خەبات: رۆشنا عەلی:- پەروەردە ئەو پرسە گشتییەی كە سنوری فراوانەو فرە تەوەرەو فرە ئامانج و خواستە كاركردنیشی هەستیارەو هەرهەنگاوێك زۆرترین پلان و بۆچوون و شرۆڤەی پێویستە، پێچەوانە لەگەڵ هەر پرس و بوارێكی تر، بۆیە بەردەوام كێشەكانی بابەتی رۆژن ،بۆ باسكردن لەبەشێك لەو كێشە پەروەردەییانەی هەن و جێگای نیگەرانی بەشێك لە پەروەدەكارانن و چارەسەری پێویستیان بۆنەكراوە، لاپەڕەی پەروەردە دیمانەیەكی تایبەتی لەگەڵ لوقمان سەعید صدیق بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر بە وەكالەت رێكخست:
*سەرەتا پرسیم ئەوان وەك بەڕێوەبەری گشتی كە ماوەیەكە دەست بەكاربوون و سەرقاڵی هەڵمەتێكی نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكانن ئایا ئەم هەڵمەتە لەسەر چ بودجەیەكە؟ بەڕێوەبەری گشتی گووتی: سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران لە رێگای وەزارەتی پەروەردەوە بودجەیەكی تەرخانكرد بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی پەروەردەو نزیكەی چوار ملیار بۆ پەروەردەی گشتی هەولێر تەرخانكرا، ئێمە لە رۆژی دەست بەكاربوونمان لەگەڵ برادەرانی ئەندازیاران كۆبوونەوەیەكمان ئەنجامدا كە هەڵمەتێك دەست پێبكەین بەو پێیەی سەرۆكی حكومەت بە پەرۆشەوە ئەڕوانێتە بواری پەروەردە.
هەڵمەتەكەمان ڕاگەیاند بەناوی (پەرۆشی سەرۆكی حكومەت بۆ پرۆسەی پەروەردە) لەو هەڵمەتەدا توانیمان 177 پۆل و 84 هۆڵی ئەزموونی گەورە دروست بكەین. بە ماوەیەكی كورت كە شەو رۆژ كارمان تێدا كرد بە چاودێری بەڕێز وەزیری پەروەردە دكتۆر ئالان حەمە سەعید لە نزیكەوە ئاگاداری كارەكان بوو هەر خۆشی سەرپەرشتی دەكرد، ئێستاش كاركردن لەو پرۆژەیە بەرەو كۆتاییە و دەستخۆشی لە بەرێوەبەرایەتی بیناسازی بەڕێوەبەرایەتی گشتی و یەكە یەكەی ئەندازیاران دەكەم كەزووتر لە ماوەی خۆی كارەكانیان ئەنجامدا ،بە ئافرەت و پیاوەوە بەشەو رۆژ لەسەر كار بوون بە ماوەی چوار مانگ و نیو توانیمان ئەو هەڵمەتە فراوانە تەواو بكەین.
*دەربارەی ئەوەشی كە قوتابخانەیەكی زۆر هەن كە گلەییان لە كەمی هۆبەو زۆری ژمارەی قوتابیان هەیەئایا ئەوان لەم هەڵمەتەدا قوتابخانەكانیان لەسەر چ بنەمایەك دەست نیشان كردووە؟ لوقمان سەعید گوتی: لەناو قوتابخانەكانی ئێمە پێویست و پێویستتریش هەیە هەندێك قوتابخانە ماوەیەكی زۆر بوو هیچ نۆژەنكردنەوەیەكی بۆ ئەنجام نەدرا بوو بیناكان زۆر خراپ ببوون بەجۆرێك بۆ خوێندن گونجاو نەبوون ، هەرچەندە لە كابینەی نۆ زۆر گرنگی بە بینای قوتابخانە درا جا چ بە نۆژەن كردنەوە بێت یان بە دروستكردنی قوتابخانە بێت یان بە دابینكردنی پێداویستییەكانیان بێـت هەمیشە سەرۆكی حكومەت جەختی لەوە كردۆتەوە كە پرۆسەی پەروەردە گرنگییەكی تایبەتی هەیە و تایبەتمەندیش درابووە پرۆسەی پەروەردە كاتێك بەڕێز وەزیری پەروەردە ئاگاداری كردین كە ئامادەكاری بۆ ئەم پرۆسەیە بكەین ئێمەش ئەو قوتابخانانەمان دەست نیشانكرد كە زۆر پێویستن.
*دەربارەی ئەوەشی كە بۆچی زۆر قوتابخانە هەیە پێویستی بە پۆلە، بەڵام بەڕێوەبەرەكان نایانەوێ بكرێت لەبەر ئەوەی بەشەوانەی مامۆستا زیاد ئەكات ئەمە تاچەند ڕاستە ئایا ئێوە بۆچوونیان وەردەگرن؟ لەم بارەیەوە مامۆستا لوقمان گوتی: ئێمە خۆمان پلانەكەمان دانابوو ئەوە پەیوەندی بە بەڕێوەبەری قوتابخانەوە نییە،تەنها تەماشای زۆری و كەمی ژمارەی قوتابیان دەكەین بەبەراورد بە پۆلەكانی قوتابخانە، هەر بۆنموونە لەچەند قوتابخانەیەكی ناو شاری هەولێر ژمارەی قوتابی گەشتبووە 60 قوتابی لە هۆبەیەكدا ئێمە ئەبوو بەهەر شێوەیەك بێت ئەو قوتابیانە دابەش بكەین ئەوەبوو ئەو بڕیارە دەرچوو هۆبەی پێویستمان بۆ دروستكردن ژمارەی قوتابیەكانمان كردە 35 قوتابی لەپۆلێكدا.
*دەربارەی ئەوەی كە ئایا لەسنوری بەڕێوەبەرایەتییەكەتان هیچ قوتابخانەیەكی سێ دەوامی هەیە؟ لەمبارەیەوە مامۆستا لوقمان گووتی: بەشازییەوە دەڵێم وەك بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی گشتی هەولێر هیچ قوتابخانەیەكی سێ دەوامیمان نەماوەبەبەرنامە كارمان لەسەر كرد بەسەرپەرشتی جەنابی وەزیری پەروەردە كە زۆر جەختی لەوە دەكردەوە لەسنوری هەموو بەڕێوەبەرایەتییەگشتییەكان قوتابخانەی سێ دەوامی نەمێنێت ئێستا دوای ئەو هەڵمەتە لە سنوری ئێمە هیچ قوتابخانەیەكی سێ دەوامی نەماوە.
*دەربارەی ئەوەشی كە ئێستا لە قوتابخانەكان كێشەیەكی زۆری بەردەست و پاسەوان هەیە بەجۆرێك زۆرێك لە قوتابخانەكان خۆیان بەردەستیان بۆخۆیان دابینكردووەبە هەماهەنگی مامۆستاو ئیدارە ئایا بیر لەوە نەكراوەتەوە بە گرێبەست بێت یان بڕاوەیەك هاوشێوەی وانەبێژان هەندێك بەردەست دابینبكرێت ؟لەم بارەیەوە ئەو بەڕێوەبەرە گووتی: وەك دەزانن دامەزراندن تا ئێستا بۆ هیچ پلەیەك نییە،بەڵام ئێمە لەبەرنامەمان دا هەیەو داواشمان كردووەو لە سەروی خۆمان كە ئەو كێشەیە هەیەو ساڵانە خەڵك خانەنشین دەبێت و بەدیلیان نییە، چەند چارەسەرێك باسكراون هیوادارم بتوانین چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزینەوەو كاری بۆ بكەین.
*دەربارەی ئەوەی كاتێك سێ دەوامی نەماوە، بەڵام ژمارەی قوتابی لە قوتابخانەكاندا هەرزۆرن ئایا بۆ ئایندە پلانی دروستكردنی قوتابخانەی نوێ لەبەرنامەدا هەیە ؟لەم بارەیەوە بەڕێوەبەری گشتی گووتی: لەسنوری پەروەردەی ئێمە لەساڵی رابردوو ئەمساڵیش قوتابخانەی زۆر دروستكراون هەندێك لەلایەن خێرخواز،بەشێكی دیكەیان حكومەت خۆی و لەسەربودجەی پەرەپێدانی پارێزگا بووە، ئاشكرایە قوتابی بەردەوام زۆر دەبێت و پێویستی قوتابخانەش زیاد دەكات، لەبەر ئەوە وەزارەتی پەروەردە وەك سترا تیژیەتی بەرنامەی كاری خۆی بەردەوامە و هەر ئەمساڵ بە خۆشحاڵییەوە چەندین قوتابخانەمان كردەوە لە زۆربەی پەروەردەكانی سنوری بەرێوەبەرایەتیمان و بەردی بناغەی چەندین قوتابخانەی ترمان داناوە.
*دەربارەی ئەوەی بۆچی كار بۆ رێخستنەوەی میلاكات ناكرێت و ئەو كارە جێبەجێنابێت قوتابخانە هەیە 150 قوتابی هەیە سی مامۆستای هەیە بە پێچەوانەشەوە هۆكاری ئەمە چییە؟مامۆستا لوقمان لەمبارەیەوە گووتی: لە ئێستاوەداوامان لە پەروەدەكان كردووەبەپێی بەرنامەیەكی تۆكمەو لە هاوینی ئەمساڵدا ئامادەكاری بكەن و دەست بە چاكردن و پێداچوونەوەی میلاكی قوتابخانەكان بكەن خۆشم سەرپەرشتی دەكەم و چەند لیژنەیەكی تایبەتم دروستكردووە لە بەرێوەبەرایەتی گشتی بۆ پێداچوونەوە بە میلاكی قوتابخانەكان كە نابێت میلاكات زیاد و كەمی تێدا بێت ،كاری بەردەوامی لەسەر دەكەین.
*دەربارەی ئەوەی بۆچی كێشەی میلاك بەردەوامی هەیە ئایا دوای ئەم بەرنامەیەی ئێوەیەكسانی بۆ قوتابخانەكان دەگەڕێتەوە لە ڕووی میلاكەوە ؟لەم بارەیەوە ئەو بەڕێوەبەرە گوتی : هەروەك ڕامگەیاند كاری میلاكات كارێكی هەستیارە و كاركردن لەسەری دەبێت بە زانستی بێت، ئێستا لەو لیژنانەی دامانناون داوامان لە پەروەردەی قەزاكانیش كردووە ئەوانیش لیژنە دروست بكەن، بە مەبەستی رێكخستنەوەی میلاكات بە هاوكاری و سەرپەرشتیاری هاورێی ڕەخنەگری قوتابخانەكان زانیاریەكان لەوانیش وەردەگرین بە هەماهەنگی كاری لەسەر دەكەین هەوڵ دەدەین بەشێوەیەكی باش ئەوەی گونجاو بێت بیكەین، ئەوەی كێشەیە لەم بابەتە سنوری جوغرافی مامۆستاكانە مامۆستا هەیە ماڵی لەوسنورەیە بیبەیتە سنورێكی تر كێشەی بۆ دروست دەبێت بەشێك لە هەستیارییەكە ئەوەیە.
*دەربارەی ئەوەشی هۆكار چییە هەڵسەنگاندن بۆ ئەو قوتابخانانە دەكرێتەوە كە ئاستی چواریان بەدەستهێناوە لەلایەن لیژنەیتابیەتەوە ئایا متمانەیان بەو هەڵسەنگاندنە نییە یان پێیان وایە ناعەدالەتی كراوە؟مامۆستا لوقمان گوتی : نەخێر بابەتەكە ئەوەنییە هەڵسەنگاندن بە خراپی ئەنجام دراوە یان متمانەیان نییە ئەو لیژنانەش لە سەرپەرشتیاری پسپۆر دانراون بەڵام تەنها بۆ زیاتر بەهێزكردنی كاری هەڵسەنگاندنكەیەو بە دواداچوونە ئەوەش كارێكی خراپ نییە.
*پرسیمان ئێوە وەك خۆتان كە بەردەوام سەردانی قوتابخانەكان دەكەن تێبینی ئەوەتان كردووە لە قوتابخانەیەك بە روكەش و بە ناوەرۆك قابیلی ئاستی چوارە لە كاتێكدا ئێمە دەزانین ئاستی چوار واتە داهێنانی قوتابخانە ؟ئەو بەڕێوەبەرە لەمبارەیەوە گووتی: بەڵێ قوتابخانەی زۆر باشمان هەیە كە سەردانم كردوون هەڵس و كەوتی ستافی كارگێڕییەكەی و مامۆستاكانیش زۆر پەروەردەییانە بووە لە ڕووی بیناش گرنگییەكی تەواویان پێداوە ئەوەش نیشانەی خەمخۆری و سەلیقەی بەرێوەبەر و ستافەكەیە كە پاراستنی قوتابخانەكەیان لە ئەستۆ گرتووەو قوتابیانیشیان لەسەر ئەو ئاڕاستەیە ڕاهێناوە كە شایستەی ئاستی چوار بن.
بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر بۆ خەبات دەدوێ