دەقی دیدارەكەی ڕۆژنامەی (الأخبار)
ئێستا بەڕێز مەسعود بارزانی كوڕی مستەفا بارزانی – دوای سەردانی ئیدریسی برای- لە بەغدایە، كە مستەفا بارزانی بۆ پشتیوانیی یەكێتیی نیشتمانی و پتەوكردنی برایەتیی نێوان دوو نەتەوەی گەورەی عەرەب و كورد ناردوویەتی، ئەمەش لە ڕوانگەی نیەت پاكیی كارەوەیە لە پێناوی بەرقەراركردنی ئاسایش و ئاشتی لە عێراقی خۆشەویستماندا. (الاخبار) هاتنی بەڕێز مەسعود بارزانی و شاندی كوردیی قۆستەوە.
نێردراوی (الاخبار) نووسیویەتی و دەڵێ:
دوێنێ بەڕێز مەسعود بارزانی، لە گفتوگۆیەكی تایبەتدا، لەبارەی هۆی سەردانەكەی بۆ بەغدا و بارودۆخی ئێستا و ئەو پەیوەندییە برایانەیەی هەردوو گەلی مەزنی عەرەب و كورد بەیەكەوە دەبەستێتەوە، هەروەها بەشداریكردنی وەزیرەكانی كورد بۆ ئەوەی لەگەڵ برایانیان لە عەرەب بەرپرسیاریەتیی بەڕێوەبردن و حوكمڕانی وڵات هەڵبگرن. هەروەها لەبارەی مەودای جێبەجێكردنی بەیانی 29ی حوزەیران، كە بەهۆی دەرچوونییەوە شەڕ وەستا و چەند بابەتێكی دیكەی گرنگ، بە ڕاشكاوی و بوێرییەوە، قسەی بۆ نێردراوی الاخبار كرد.
سڵاوی كورد بۆ برایانی عەرەب
مەسعود بارزانی گوتی: هۆی هاتنمان بۆ بەغدا، ئەوەبوو كە بەناوی باوكم مستەفا بارزانی و گەلی كوردەوە، پیرۆزبایی جەژن و بەبۆنەی گەڕانەوەی بە سەلامەتیی لە سەردانی ئێران، پێشكەشی بەڕیز سەرۆك كۆمار و تەواوی ڕۆڵەكانی گەل بكەم. سەرۆك وەزیرانمان بینی، لە میانەی دیدارەكەماندا ڕایگەیاند، كە لە نزیكترین دەرفەتدا، سەردانی ناوچەی باكوور دەكات و بارودۆخی باكوور بەسەردەكاتەوە. هەروەها لە دیداری جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری ناوخۆ و وەزیری بەرگری و وەزیری دەوڵەت بۆ ئاوەدانكردنەوەی باكوور، هەستمان بە نیەتی باش كرد، كە مایەی هەستكردنە بە خۆشحاڵی. ئێمە هەموومان بۆ بەرژەوەندیی ئەم گەلە كار دەكەین، كە شەڕی براكوژیی ڕەت كردۆتەوە و ڕەتی دەكاتەوە.
پێویستە كورد لە حوكمڕانیدا بەشداربن
*لەبارەی ئەو لێدوانانەی دكتۆر عەدنان پاچەچی وەزیری دەرەوە، لەم دواییە لەبارەی لێكۆڵینەوە، لە بەشداریپێكردنی چەند كەسێكی كورد لە حوكمڕانیدا، بۆ ڕۆژنامەی ئیتیڵاعاتی ئێرانی دابووی، گوتی: ئێمە ئەم بابەتەمان لەگەڵ بەرپرسان باس نەكردووە، بە هیچ شێوەیەكیش ئاگادار نەكراوینەتەوە، لە كاتێكدا كەسانی ناسراو و لێهاتوومان هەن، كە دەتوانن بە ئەمانەت و دڵسۆزییەوە بەرگەی قورسایی بەرپرسیاریەتی بگرن.
بەشداریپێكردنی كەسانی كورد لە حوكمڕانیدا پێویستە، دەبێتە هۆی ئەوەی پێكەوە بەرپرسیاریەتی بگرنە ئەستۆ و هاریكار بن، بۆ خزمەتی گەلی عێراقمان و بەرزكردنەوەی ئاستی ئەو گەلە و پشتیوانیكردنی یەكێتی نیشتمانی، كە هەموو عێراقییەكی بە پەرۆش و جگەرسۆز بۆ بەرژەوەندیی عێراقی خۆشەویستمان دەیخوازێت.
بەیانی 29ی حوزەیران بە قۆناغ جێبەجێ دەكرێت
*هەرچی لەبارەی بەیاننامەی مێژووییە –بەیانی 29ی حوزەیران-، كە هیوای لە ناخی ڕۆڵەكانی گەلەكەماندا ژیاندەوە، بەوەی شەڕ كۆتایی هات و ئاشتی لە تەواوی كوردستانی عێراقدا جێگەی گرتەوە، ڕایگەیاند: بەشێكی ئەو بەیانە جێبەجێ كراوە، بەشەكەی دیكەیشی پێ بەپێ و بە قۆناغ جێبەجێ دەكرێت. ئەمە و لە هەردوولا پێداگری بۆ جێبەجێكردنی تەواوی بەیاننامەكە هەیە، ئەمەش ئەو هیوایەیە كە هەمووان دەیخوازن.
نابێ شەڕ ببێ چونكە ئێمە براین
*بەڕێز مەسعود بارزانی هەموو ئەو پرۆپاگەندانەی، كە ئیمپریالیزم و نۆكەرەكانی و ئەوانەی سووودیان لە شەڕی براكوژی وەردەگرت و بازاڕیان بۆ گەرم كردبوو رەتكردەوە. لەلایەن هەندێ لە سوودمەندبووانی شەڕ و ئەوانەی دژی بەرژەوەندیی ئەم گەلە كار دەكەن، شەڕ بەسەر هەموواندا سەپێندرا، ئەوانە نایانەوێ ئاشتی و خۆشگوزەرانی و سەقامگیری وڵاتمان بگرێتەوە.
هەورەها گوتی: ناكرێ شەڕ لە نێوان برایاندا ڕووبدات، چونكە گەل زیان و خراپەكارییەكانی ئەو شەڕە و سەبەبكارەكەی زانی. تەواوی ڕۆڵەكانی گەل وای دەبینن كە پێویستە ئاشتی باڵ بەسەر برایەتیدا بكێشێت وبە خۆشی بژن.
گەڕانەوەی ئیدارە بۆ هەندێ ناوچە
*هەروەها گوتی: گرنگترین ڕووداوەكانی دوای بەیانی 29ی حوزەیران روویان دا، ئیدارە بۆ هەندێ ناوچە گەڕانەوە، هەروەها سەردانی بەڕێز جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری ناوخۆ بۆ باكووری نیشتمان و چاوكەوتنی بە باوكم، لەسەر ئاستی ڕەسمی دوو ڕووداوی گرنگ بوون.
سووربوونی گەلەكەمان بەهێزە و بڕوای بە دوژمنكاری نییە
*مەسعود بارزانی گوتی: ئەوانەی شەڕیان دەویست، ئامانجیان هەڵخەڵەتاندنی كەسانی سادە و ساكاری ڕۆڵەكانی ئەم گەلە و سوود وەرگرتن لەو شەڕە بوو، كە هیچ هۆیەكی هەڵگیرسانی نەبوو، جگە لە هەندێ دەروون نەخۆش نەبێت، كە ویستیان شەڕەكە بكەوێتە نێوان برا و براكەی دیكەی، گەلەكەمان دەزانێ چۆن ئەو كەسانە وەلابنێت. هیچ شتێك لەبەردەم سووربوون و بڕیاری گەل ناوەستێ، چونكە ئیرادەی گەلەكەمان بەهێزە و ئاشتی ئامانجیەتی، لەبەر ئەوەی گەلێكی ئاشتیخوازە، دەستدرێژی ناخوازێ و بڕوای بە دوژمنكاری نییە.
ئەزموونەكان سەلماندیان هیچ بەرژەوەندییەك لە شەڕدا نییە
* بەدوایدا دەڵێ: ئەزموونەكان بە گیانی برایەتی سەلماندیان، توندوتیژی جگە لە وێرانە و خراپەكاری، هیچ بەدوای خۆیدا ناهێنێ. لە ڕێگەی هاوكاری و لێكتێگەیشتنیشەوە نەبێت، ناتوانین وڵاتمان بنیات بنێین و خزمەتی بكەین، بەرژەوەندیی گەل لەسەرەوەی هەموو بەرژەوەندییەكی تایبەت دایە.
سەردانەكانی شاند و ئاهەنگەكانی ڕێزلێنان
بەڕێز مەسعود بارزانی و شاندی كوردی، لە سەردانەكانیاندا بۆ ژمارەیەك لە شارەكانی عێراق بەردەوامن، مەسعود بارزانی سەردانی شارەكانی كەربەلا و نەجەف و كوفەی كرد، لەگەڵ بەڕێز موحسین ئەلحەكیم لە ماڵەكەی خۆیدا لە كوفە كۆبۆوە، هەردوولا ئاماژەیان بە هەوڵەكانی بەرێز سەرۆك كۆمار دا، لە بەرقەراركردنی ئاشتی لە كوردستاندا.
شایانی گوتنە، شاندەكە بە گەرمی لە لایەن هەمووانەوە پێشوازییەكی گەرمی لێ كرا و بۆ ڕیزگرتن ژمارەیەك داوەتنامەیان ئاراستە كرد. بەڕێز مەسعود بارزانی و شاندی كوردی، لەو سەردانەدا، دەرفەتیان بۆ ڕەخسا، كە ژمارەیەك داوەتنامە، ئاراستەی ژمارەیەك كەسایەتیی سیاسی و ئایینی و ئەوانی دی بكەن، بۆ سەردانی باكووری نیشتمان.
هەینی دەگەڕێنەوە
بڕیاروایە هەینیی دادێ، بەڕێز مەسعود بارزانی و شاندی كوردی، بەغدا بەجێ بهێڵن و بۆ باكووری نیشتمان بگەڕێنەوە.

